قەیرانی عەقڵی سیاسی كوردو بچوك بونەوەی خەونەكان

 

ئەگەر سەیری زۆرینەی پارتە سەرەكیەكانی كوردستان بكەین و بپرسین ئایا دید و بۆچوون و پلانیان چیە بۆ ئایندە و رێكخستنەكانیان چۆن پەروەردە دەكەن و چۆن دەیانەوێت پلانەكانیان بگەیەننە هاوڵاتیان؟ هەتا بە شێوەیەكی زانستی سیاسەت ئاراستەی خۆی وەربگرێت و پارتە سیاسیەكانیش ببنە پێشەنگی جەماوەر بۆ بنیاتنانی ئایندەیەكی باشتر، لەوانەیە نەتوانین وەڵامێكی ئیجابی بۆ ئەم پرسیارە وەربگرین، چونكە واقیعی پراكتیكی سیاسی رۆژانەی پارتەكان ئەوەمان بۆ دەردەخات كە هەتا ئێستاش پارتە سیاسیەكان زۆر بەشێوازێكی تەقلیدی كاری سیاسی دەكەن و هەندێك لەم پارتانە دەیان ساڵا تەمەنیان هەیە، بەڵام هەموو ئەو ساڵانە نەبوەتە ئەزموون لەكاری سیاسی دا ، بەڵكو دەتوانین بڵێین هەر ساڵێكە و بە بەردەوامی دووبارەی دەكەنەوە، كاری سیاسیی لە ئێستای جیهاندا یەكێكە لە بوارە زیندووەكان و بەشێكی گرنگی زانستی سیاسیە و بەردەوام لە رێگەی ئەكادیمیا و پسپۆڕانی بوارەكە و سەنتەرەكانی لێكۆڵینەوەی ستراتجییەوە گەشەی پێ دەدرێت، پارتی سیاسیش كە رێكخراویكی هەڵقوڵاوی كۆمەڵگەیە دەبێت، ئەو حاڵەتە تیۆریە بكاتە واقیع و رۆژانە بچەسپێت و بە ئاراستەی ئیجابی و گەشەپێدان رۆڵی هەبێت لە باشتر كردنی گوزەران و باری كارگێڕی دەوڵەت و ئابوری و رۆشنبیری و كۆمەڵایەتیدا.

بەڵام بەداخەوە ئەوەی ئێمە لە پارتە سیاسیە كوردیەكانی كوردستان لە هەر چوارپارچەكە و بەتایبەتیش لە هەرێمی كوردستان دەیبینین و تەواو پێچەوانەی ئەمەیە، چونكە ئەم پارتانە نەیانتوانیوە لەلایەك سود لە زانكۆو ناوەندە ئەكادیمی و فیكری و سەنتەرەكان وەربگرن و عەقڵیان بكەنەوە بەڕووی زانست و پێشكەوتنی نوێدا بەتایبەتیش لە روە سیاسیەكەیەوە، كە بەشێكی زۆری پەیوەستە بە پابەند بوونی پارتەكان بە بنەماكانی دیموكراسی و بەتایبەتیش لەناو خودی رێكخستنی حیزبەكەدا، ئینجا گواستنەوەی ئەو فەلسەفەیە بۆ دەرەوەی حیزبەكە، لەبەر نەبوونی ئەو كرانەوەیە، پارتەكان لەجیاتی ئەوەی پێشەنگی گۆڕانكاری و نوێبوونەوەو بەرنامەی گەشەپێدان بن بۆ خەڵك، بەردەوام سەرچاوەی تەنگژە و ململانێ‌ و شەڕ و ئاڵۆزی و قەیران بوون بۆ كۆمەڵگەی كوردی و زیاتر لە 23 ساڵا لە حوكمڕانی كوردی و بوونی دەیان پارتی سیاسیی لە هەرێمی كوردستاندا .

ئێستافەزای سیاسی لە هەرێمی كوردوستاندا لە هەموو كاتێك خراپترە، هەر بەهۆی قەیرانی عەقڵی سیاسیی سەركردەكانی كوردیشەوەیە، كە لەو قەیرانەی كە ئێستا تێی كەوتوون ناتوانن دەربازیان بێت و زۆرینەشیان لە جیاتی ئەوەی بیر بكەنەوە بە ئاراستەی چارەسەر و دانانی پلانی زانستی و بەشداری پێكردنی عەقڵی ئەكادیمی لە چارەسەری قەیرانەكاندا، زیاتر بە كەرەستەیەكی تەقلیدی ململانێ‌ دەكەن و ئاڵۆزیەكان زیاتر دەكەن و قەیرانەكان قوڵتر دەكەنەوە، بەم هۆیەشەوە كوردستان و كاری دەستونەكەیو گەلی كوردستانیش بەرەو ئاقارێكی مەترسیدار دەبەن و دواجار هەمووان لە لە قەیۆاندا دەژین و رۆژ بە رۆژ ژمارەی قەیرانەان یاد دەكات.

ئەگەر پارتە سیاسیەكان دەیانەوێت شێلگیرانە كار بكەن لە سەر چاكسازی و چارەسەری قەیرانەكان ،سەرەتا دەبێت چاو بگێرنەوە بە مێژوی ئەو ململانێ تەقلیدیەی كە لە دەیان ساڵی رابردوودا ئەنجامیان داوەو بزانن چ زیانێكی گەورەیان بە بزاڤی سیاسی كوردو ناو بانگی كورد گەیاندوە ،ئەوكاتەش ستراتیجیەتێكی نوێ بۆ خەباتی سیاسی لە ئێستادا دابڕێژن ،كە ئایا دەبێت پارتی سیاسی لە سەر چ بنەمایەكی ستراتیجی خەبات بكات ؟ ئایا دەبێت لە ئەم سەردەمەدا خەباتی نیشتمانی و نەتەوەیی چۆن بكرێت ؟ئایە چۆن سیاسەت دەبێت بۆخزمەتی خەڵك و گەشەپێدانی ووڵات بێت، نەك بكرێتە خزمەتكاری دەستە بژێرێكی سیاسی و ووڵاتیشش ببێتە بیابان و وێرانە.