دەربارەی کێشەکانی (میدیا) و دەسوەردانی حکومەتی هەرێم

پێشتریش لەچەند بەرنامەیەکی کەناڵەکانی ڕاگەیاندندا وتوومەو نووسیومە ولێرەش دەیڵێمەوە، میدیا ـ ڕاگەیاندن ـ لەهەرێمی کوردستان، دوو کێشەی بنەڕەتی هەیە :- یەکەم بوونی کەلێن یان بۆشایی یاسایی، کەتا ئێستاش میدیای بینراوو بیستراو (ڕادێو تیڤی) هەروەها ڕێکلام و بواری تریش یاسای تایبەت بەخۆیان نیە.. دووەم:- بۆشایی مەرجەعیەت..

واتە ئۆرگانێکی باڵای ئیداری پیشەیی یاسایی مان نیە،کە سەرپەرشتی ڕاگەیاندن بکات و کاروبارەکانی ڕێک بخات؛ ئەمەش وایکردووە هەرکەس بێت و خۆی بکاتە خاوەن و مەرجەع ؛ وەزارەتی ڕۆشنبیریی لەلایەک ، وەزارەتی ئەوقاف ـ کەزۆرجار هەڕەشەی داخستنی کەناڵەکان دەکات ـ لەلایەک ، هەروەها وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی گەیاندن. .
کەئەمەش جۆرێک لە بێسەرو بەری و پاشاگەردانی دەخوڵقێنێ و پێویستە هەرچی زووە چارەبکرێ..
دەوڵەتی ئێراق پاش 9/4/2003 لەیەکەم کابینەدا وەزارەتی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی گۆڕی بە (وەزارەتی ڕۆشنبیری) و لەدەستوردا (دەستەی ڕاگەیاندن و گەیاندن mcc)ی چەسپاندو دواتریش بەیاسایەکی تایبەت، ئەودەستەیە کرایە مەرجەع و بەرپرس لەپێدانی مۆڵەت و ڕێکخستنی کاروباری ڕاگەیاندن .. ئیتر نە وەزارەتی ڕۆشنبیری و نەهیچ وەزارەتێکی دیکە دەسوەرناداتە کاروباری میدیا.
بەڵام هەرێمی کوردستان،ئەگەرچی 20ساڵ پێش بەغدا،لە 1993 لەکابینەی یەکەمدا ئەو هەنگاوەی ناوەو وەزارەتی ڕۆشنبیری دامەزراند،بەبێ پاشگری ڕاگەیاندن ، بەڵام لەبەر نەبوونی دەستەیەک یاخود ئەنجومەنێک، کەئەمژ بۆشاییە پڕکاتەوە، وەزارەتی ڕۆشنبیری هێشتا دەستی لە یەخەی ڕاگەیاندن نەبۆتەوەو لەدەرەوەی یاسایەکی تایبەت، لەڕێگەی ڕێنمایی تایبەتەوە ،بەناوی ڕێنمایی ژمارە ـ 1ـ ی ساڵی 2014 کە چەند جارێک هەموارکراوەتەوە،مافی ئەوەی بەخۆی داوە،کەبەهەماهەنگی لەگەڵ هەردوو {وەزارەتی ناوخۆو گواستنەوەو گەیاندن} مۆڵەتی ڕەسمی بداتە ڕادێوتیڤیەکان ، بە لۆکاڵی و ئاسمانیەوە؛ هەروەها وەرگرتنی باج و ڕسومات بۆمۆڵەت و نوێکردنەوەی مۆڵەتی ساڵانەی کەناڵەکان و سکرینی ڕێکلام .
لەڕاستیدا ئەمەجگەلەوەی بەدەقێکی یاسایی تایبەت ، یان لە یاسای وەزەراتی ڕۆشنبیری دا ،بەماددە،یان بڕگەیەکی ڕوون و ڕاشکاو نەهاتووە ،کەئەم دەسەڵاتە بداتە ئەم وەزارەتە،یان ئۆرگانێک لەناو وەزارەتەکەدا ؛ ئەم دەستێوەردانەی وەزارەتی ڕۆشنبیری لەکاروباری میدیا،خۆی لەخۆیدا لەگەڵ ئەو دیدو فەلسەفەیەدا یەکناگرێتەوە، کە حکومەتی هەرێمی لەسەر دامەزراوە.. چونکە ئاراستەی دەسەڵاتی حوکمڕانی کوردستان هەر لەسەرەتاوە دیموکراسیانە بوو ، بەوشێوەیە بوو ،کە حکومەت دەسوەرنەداتە کاروباری میدیا و ڕاگەیاندن ئازاد بێت لە چواچێوەی یاسایەکی هاوچەرخدا..
ئەمە لەلایەک ،لەلایەکی دیکەشەوە ، ئەمڕۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندن گەورەبوون و میدیا بووەتە بازرگانی و پیشەسازی و دەزگای بەرهەمهێنان ؛ واتە ئەرکەکانی میدیا فراوان تر بووەو زەحمەتە ئۆرگانێکی حکومی بتوانێت ئیستیعابی هەموو ئەم کارو چالاکیانە بکات، لەڕێگەی چەند ڕێنماییەکەوە،کە ڕێنماییەکانیش ،جگەلەوەی پاڵپشتی یاسایی نیە،قسەی دیکەش هەڵدەگرن.
بۆیە بەدیدو تێڕوانینی خۆم ، بۆچارەسەری ئەو دوو کێشە سەرەکیەی کە هەرلەسەرەتاوە ئاماژەم پێداو بۆ ڕێکخستنەوەی باشتری کاروباری ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەگەریی بەگشتی لەهەرێمی کوردستاندا، پێویستە کار بۆ داڕشتن و دەرچوونی یاسایاکی گشتگیری هاوچەرخ بکەین ، یان لانی کەم لەم قۆناغەدا، یاسای تایبەت بۆ ڕادێو تیڤیە لۆکاڵیەکان و ڕێکلام دەربچێت ..هەروەها بەیاسایەکی تایبەت کاربۆ پێکهێنانی دامەزراوەیەکی سەربەخۆ لەدەرەوەی حکومەت بکرێت ، کە سەرپەرشتی تێکرای بوارەکانی ڕاگەیاندن بکات.
خۆئەگەر دەگوترێ لەوانەیە دەستوری ئێراقی ڕێگە نەدات ، چونکە ئەمە لە دەسەڵاتی حەسری دەوڵەتی فیدراڵە، من وائەزانم ئەوەش ئەلتەرناتیفی هەیەو بەتەواوی بەو شێوەیە نیە،بۆیەدەکرێ لەگەڵ بەغدا گفتوگۆی لەسەر بکەین،بەتایبەت ئاراستەکە وایە ،کە ئێمەنامانەوێت ئەم کارەجارێکی دیکە بخەینەوە ژێر ڕکێفی ناوەند.