ئایا هاوپەیمانێتی ئیسلامیەكان بەستەڵەكی دۆخی سیاسی دەكاتەوە ؟

ئەگەر سەیری بارودۆخی ئێستای هەرێمی كوردستان بكەین تووشی جۆرێك لە چەقیەستوویی سەخت بوەو ئەستەمە گەرمای كۆبوونەوەی پارتە سیاسیەكان و پڕۆژەكەی كاك مەسعودیش خاوی بكاتەوە. چونكە لە ئێستاوە كە نزیك بە ساڵێكی ماوە بۆ هەڵبژاردن، هیچ ئاسۆیەك نیە بۆ گەیشتن بە چارەسەر و گێڕانەوەی بارودۆخەكە بۆ باری ئاسایی خۆی، چونكە لەكاتێكدا كە گوڕێكی تری كۆبوونەوەی حیزبەكان دەستی پێكردۆتەوە، بەڵام لەهەمانكاتدا، گوتاری سیاسیی بەشێكی زۆر لە لایەنە سەرەكیەكان گۆڕانی بەسەردا نەهاتووەو بەهەمان شێوازی پێش كۆبوونەوەكان و توندتریش هێرش دەكەنە سەر یەكتر، لەهەمانكاتدا پارتی دیموكراتیش وەك بەرپرسی یەكەم لە ئیدارەی قەیرانەكانی هەرێمی كوردستان پڕۆژەیەكی ئەوتۆی نەخستۆتە بەردەم هێزە سیاسیەكان كە مایەی دڵخۆشی بێت، لەم بارودۆخە قەیراناویەدا، پێموانیە ئاسۆیەك هەبێت بۆ دەرچوون لە ئەم بارودۆخە ناهەموارەو حیزبە سیاسیەكان خۆشیان ئەو راستیە دەزانن، ئەگەر سەیری شەقامیش بكەین دەبینین رۆژبەڕۆژ باری گوزەرانی خراپتر دەبێت و هەژارەكان هەژارتر دەبن و دەست رۆیشتووی ناو دوو پارتە دەسەڵاتدارەكە و بەرپرسەكان و بازرگان و كۆمپانیا نزیكەكان لە خۆیان رۆژ بەڕۆژ دەوڵەمەند تر دەبن، لەم دۆخەدا كە هاوڵاتیان زۆربەیان نیگەران و توڕەن هەتا ئاستی تەقینەوە لە دەسەڵات و پارتە سیاسیەكان، لەم كاتەدا بۆشاییەكی سیاسیی گەورە دروست بووە، پرسیارەكە ئەوەیە كێ‌ ئەم بۆشاییە پڕ دەكاتەوە كێ‌ دێتە بەرەی جەماوەر، هاوڵاتیان متمانەی خۆیان بەكێ‌ دەدەن؟ ئەگەر توێژینەوەی سیاسی ورد بكرێت و راپرسیەكی بێلایەن لەلایەن دەزگایەكی توێژینەوەی زانستی ئەنجام بدرێت، هاوڵاتیان متمانەیان بەزۆربەی ئەم پارتە سیاسیانە نەماوە، كەواتە پرسیارەكە ئەوەیە كێ‌ ئەتوانێت لەم بارودۆخە سیاسیەدا كارێك بكات كە هیوایەك بۆ ئەم خەڵكە بگەڕێنێتەوە،؟ ئیسلامیەكان كە لە هەڵبژاردنی رابردوودا رێژەی دەنگەكانیان تاڕادەیەك كەمی كردبوو، بەشداریان لە حكومەتە بنكە فراوانەكەدا زیاتر پاشەكشەی پێكردن، لەهەمانكاتدا ئەو ستایلەی كە كاری سیاسیان پێ‌ دەكرد گەیشتۆتە ئاستی چەق بەستوویی و پێویستی بە پێداچوونەوە هەیە، لەلایەكی تریشەوە گەندەڵی بەردەوامی دوو پارتە گەورەكە و پاشەكشەی گۆڕان و بەسترانەوەی بە هاوپەیمانیەتێكی سیاسی لەگەڵا یەكێتی و هەڕەشەكانی بەردەوامی حەشدی شەعبی لە كوردستان وەك هێزێكی مەزهەبی شیعی و تێوە نەگلانی راستەوخۆ لە گەندەڵی و بە فیرۆدانی سامان و داهاتی هەرێمی كوردوستان ،هەموو ئەم هۆكارانە و چەندان هۆكار و پاڵنەری ئیجابی و باشن بۆ ئەوەی ئیسلامیەكان بێن و هەوڵبدەن كە ئەو بۆشاییە پڕبكەنەوە، بەڵام لێرەدا پرسیارە جەوهەریەكە ئەوەیە ئایا سەركردەكانی ئەم پارتە ئیسلامیانە خاوەنی ئەو عەقڵە ستراتیجیە گەورەیەن كە بتوانن سود لە ئەم هەلە وەربگرن و لە هەوڵی ئەوەدابن ببنە هێزێكی سیاسی كاریگەر،؟ ئایا دەتوانن جیاوازیە بچوكەكان تێپەڕێنن و لەپێناو بەرژەوەندی گەورەی ئاین و نەتەوە و نیشتماندا بەرەیەكی نوێ‌ دروست بكەن كە هیوا بگەڕێنێتەوە بۆ هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان؟.

بەڵام لەلایەكی تریشەوە ئەم هێزە ئیسلامیانە دەبێت ئەو راستیە بزانن كە ئەو پرۆژە تازەیەی كە پێشنیاری دەكەن دەبێت لە ئاست پێشكەوتن و گۆڕانكاریەكانی ساڵی 2017دا بێت و پرۆژەیەك بێت بۆ ئایندە و مەبەست تیایدا بەجێهێشتنی ئەو مۆدێلە سیاسیە بێت كە لە رابردوودا بەرجەستە بووە، بەڵكو دەبێت پرۆژەیەكی سیاسی نوێ‌ بێت و سیاسیەتیش بۆ هەموان بێت بە هەموو چین و توێژ و مەزهەب و نەتەوەكانی كوردستان، لەهەمانكاتدا لەڕووی نەتەوەیی و نیشتمانیەوە تەعبیر بێت لە داڕشتنەوەی شوناسێكی نوێی نەتەوەیی و نیشتمانی بە ئاوێتەبوونی ئیسلام وەك ئاینی زۆرینەی خەڵكی كوردستان، لەلایەكی تریشەوە دڵسۆزی و خزمەت و دژایەتی گەندەڵی و پرۆژەی پەرەپێدانی كوردستان و هەنگاونان بەرەو سەربەخۆیی و دەوڵەتی كوردی بكرێتە بنەمای پرۆژە سیاسیەكەی، لەلایەكی تریشەوە دەرگا واڵا بكرێت بۆ هەركەس و لایەنێك كە بیەوێت بێتە ناو ئەم پڕۆژە سیاسیەو پشتیوانی بۆ سەرخستنی بكات بەبێ‌ مەرجی مەزهەبی و نەتەوەو بیروڕا.
ئەگەر ئیسلامیەكان بتوانن پرۆژەیەكی بەوجۆرە پێِنیار بكەن و لە واقیعی كوردستاندا بەرجەستەی بكەن هیوای ئەوەیان لێ‌ دەكرێت ببنە هێزێكی سیاسیی نوێ‌ كە كاریگەری و رۆڵی ئیجابی باشیان هەبێت لە حكومەت و پەرلەمانی ئایندەدا.