هێشتا پێشێلی دروشمی (ئاین بۆ تاك) یش دەكەن؟؟؟

  شەممە, 10 کانونی یەکەم 2016 07:22

 

           لای هەمووكەس ڕونە كە هەموو ئاهەنگ و یاد و ڕۆژ و بۆنەكان بەجۆرێك لەجۆرەكان لای هەر تاكێكی كۆمەڵگە و هەر چین و توێژێك گرنگی و تایبەت مەندی خۆی هەیە ، ناكرێت و ناگونجێت بەهەر هۆكارێكی نەخوازراو و لەدەرەوەی ئیرادەی كەسەكان دەست لە خولیا و ئامانج و حەزەكانی ناخی خۆیان هەڵبگرن بێ پاساوێكی لۆژیكی ، ئەوانەش كەداوایەكی وا لە بەرامبەرەكانیان دەكەن بەخۆیان بزانن یان نا ئەوا داواكەیان زۆر نەشیاو و نەخوازراوە ، چونكە ئەو كەس و تاكەی لەهەر كۆمەڵگایەكدا بێت جوانی و خۆشیەكانی ژیان لەو خواستەی خۆیدا دەبینێتەوە.
كەچی رۆژانە لێرە و لەوێ لە بۆنە و یادە ئاینیەكاندا ڕەخنەیەكی نەشیاو ئاراستەی بەشێك لە هاوڵاتیان دەكرێت بەتایبەت لە وەرزی ( حەج یان عەمرە)دا ، كەبۆچی ئەو كەسانە لەم ئان و ساتی قەیران و نەبونی و كەمی موچە و بەرز بونەوەی ڕێژەی هەژاریەدا لە جیاتی ئەنجامدانی گەشتی حەج و عەمرە ئەو بڕە پارەیە لەناوخۆدا نا بەخشنەوە بەسەر هەتیوان و هەژارانی دەر و دراوسێ و خزم و دۆستە كانی خۆیاندا، لەوانەیە ئەم داواكاریە لە چەند كەسێك داوایەكی تا ڕاددەیەك ڕەوابێت ، لە كاتێكدا ئەگەر داواكردنەكە نیەتێكی ناپاك و ئامانجداری لە پشتەوە نەبێت!!!
ئەمە لە كاتێكدا دروشمی هەرەگەورەی ئەو جۆرە كەسانە (ئاین بۆ تاك ) ە !!! دەی ئێوە هێشتا لەگەڵ دروشمەكەی خۆشتاندا نا ڕاستگۆن ، چونكە ئەو كارە لە سنوری ئازادی تاكدایە دەی ئێوە دەست تێوەردان لەوەشدا دەكەن !!! ئیتر ئەو ئاین بۆ تاكە لە كوێدایە؟؟؟

با لەخۆمان بپرسین ئەوانە كێن كە ئەم جۆرە ڕەخنە لەو جۆرە گەشتە ئاینیانە دەگرن ، ئەوانە ئەو كەسانەن كە لەهەر سات و سەردەمێكی نەخوازراویشدا ئامادە نین دەست لە خواست و ئامانجی خۆیان هەڵبگرن ، بەبێ گوێدانە گەورە و بچوكی و زۆر و كەمی تێچون و شیا و نەشیاوی خواستەكانیان لە ژێر ناوی ئاهەنگ و فیستیڤاڵ دیبەیت و پانێل و كۆنفراس و كۆنگرە و پێشبركێ ......هتد ئەنجام دەدەن.
بابزانین لەم ساڵی قەیرانەدا كە هەرێمی كوردستانی پێدا تێدەپەڕێت حكومەتی هەرێم و ڕێكخراوەكان و تیڤیەكان و هەندێ لەدەوڵەمەندەكان چەند بەناو فیستیڤاڵ و ئاهەنگ و پێشبڕكێ و كۆنفراسیان ئەنجامداوە؟؟؟
*- فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلم لە دهۆك.
*- فێستیڤاڵی جوانی لە سلێمانی .
*- فێستیڤاڵی كولتورە جیاوازەكان لە ڕانیە.
*- كۆنفراسی دابڕان لە سلێمانی .
*- پانێڵی سلێمانی ، لە زانكۆی ئەمریكی لە سلێمانی.
*- بەرنامەی تۆ جیاوازیت لە تیڤییەك كەتەنها براوەی یەكەم كە ڕاپەرێك بوو 20 ملیۆن دیناری پێدرا، ئەمە بێجەگە لە تێچوی بەرنامەكە.
*- فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلم لە سلێمانی.
*- هەڵبژاردنی شاجوانی كوردستان بۆ 2016 لە هەولێر ، وەك دەڵێن نزیكەی 350 هەزار دۆلاری تێچوبو.
*- كۆنفراسی ڕۆڵی كەرتی تایبەت لە پەرەپێدانی ئابوری هەرێمی كوردستان لە هەولێر.
*- كۆنفراسەكانی ژوری بازرگانی.
*- دیداری گەنجان لە سلێمانی.
*- بیستەمین فێستیڤاڵی گەلاوێژ لە سلێمانی.
*- شەشەمین فێستیڤاڵی جوانی لە هەولێر.
ئاخۆ ئەم پێشبركێ و بۆنە و فیستیڤاڵانەی كە باسمكرد چەندی تێچوبێت؟؟؟ تێچونەكانی كێ دابینیكردون؟؟؟ بۆ هیچ كەس نەیوت لەم ئان و ساتی قەیران و جەنگەدا كاتی ئەو جۆرە خەرجی و بۆنە و ئاهەنگانە نییە!!!؟؟؟
دەی ئەگەر بە لۆژیكی ئەوان بیر بكەینەوە لەم قەیرانەی كە هەرێمی كوردستانی پێدا تێدەپەڕێت هەموو ئەو بۆنە و فیستیڤاڵ و پێشبڕكێیانە چ خزمەتێك بە هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان دەكات ؟؟؟ ئەو بۆنانە سكی كام برسی تێر دەكەن؟ كام گیرفان گەرمدەكەنەوە ؟ چ قەرزارێك دەتوانێت قەرزەكەی پێبداتەوە؟ چ سودێكی بۆ مامۆستایان و فەرمان بەران هەیە؟ كام هەژار و كەم دەرامەت و موچەخۆرێك دڵی پێی خۆشە؟ ئەی بۆ ئەوان خەرجی ئەو بۆنە و فیستیڤاڵ و پێشبڕكێیانەیان نەبەخشی بە خێزانی پێشمەرگە شەهیدە كانی جەنگی داعش؟؟؟
بەكورتیەكەی دەمەوێت بڵێم هەر بۆنەیەك لە بۆنەكان كە مرۆڤەكان ئەنجامی دەدەن لە سنوری ماف و ئازادی ئەو كەسانەدایە، ئیتر هەر ڕەخنەیەك لەو بارەوە پێشێلكردنی ئازادیەكانی ئەو كەسانەیە.
كاتێك ئێوە خۆتان ناتوانن دەست لەوجۆرە لە خواست و ئامانجانەتان كەلەسەر قوتی خەڵكی ئەنجامی دەدەن هەڵبگرن !!! ئیتر داوایەكی ئاوا لە بەرامبەرەكانتان زۆر زۆر ناڕەوایە لەهەمان كاتدا خەرجی ئەو گەشتە رۆحییەی ئەو كەسانە ئاواتی چەندین ساڵەیانە، ئەمان لەسەر گیرفان و قوتی خۆیان ئەنجامی دەدەن.