ئاوابوونی خۆری ئەمریكا

دیارە ئەمریكا وەك زلهێزێكی جیهانی ماوەی چەندین دەیەیە رابەرایەتی جیهان دەكات و، زەمانێكە لە لوتكەی هێزی سەربازی و ئابوری و سیاسی دایە.هەژموونی ئەمریكا زیاتر لە نیو سەدەیە بەشێكی زۆری گۆی زەوی گرتۆتەوە.قسەیەك هەیە كە دەوتری مێژوو خۆی دووبارە دەكاتەوە، لە ئێستادا بەم حاڵ و وەزعەی ئەمریكا پیا گوزەر دەكات، خوێندنەوەیەك هاتۆتە ئاراوە، كە دوور نیە ئەمریكا چۆن باڵادەستی خۆ بەسەر بەشێكی زۆری دنیادا سەپاند، بەهەمان سیناریۆ خۆری ئەمریكا ئاوابێ‌ و ئەویش پاشەكشە بكات.

بە پیێ رووداوەكانی مێژوو لەدەوروبەری ناوەراستی سەدەی نوزدەم، دوای ئەوەی ئینگلیزەكان بۆ ماوەیەكی زۆر ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان داگیر كردبوو، ئیتر سنوری جوگرافیای سیاسی بەریتانیا زۆر گەورە بوو، بەجۆرێ‌ لەبەر چەندین هۆكاری سەربازی و ئابوری و سیاسی خەریك بوو بەباشی نەیان دەتوانی ئیدارەی ئەم پانتاییە گەورەیە بكەن كە خستبویانە ژێر دەسەڵاتی خۆیانەوە. بۆیە ئینگلیزەكان وەك پیاوەتی كردن بە ئاوی حەمام، هاتن بەناوی بەخشینی سەربەخۆی زۆرێك لە وڵاتانیان لەكۆڵ خۆیان كردوە و كەس و لایەنی نزیك لە خۆیان لەم وڵاتانە چاند.

ئەمریكا پاشەكشەی ئینگلیزەكانی بەهەل زانی و لە غیابی ئەوان ، هەژموونی خۆی بەسەر بەشێكی زۆری دنیادا سەپاند.بەڵام لە ئێستادا دوای ئەم هەموو دەیان ساڵە پیدەچێ‌ ئەمریكا وەك پێویست بەرهەمی هەوڵەكانی خۆی نەچنیبێتەوە،بۆیە سەرەتا پاشەكشەی ئەمریكا لەناوچەكە دەركەوتوە.

ئێستا روسەكان بە رابەرایەتی پۆتین یەك یەك بزمارەكانی ئەمریكا هەڵدەكەن و بزماری خۆیان دادەكەوتن.نەبوونی هەڵوێستی جددی و یەكلاكەرەوە لە شەڕی (5)ساڵەی سوریا، سەرەكی ترین هۆكاری پوكانەوەی هەژموونی ئەمریكایە.هە روەك بێ‌ هەڵویستی لە كێشەی فەڵەستین و دژایەتی نائاشكرای بۆ بەهاری عەرەبی و ،تیكەڵ بوونی كەیسەكان بووە بە هۆكاری نیگەرانی زۆرێك لە سەركردە عەرەبەكان و گەلەكانیان بە دوو ئاڕاستەی جیاواز.

هاتنی (ترامپ)لەم سەروبەندەدا هێندی تر گۆمەكە شەڵەقاند و، شەڕ و خۆپیشانی شەقامەكانی واشتنۆن دی سی و ، لەندەن و چەندین شاری جیهانی تر، لە كاتی ئاهەنگی مەراسیمی دەست بەكاربوونی (ترمپ) و وتارە ناسیاسی و تانەدانەكانی (ترامپ) لە سەرۆكەكانی پێش خۆی،لە وتاری دوای سوێند خواردنی بەشێكی تر شكۆی ئەمریكای شكاند لە جیهاندا.

(ترمپ) بە رەفتار و بڕیارە سەیرو سەمەرەكانی پێدەچێ‌ هێندەی تر ئەمریكا بخاتە دواوە و، زیان بە شكۆی ئەمریكا بگەیەنی.

ئاوابوونی خۆری ئەمریكا زیانەكەی ئەوەیە بۆ گەڵانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، هەرچەند ئەمریكا لە زولمَ و ستەم درێغی نەكردوە، بەڵام پاشەكشەی ئەمریكا واتا باڵادەستی روسیا و هاوپەیمانەكانی و بەرەی شوعیەت. ئەم بەرەیە بە جۆری سیاسەت دەكەن كە دوورە لەهەموو بەهایەكی ئەخلاقی و مرۆیی. جەنگی سوریاش باشترین نمونەی هەژموونی ئەوانە. ئەوانی نەوەی ستالین و لینین سیخناخن بە دوژمنایەتی گەلان بەتایبەت گەلانی موسڵمان. بۆیە ئاوا بوونی خۆری ئەمریكا بەزیانی ئەم دیموكراسیە رووكەشەی ناوچەكە تەواو دەبێ‌ و، لە بەرامبەردا دیكتاتۆرەكان پشت ئەستوور تر دەبن بە هەژموونی روسەكان.