ترەمپ و گەشەپێدانی نادیموكراتی

ئەو گوتارە نوێیەی كە دۆناڵد ترامپ بەرامبەر بە ئیسلامی سیاسی تەعبیری لێ‌ دەكات، بە نیسبەت سیاسەتەكانی ئەمریكاوە شتێكی نوێ‌ نیە، چونكە لە درێژی هەشت ساڵی دەسەڵاتی دیموكراتەكانیشدا سیاسەتێكی رۆشن بەرامبەریان پیادە نەكراوە هەتا بڵێین ئەمە قۆناغێكی مەترسیدارترە لەوەی پێشوو كە روویداوە راستە لەسەردەمی ئۆبامادا بەوشێوە توندە روبەڕووی مسوڵمانەكانی ئەمریكا و هێزەكانی ئیسلامی سیاسی نەبوونەوە، بەڵام لەهەمانكاتدا بەشێوەیەكی دوودڵی و راراو زۆرجاریش دوالیزمەیی مامەڵەیان لەگەڵدا كردوون، هەرچەند ئۆباما لە سەردانەكەیدا بۆ قاهیرە لە سەرەتای دەستبەكاربوونیدا جەختی كردەوە لەسەر پشتیوانی ئیسلامی میانڕەو و دڵخۆشی خۆی نیشاندا بەرامبەر بە مسوڵمانە دیموكراتەكان، بەڵام لەهەمانكاتدا لە شۆڕشەكانی بەهاری عەرەبیدا هیچ پشتیوانیەكی لە سەركەوتنی ئەو مسوڵمانە دیموكراتانە نەكردو دواجاریش لەلایەن هێزە عەسكەرتار و عەلمانی و چەپەكان ئەم هەلە قۆزرایەوەو لەرێگەی فشار و كودەتای سەربازیەوە لە دەسەڵات دوورخرانەوە و میسریش باشترین نموونەبوو كە ئەمریكا بەرامبەر كودەتاكەی سیسی هیچ هەڵوێستێكی ئەوتۆی نەبوو، بەڵكو لەدوای كودەتاكەشەوە میسر كەناڵە فەرمیەكانی لەگەڵا ئەمریكا كردەوەو ئەمریكاش بەهەمان شێوەی رژێمی پێشوو درێژەی بە یارمەتیەكانی دا.
رژێمە عەرەبیەكان لەدوای شۆڕشی ساردەوە هەستیان دەكرد كە ئەو رۆڵە گرنگەی جارانیان نەماوە لەلای ئەمریكا، هەرلەبەرئەوەش بوو كە بەدەست شلكردنی ئەمریكا لێیان كۆمەڵێَك رژێم یەكسەر هەرەسیان كرد و بارودۆخێكی نوێ‌ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هاتە ئاراوە، ئەویش ئەوەبوو كە بە نەمانی ئەو رژێمانە بەدیلەكەی ئیسلامی سیاسی و لەرێگەی دیموكراسی و سندوقەكانی دەنگدانەوە دەتوانێت شەرعیەت بۆخۆی وەربگرێت.
بەڵام بەشێوازی مامەڵەی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەگەڵا دەسەڵاتە نوێیەكاندا دەركەوت كە ئامادەنین پشتیوانیان لێ‌ بكەن و بارودۆخی سیاسی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە ئاراستەی كرانەوەو دیموكراتی گەشە بكات، چونكە لەو بڕوایەدابوون كە دیموكراسی و ئازادی و كرانەوەو گەشەپێدان رەخساندنی هەلێكە بۆ سەركەوتنی ئیسلامی سیاسی ولە ێگەی دیموكراسیەوە دەگەنە كورسی دەسەڵات، ئەم هەڵوێستە نوێیەی ئەمریكا و رۆژئاوا جارێكی تر بە بەرژەوەندی دەسەڵاتە تەقلیدیەكانی دنیای عەرەبی بوو. لەدوای سەرهەڵدانی شەڕی داعش و دروست بوونی هاوپەیمانیەتێكی نێودەوڵەتی جارێكی تر ئەم رژێمانە هەستیان كرد كە پێگەیان بە گرنگیەوە سەیر دەكرێت، چونكە ئەوان لەپێناو مانەوەی دەسەڵاتدا ئامادەن هەموو شتێك بۆ رۆژئاواو ئەمریكا بكەن بەتایبەتیش ئەگەر ئەو شەڕە دژایەتی توندڕەوی بێت و لەژێر ئەم دروشمەدا ئەوان شەڕی هەموو ئیسلامیەك دەكەن.
ئەگەر سەرنجی گوتاری ترامپ بدەین بەرامبەر بە ئیسلامی سیاسی دەبینین كە جیاوازیەك ناكات لەنێوان ئیسلامی میانڕەو و توندڕەودا ، بەڵكو هەموویان دەخاتە یەك قاڵب و بەتایبەتیش دژایەتی ئیخوان كە گەورەترین كۆمەڵەی ئیسلامی میانڕەوە لەسەر ئاستی جیهانداو ئێستا لەگەڵا داعشدا هاوتایان دەكات. لێرەوە رژێمە عەرەبیەكان ئەو شانسەیان بۆ گەڕایەوە كە بەشوێنیدا دەگەڕان بۆ لێدانی ئیسلامی سیاسی. چونكە لە ئێستادا تەنها مەترسیەك بۆسەر دەسەڵاتی ئەم رژێمە عەرەبیانە بە پلەی یەكەم پارت و كۆمەڵە و گروپە ئیسلامیەكانن، بەتایبەتیش میانڕەوەكان، چونكە توندڕەوەكان شێوازی كاریان دیارەو بەرەو رووبوونەوەشیان ئاسانە، بەڵام میانڕەوەكان بەشێكی گەورەی شەقام پێكدەهێنن ،بەشداری لە پرۆسەی سیاسی و كۆمەڵگەی مەدەنی و میدیای ئازادا دەكەن، چونە ناو زۆر پێگەی گرنگی حكومەت و زۆرجاریش رەمزە گەورەكانی كۆمەڵگە پێكدەهێنن، لەبەرئەوە گەڕان بەشێون شەرعیەتدان بەلێدان و سەركوتكردنی ئەمانە ئاسان نیە، لەبەرئەوە ئەوان پێیان خۆشە كە گروپە توندڕەوەكان بەجۆرێك لە جۆرەكان درێژە بەكارە سیاسیەكانیان بدەن هەتا ئەمانیش لەژێر بارودۆخەكەدا بتوانن هێرشی توند بكەنە سەر میانڕەوەكان و بەتوندڕەو مەترسی بۆسەر ئایندەی وڵات ناوزەدیان بكەن، لێرەوە دەتوانین بڵێین ئەو گوتارەی ترامپ دژ بە كۆی گشتی ئیسلامی سیاسی دەرژێتە خانەی بەرژەوەندی رژێمە عەسكەرتارەكانی دنیای ئیسلام و لە ئەم رێگەیەوە شەپۆلێكی توندوتیژی نوێ‌ دژ بە ئیسلامیە میانڕەوەكان دەست پێ‌ دەكات و ئەمەش ناودەنێن شەڕی تیرۆر و توندڕەویو لە ئەم رێگەیەشەوە دەیانەوێت دۆستایەتی خۆیان بۆ ئەمریكا و رۆژئاوا نوێ‌ بكەنەوەو ئەوانیش لە چاكەی ئەم هەڵوێستەدا درێژە بە هاوكاریە ئابوری و سەربازی و سیاسیەكانیان بدەن بۆ ئەم وڵاتانە.