چاوەڕوانی لە یەکگرتوو زیاترە .. بۆچی ؟! 

  بیست و سێ ساڵ بەسەر ڕاگەیاندنی یەکگرتوودا تێدەپەڕێت و تادێت چاوەڕوانیەکان لەو حزبە زیاتر دەبێت ، ھەروەک  گلە و گازندەش لێی شۆڕترو قوڵتر دەبێتەوە ، ھەرچەندە پاساو لەدوای پاساو لەلایەن بەرپرسان و کادیرانیەوە دەخرێنە ڕوو بۆ ڕایگشتی ، کەچی نابنە پارسەنگ و قەناعەت ، وە ئارامی بەناخ و دڵ و ڕۆحی ئەو خەڵکە نابەخشن ..

 دەکرێ ئەم پرسە بکرێتە پرسی ڕوناکبیرو خاوەن قەڵەمە دڵسۆز و بوێرەکان ، ئەوانیش بەجددی لێی بێنە دەنگ و نەقاڕیێکی دروستی بکەن و پێشکەشی شوێنی خۆی بکەن ، ھەروەک ئەرکی بەرپرسانی ئەو حزبەشە وەک دیاری بەنرخ ئەنجامەکە وەربگرن و لەدەرفەت و زەمەنی خۆیدا کاری تەواوی لەسەر بکەن ..

  ئەوەی مەبەستمە وەک بەرکوڵێک لەسەر ئەو ناونیشانە بیخەمە ڕوو ، ئەوەیە کە وەک تاکێکی ئیماندار و موسڵمانی کورد لەم ھەرێمەدا بە ئەرکی سەرشانی خۆمی دەزانم بەپێی ئاست و توانای خۆم لە پرسە زیندو و زەروری و ئانیەکاندا سەرەقەڵەم لەسەر دێڕەکان دابنێم و دڵسۆزانە سەرە و ژێرە بۆ پیتی پرسە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکان بنووسم ..

 یەکگرتوو ئەرکیەتی لەسەر ئەو خاڵە جەوھەریانەی چاوەڕوانیەکانی ھاوڵاتی و ڕای گشتی لەسەریان بونیادنراوە بەدروستی و ھاوسەنگی و مەحکەم و لەخۆڕابینین لەم وەختەی خۆیدا بووەستێ ، بەم شێوەیە :

*  ئامانج و خەسڵەت و نیشانکرد : کاتێک یەکگرتوو لە مەوسیمی خۆڕاگەیاندندا چاکسازی و ئیسلاحی گشتی کردە ئامانج و ڕاستگۆیی کردە خەسڵەت و شەفافیەت و ڕوونی کردە نیشانکرد بۆ ناساندنی ناسنامەی خۆی بۆ ڕای گشتی ، وە قۆناغ گەلێک بەچاکی ھاتە پێش و جوان دەرکەوت .. دەبینرێ لەوەودوا زادی ئەو ھەوراز بڕینەی کەمی کردوە ، ھەرچەندە ناشیەوێ دان بەو حەقیقەتەدا بنێت..

 دەی بەم کەمکردن و کاڵکردنەوەی توێشو و زادە ژمارەیەکی بەرچاو کارئەکتەرە چالاکەکانی سارد بونەوە ، یان درووست تر بڵێم سارد کرانەوە و لۆسەی باری سەنگین یان جێ ێشت ، ئەو وەختە ڕەوکردنی ئەم حزبە تایمی خۆی بەباشی وەرنەگرت و ئاڕاستەکەی دروست نەبڕی ، تاکو جار دوای جار ئەو ئامانج و خەسڵەت و نیشانکردەی خۆی پێناساند ، کاڵی نواند و ھاوڵاتی و ڕای گشتیش لەچاوەڕوانی و  ھیواداریان بۆی بەرەو کەمبوونەوە چووە .. 

*  پانتایی و ڕووبەری کار : ساحەی سیاسی کارکردنی یەكگرتوو ، وە ئەو بەرو ڕووبەرەی داویەتیە بەر ، کە دەکاتە ھەرێمی کوردستان تا ڕادەیەک سەخت بوو ، وە زەخت و فشاری بەرداشی تەماع و ترسی لەسەربووە ، وەک بینراوە ناوە ناوە ترس و تەماع کاری گەری خۆی لە ڕێژەیەک قیادە و کەوادری یەکگرتوو جێ ھێشتووە و ھەڵوێست گەلێکی لاواز پێیانەوە دەرکەوتووە ، ئەمەش بووەتە ھۆی دابەزینی ئاستی بەرگەگرتن و ھەڵمەتی بەتینی کارکردن لە زەمینەی ئەو دەڤەرەدا .. سەرەنجام لای ھاوڵاتی و ڕای گشتیش بووەتە ھۆی دابەزینی باڵانسی ئومێد و چاوەڕوانیان لە یەکگرتوو ..

* چاک دەرنەخستنی ھاوسەنگی نێوان تەماع و تموح : بێگومان زۆربەی خەڵکی کوردستان زۆر دڵنیایە لەو ڕاستیەی کە ئەو مرۆڤانەی ئیمانی ڕاست و ئیسلامی درووست پەروەردەیان دەکات باڵاترین نموونەن لە ڕەفتار جوانی و گوفتار شیری ،  وە حەتمەن ئەوان ئامادەن دوای ئەزموون کردنیان سەرو ماڵ و وڵاتیان پێ بسپێرن و لە دوایانەوە بووەستن .. 

بەڵام یەگرتوو بە قیادە و کەوادریەوە لەم ئەزموون کردنەدا کۆتاییان نەھاتووە ، ئەویش بەھۆی ھەندێ نموونەی لاوازی دەرکەوتوو لە زەمینەی تەماعی مەتاعدا لەلایەن ئاستی باڵاو وەسەتەوە .. لەکاتێکدا ئەوان لە تاقیگە دان و ھیوای زۆریان پێ بەسراوە ..  بەمەش لای ھاوڵاتی و ڕای گشتی ، یەکەی پێویست کەم دەکات و ڕەجاداری و چاوەڕوانی دادەبەزێنێ ..

 لەگەڵ خستنەڕووی ئەم بەرکوڵە لە ڕاستی ، قەناعەت و متمانەم وایە زۆربەی زۆری ھاوڵاتی و ڕای گشتی ئەم ھەرێمە ، متمانە و ھیوا و ئەمەلێکی زۆریان لەناخ و دڵدا ماوە و پەناداوە بەرانبەر یەکگرتوو ، وە نایانەوێت ئاوا بەئاسانی دەست ھەڵگرن لەم ھێزە فیتریە نەوعیە تاڕادەیەکی باش ئەزموون کراوە .. بەڵکو ھەل و فرسەتی زیاتری دەدەنێ و چاوەڕوانی گوڕو گەرمی و تینی لێ دەکەن ، گەر ھێزی بڕیاری یەکگرتوو جوان لەخۆی و لەوان تێبگات و بەدروستی ئەم چەمکانە بخوێنێتەوە و دەست و برد بکات لە خۆڕاگرتن و خۆ مەحکەم و تەیار کردندا ، بەتایبەتی ئێستا  کە ئاڵای گەشی وەحدەتی نێوماڵی ئیسلامی و پێکەوە ژیانی نیشتمانی ھەڵکردووە و ، خەریکە کەم کەم ئەسپی خۆی بۆ تاوو دەداو بەرەو پیری دەرفەت و ھەلە زێڕینەکە پەل دەھاوێ ..