كاتێك جەستە دەبێتە ڕۆح

پێشكەشە بە ڕۆحی پاكی ئەو مرۆڤە خۆشەویستەی كە نە خوایە و نە كوڕی خوایە و، دژی هاوبەش بڕیاردانە بۆ خوا.

سەری ساڵی زاییینی و (25/12)ی هەر ساڵێك، بۆنە و ساڵیادی لەدایكبوونی مرۆڤێكی گەورەو مەزن و پێغەمبەرێكی (أُلُوالْعَزم)و چاكەخوازێكی چاكەكار و سەركردەیەكی ئاشتیخوازو مرۆڤدۆست و پێشەوایەكی كەم وێنەیە لە بڵاوكردنەوەی ڕەوشت و ئاكاری جوان و بەها باڵاكاندا، یادی لەدایكبوونی حەزرەتی عیسای مەسیحی كوڕی حەزرەتی مەریەمە، سەلام و درودی خوایان لێبێت.

یادكردنەوەی ئەم مرۆڤە مەزنە و ئەم پێغەمبەرە نازدارە و هەڵوێستەكردن و وەستان لەسەر ژیان و پەیام و ڕێبازەكەی، ئەركی سەرشانی هەر تاكێكی باوەڕدار و پەیامدارە، چونكە لەدایكبوونی ئەو سەروەرە خۆی بۆ خۆی یەكێكە لە ڕووداوە هەرە گرنگ و دەگمەن و دانسقەكانی مێژووی مرۆڤایەتی، ژیان و پەیامەكەشی پێویستە بكرێتە سەرمەشق و پەند و عیبرەتیان لێ‌ وەربگیرێت، وەك چۆن ئەم لەدایكبوونە بووە هۆی گۆڕینی ڕووخساری مێژووی مرۆڤایەتی و ڕەنگ و سیمایەكی نوێی پێ‌ بەخشی و گیانێكی نوێی كرد بە بەریدا و گەردانەی ژیانی بەرەو ئاراستەیەكی ڕوون خستە ڕێ‌، بۆیە پێویستە ئەم یاد و بۆنەیە زۆر بە هەند وەربگیرێت و فەرامۆش نەكرێت و لێكدانەوە و شیكاری دروست و جوان و شێلگیرانەی بۆ ئەنجام بدرێت و ئەو تەمومژ و چەواشەكارییەی كە هەیە بڕەوێنرێتەوە.
بەرزڕاگرتن و زیندووڕاگرتنی ئەم یاد و بۆنەیە بۆ هەر كەس و لایەنێك پێویست و بە گرنگ بزانرێت و خۆیان بە خاوەنی بزانن، ئەوا دەبێ‌ موسڵمانان و باوەڕداران لە هەر كەس زیاتر خۆیان بە خاوەن و شوێنكەوتەی ئەو پێغەمبەرە ئازیزە بزانن و یادكردنەوە و زیندووڕاگرتنی بۆنەكەشی بە ئەركی سەرشان بزانن، چونكە ناكرێت لەبەر ئەوەی كە هەندێك خەڵك یادەكەیان شێواندووە و كراوەتە وێستگەیەك بۆ كاری ناباش و پێچەوانەی پەیامی حەزرەتی عیسا و ڕەنجاندنی خوای میهرەبان، ئێمەش لە ئاست ئەو یاد و بۆنەیەدا بێدەنگ و بێباك و خەمسارد بین و خۆمان بدزینەوە لە باسكردن و زیندووڕاگرتنی.
زۆرن ئەو كەسانەی كە بە شێوەیك لە شێوەكان ڕۆڵ و كاریگەرییان لە مێژوودا دیارە و توانیویانە بەشێك لە ڕووخساری مێژوو بگۆڕن و ناوێك بۆ خۆیان تۆمار بكەن، هەندێك بە دەسەڵات و توانا و هێزیان كە زۆر جار بەهۆی سام و ترس و شمشێر قامچی و چەكەكانی دەستیانەوە بەربوونەتە وێزەی گیانی ژێر دەستەكانیان و لە خوێن و ماڵ و گیانی خەڵكی كۆشك و تەلاریان بونیات دەنا و سەرقاڵی كەیف و سەفا و عەیش و نۆش دەبوون و ناوی خۆیان لە لاپەڕە ڕەشەكانی مێژوودا تۆمار دەكرد، هەندێكی دیكەش بە زانست و ڕۆشنبیری و مەعریفەكەیان ڕووخساری مێژوو دەگۆڕن و دەبنە چرا و ڕووناكی ناو تاریكستانی نەزانی و بێئاگایی و هۆكاری فێركردن و هۆشیاركردنەوەی خەڵكی، ئەڵبەت هەندێك جار هەندێكیان لێیان دەشێوێت و سەر لە خەڵكیش دەشێوێنن و دەبنە داردەست و مشەخۆری دەسەڵات و چەواشەكار بۆ گەل و هەژاران و بۆ لوقمەیەك نان ماستاوچییەتی و ڕیسوایی و شەرمەزاری بەر كۆشكی دەسەڵات دەبێتە پیشە و كاریان، بەڵام كۆمەڵێك هەن كە مژدەی ئاسودەیی و ئاشتیخوازییان پێیە و هەڵگری چرای حەقیقەت و مەشخەڵی مەعریفەت و سومبولی عەدالەت و دادپەروەری و پێشەنگی ئاكار و ڕەوشت بەرزین، ئەمانە بێجگە لە خێر و خۆشی و سەلامەتی و سەرفرازی و سەربەرزی هیچ شتێكیان پێ‌ نییە، ئەمانە گوڵی گوڵزرای ژیان و هەڵگری ئاڵاو بەیداخی ئەمن و ئەمان و پەیامبەری پەیامی ئیمان و ڕەمزی لێبوردەیی و بەرخۆدانن.
بەڵێ‌ ئەمانە هەڵگری پەیامی ئاسمان و زنجیرەی ڕەحمەت و میهرەبانی و پێغەمبەرانن ـ سەلامی خوایان لێبێت ـ هەموو ئەم پێغەمبەرانە ڕووخسارێكی دڵڕفێن و خۆشەویستیان هەیە، ڕاستگۆ و دەستپاكن، دڵسۆز و پەرۆش و خەمخۆری خاك و خەڵك و وڵاتن، گیان لەسەر دەستی گەیاندنی ئەرك و پەیامن، قسەیان قسەی دڵە و دەنیشێتە سەر دڵەكان و تینوویەتی ڕۆحەكان دەشكێنن.
بۆیە دەبینین و دەبیستین هەركاتێك كە كاروانی مرۆڤایەتی ڕێگەی بزر كردبێت و سەری لێ‌ شێوا بێت و بەجێ‌ مابێت، یاخود كەوتبێتە تەڵە و داوی هەلپەرست و خۆپەرستانەوە، یان كەوتبێتە ناو زیندان و ژێر دەستی ستەمی ستەمكاران و قامچی زۆرداران و سیاسەتی پڕ لە خیانەتی دەسەڵاتدارانەوە، ئەوا خوای میهرەبان بە لوتفی خۆی یەكێك لەم پێغەمبەرانەی ڕەوانە كردووە ـ كە هەڵگری هەستی مرۆڤدۆستی و فیكری ئازادیخوازی و پەیامی چاكسازی و ئیسڵاح بوون ـ و خەڵك و كۆمەڵگەیان دەرباز كردووە لەو دەرد و پەتا كوشندانەی كە ئاماژەمان بۆ كردن و بوونەتە هۆكارێك بۆ بڵاوكردنەوەی خێر و خۆشی و ئاسودەیی و عەدالەت و ئاشتی و ئازادی.
حەزرەتی عیسای كوڕی مەریەم ـ سەلامی خوایان لێبێت ـ یەكێك لەو پێغەمبەرانەیە و ئەستێرەیەكی گەش و درەوشاوەیە بە ئاسمانی مێژووی مرۆڤایەتییەوە، كە وەك (ئەستێرەی كاروان كوژە) بووەتە دەلیل و چرا و مەشخەڵی ڕێنیشاندەری ڕێبوار و گەشتیارانی كاروانی مرۆڤایەتی.
ئەو هێندە مەزن و ڕێزدارە لای خوای گەورە، هەر بە مناڵی و مەتۆلكەیی بانگ و پەیامی: [قَاڵ اِنِّی عَبْدُاللهِ ێ‌تَانِێ‌ الْكِتَابَ ۆجَعَڵنِی نَبِیَّاً ۆجَعَڵنِی مُبَارَكَاً أیْنَ مَا كُنْتُ ۆأوْصَانِی بِالْصَّلاەِ ۆالْزَّكاەِ مَا دُمْتُ حَیَّاً ۆبَرَّاً بِۆالِدَتِی ۆڵمْ ێجْعَلْنِی جَبَّارَاً شَقِیَّاً.]مریم/30ـ32، دەچرپێنێت بە گوێی بتپەرست و لەخوا بێ‌ خەبەران و ڕێگە بزركردوواندا، ئەو مەقامی بەندەیی بۆ خۆی و مەقامی پەرستراوی و بەدیهێنەری و پەروەردگاری بۆ خوا دەخاتە پێش چاوی خەڵك و بۆیان ڕوون دەكاتەوە كە ئەو نە خوایە و نە كوڕی خوایە، بەڵكو تەنها پێغەمبەر و بەندەی خوایە.
هاتن و لەدایكبوونی حەزرەتی عیسا ـ سەلامی خوای لێبێت ـ لەساتەوەختێكدابوو كە (بەنی ئیسرائیل) پاش حەزرەتی موسا ـ سەلامی خوای لێبێت ـ زیاتر لە جاران دەستیان دابوویە پارەپەرستی و ستەم و چەواشەكاری و قۆرخكردنی هەر سێ‌ دەسەڵاتی (سیاسی و ئابووری و ئایینی) بۆ مەرام و بەرژەوەندییە ناڕەواكانیان.
ئەم خەسڵەت و كار و پیشە ناڕەوایانەی (بەنی ئیسرائیل) تەنها كەسە ئاسایی و خەڵكە ڕەشۆكەكەی نەگرتبووەوە، بەڵكو زۆرێك لە بەناو كەشیش و حاخامەكانیش ـ كە ڕەمزی ئایینی بوون ـ ئەوانیشی گرتبوویەوە و زیاتر لە خەڵكە ئاساییەكە ستەم و كاری نابەجێیان ئەنجام دەدا، ئەوەتا قورئانی پیرۆز زۆر جوان ئەم حەقیقەتەمان بۆ باس دەكات و دەفەرمووێ‌: [ێا أیُّهَا الژِینَ ێ‌مَنُواْ اِنَّ كَپِیرَاً مِن اڵاحْبَاڕ ۆالرُّهْبَانِ ڵێأْكُلُونَ أمْۆاڵ الْنَّاسِ بِالْبَاگِلِ ۆێصُدُّونَ عَنْ سَبِیل اللهِ ۆالژِینَ ێكْنِزُونَ الْژَّهَبَ ۆالْفِچَّەَ ۆلا یُنْفِقُونَهَا فِی سَبِیلِ اللهِ فَبَشِّرْهُمْ بِعَژابٍ أَلْیمٍ.]ألتوبە/34.
لە سۆنگەی ئەم ئایەتە و هاوشێوەكانیەوە، بۆمان ڕوون دەبێتەوە كە سەردەمی حەزرەتی عیسا ـ سەلامی خوای لێبێت ـ مێژوویەك بووە پڕ لە ستەم و نادادی و پارەپەرستی و حەرامخۆری و چەواشەكاری و لادان لە بەرنامەی خوایی، بۆیە ئامادەی ئەو هەموو هەوڵ و ماندووبوون و قوربانیدانە بووە و ئامادەبووە لەو پێناوەدا گیانی خۆی بەخت بكات، بەڵام خوای گەورە بە لوتف و میهرەبانی خۆی بەرزی كردەوە بۆ لای خۆی و دەربازی كرد لە خوێنڕێژ و ستەمكاران.
ژیان و مێژووی خەبات و قوربانیدانی حەزرەتی عیسا و دایكە مەریەم ـ سەلامی خوایان لێبێت ـ یەكێكە لە گرنگترین باس و خواسەكانی قورئانی پیرۆز و پانتاییەكی زۆری لە ئایەتەكانی گرتووەتەوە، ئەمە ئەگەر دەلالەت بكاتە سەر شتێك، ئەوا دەلالەت و بەڵگەیە لەسەر گرنگی و بایەخپێدانی خوای گەورە بە وانە و پەندەكانی ژیانی ئەو ئازیزانە و بۆ ئەوەیە كە بیانكەینە سەرمەشق و پێشەنگمان، ئەمە بێجگە لەوەی كە باوەڕهێنان بە سەرجەم پێغەمبەران و پەیامەكانیان، یەكێكە لە پایە سەرەكییەكانی بیر و باوەڕمان: [ڵانُفَرِّقُ بَیْنَ أحَدٍ مِنْ رُسُلِهِ.].
بە سەرنجدانێكی (داتایی) و خێرا لە قورئانی پیرۆز، زیاتر ئەم حەقیقەتەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە، كاتێك كە دەبینین ناوی حەزرەتی عیسا لە (11) سورەت و (25) جار هاتووە، ناوی حەزرەتی مەریەمیش (12) سورەت و (34) جار هاتووە، هەروەها وشەی (مەسیح) لە (4) سورەت و (11) جار هاتووە، كە كۆی گشتی دەكاتە (70) جار ئەو سێ‌ ناوە هاتوون.
لە مامەڵە كردنماندا لەگەڵ بۆنە و ساڵیادی لەدایكبوونی حەزرەتی عیسا و سەری ساڵی زاینی، پێویستە هەڵویستی جوان بنوێنین و بە حیكمەت و وردەكارییەوە مامەڵە بكەین و دووچاری هەڵچوونی عاتیفی و سۆزیاری نەبین و وەك ئەو كەسەمان لێ‌ نەیەت كە لەگەڵ برادەرێكی شیعە مەزهەبدا كەوتبوونە موناقەشەوە و كابرای شیعە قسەی بە حەزرەتی ئەبوبەكر و عومەر و عائیشە و وتبوو، برادەرە سوننیەكەش لە داخا و وەك كاردانەوەیەك قسەی نابەجێی بە حەزرەتی عەلی وتبوو، بە حسابی خۆی كارێكی باش دەكات.
ئێمە دەبێ‌ دڵنیابین لە چاكی و پاكی حەزرەتی عیسا و پەیامەكەی و كاری ناڕەوا و چەواشەكارییەكانی خەڵكانی نەیار و شوێنكەوتووانی نەزان و خەڵكی كاڵفام نەبێتە هۆی ئەوەی كە ئەو پێغەمبەرە مەزنە لەیاد بكەین و تۆزقاڵێك لە خۆشەویستی لەلامان كەم ببێتەوە.
ئەو جەستەیەك بوو یەك پارچە لە ڕۆحی ڕەحمانی، دڵێكی هەبوو ڕەببانی، پەیامێكی هەبوو ئاسمانی، سۆزێكی هەبوو ئینسانی، بۆیە خوا هەر بەو بەرائەت و پاكی و ڕۆحەوە بەرزی كردەوە بۆ جیهانی مەلەكوت، چونكە جەستەشی وەك ڕۆحی لێ‌ هاتبوو، مەولانا مەولەوی گوتەنی:
ێ‌نجا كە جسم جان شد
عیسی بە ێ‌سمان شد.
واتە: لەو شوێن و ساتەوەختەدا كە جەستە بوویە گیان و وەك ڕۆحی لێ‌ هات، ئیدی حەزرەتی عیسا بەرز بوویەوە بۆ ئاسمان.
ئێمەی مرۆڤ سەرچاوەكەمان دوو شتە: ڕۆح لە ئاسمان و ئاو لە زەوی، بۆ پاكبوونەوە و بەرزبوونەوەش بۆ لای خوا دەبێ‌ بچینە ناو یەكێك لەو دووانەوە، وەك شاعری هاوچەرخی ئێرانی (مەسیحا بەرزگەر) دەڵێ‌:
ما ز بالاییم و بالا می رویم
ما ز دریاییم و دریا می رویم
واتە: ئێمە لە ئاسمانەوە هاتووین و بۆ ئاسمانیش دەچینەوە ـ وەك بەرزبوونەوەی حەزرەتی موحەممەد درودی خوای لێبێت ـ بۆ [سِدْرَەُ الْمُنْتَهَی]و حەزرەتی عیسا بۆ لای خوا ـ ئێمە لە دەریا و ئاوین و بۆ ناو دەریا و ئاویش دەچینەوە ـ وەك حەزرەتی یونس و حەزرەتی موسا سەلامی خوایان لێبێت.
ئومێدەوارم كە لەبری ڕەخنە و توانج گرتن لەو بۆنە و یادكردنەوانەی كە بە هەڵە و ناشایستە یادی لەدایكبوونی حەزرەتی عیسا دەكرێتەوە، ئێمە بێین بە شێوەیەكی چاك و جوان و شایستە ئەو یادە بەرز و پیرۆز و زیندوو ڕابگرین و پیرۆزبایی لە یەكتر بكەین و پۆستەر و لافیتەی بۆ هەڵبواسین و ئاهەنگی بۆ ساز بكەین و بەرنامەی ڕادیۆیی و تەلەفزیۆنی لەسەر پێشكەش بكەین، ئەمە دەبێتە خزمەتكردن و بایەخپێدان، نەك ڕەخنە و توانج گرتن و وتار و گوتاری برینداركەر و زڕاندنی بەرامبەر و هەڵچوونی عاتیفی و سۆزیاری.
***