كەسی موفلیس بیری بۆ هەموو كارێكی خراپ دەچێت!

  دوو شەممە, 30 کانونی دووەم 2017 08:58

 ((( دەڵێن كەسی موفلیس دەگەڕێتەوە بە دەفتەری قەرزەكانیدا))) حكومەتی هەرێمی كوردستانیش وەك ئەو ئەسەی لێ قەوماوە ، ئێستە كە موفلیس بووە ڕۆژانە بیردەكاتەوە لەژێر ناوی جواراوجۆردا پارە كۆبكاتەوە ، سەرەتا لە پارەی سەرپێچی لێخوڕینەوە ، پاشان بەناوكردن و نوێكردنەوەی ساڵانەی ئۆتۆمبێل و دوای ئەوەش پارەی خاشاك و بڕی 50 هەزار دینار بۆ پڕكردنەوەی هەر فۆرمێك بۆ ناونوسین بۆ گەشتی حەجكردن و ئێستە لە سلێمانی بەناوی پێدانی زەوی بە ڕۆژنامەنوسان پارەی ئەندامێتی ئەو چەند ساڵەیان لێ دەستێنن كە نەیانداوە، لە نوێترین بڕیاریشدا وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن بڕیاریداوە پڕۆژەی ئاڕم و لۆگۆ و كارتی ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر كە( بە قسەی خۆیان ماوەیەكی زۆرە كاری لەسەردەكەن) بۆ پارێزگاكانی هەولێرو و سلێمانی و دهۆك دەخەنە ڕوو، لیژنەی تەندەرەكەشی بۆ دابینكراوە.

حكومەتی هەرێم چونكە چەندین ساڵە لە سەر بودجەی موفتی بەغدا دەژی هیچ ئاگا و بیری بەلای ئەم داهاتانەدا نەچووە ، بەڵام چونكە ئێستە ئیفلاسیكردووە بیری بۆ چەندین ڕێگەی جۆراو جۆر دەچێت ! ئەویش لەم ئاریشەی ئابوریەدا كە زۆرینەی خەڵكیش وەك حكومەت موفلیسن .

ئاخۆ حكومەت لە داهاتودا بیر لەچ ڕێگەیەك بكاتەوە بۆ ڕوتاندنەوەی خەڵكی؟ وەك لە پۆستێكی فویس بوكدا نوسیم خوابكات حكومەت باج نەخاتە سەر (w.c) مزگەوتەكانیش !!! وەك دەڵێن لەهەندێ لە وڵاتانی ناوچەكەدا ئەوەش بە پارەیە.