دیدارى رۆشنبیران.. هەنگاو بەرەو چارەسەرى پراکتیکى بۆ کێشەکان

     یەکێک لەو حالەتە نێگەتیف و نەخوازراو و ناباشانەى  کۆمەڵگەى کوردى بریتی بووە لە دوو لەتى کوردستان لە رووى ئیدارى و سیاسى و کۆمەڵایەتى و رۆشنبیری و فەرهەنگییەوە، لەىشەڕى نەگریسى ناوخۆوە تا ئێستا رۆژ لە دواى ڕۆژ ئەو فۆڕمە لە هەرێمى کوردستان قولتر دەبێتەوەو نەخشەو ڕوکارەکانى زیاتر بەدەردەکەوێت، لەلایەکى تر مۆدێلى ناشەفافى و کێشانى نەخشەى سیاسى لە ژوورە داخراوەکان و دابەشکردن و تەخشان کردنى سەروەت و سامانى وڵات و دامەزراندن و بەڕێوەبردن و زۆر شتى تر لەسەر بنەماو بنەڕەتى سیاسى و حزبى و میزاج و قەبوڵنەکردنى ڕەخنەو چیقڵدانە تەسکى و میکانیزمى ڕق و کینە وەک بنەمایەک بۆسیاسەت کردن و ململانێ سیاسیەکان کارى پێ دەکرێت، بەهوى ئەو هەموو خراپیەوە تەنانەت سەرکردەکانیش ناتوانن خۆیان بدەنە بەردەم جەماوەرو دیدارى ڕاشکاوانەیان لەگەڵدا ساز بکەن.

     ئەوەى جێگەى دڵخۆشى و باس و خواس بێ هەوڵەکانى یەکگرتووى ئیسلامیى کوردستان بووە بە تایبەت لەسەر دەستى کەسى یەکەم بەڕێز (م. صلاح الدین محمد بهاءالدین- ئەمیندارى گشتى یەکگرتوو) کە ئەویش بریتی بووە لە دیدارو چاوپێکەوتنە ڕاشکاوەکانى لەگەڵ سەرجەم چین و توێژەکان بە تایبەت چینى رۆشنبیران و روناکبیران، لەو دواییەدا وەک نەریتى چەندین ساڵەى خۆى بەڕێزیان بۆ ئاسایى کردنەوەى دۆخەکەو وەرگرتنى ڕاى جیاواز بۆ چارەسەرى ئەو قەیرانانەى کە هەرێمى کوردستانى پێدا تێدەپەڕێت سازدانى دیدارو کۆبوونەوە بوو لەگەڵ رۆشنبیران و روناکبیران.

     لە سەرەتاى دیدارەکەدا بەڕێزیان بە وردى و راشکاوانەوە تیشکیان خستە سەر بارودۆخى ناوچەکەو ئەو قەیران و کێشانەى کە هەرێمى کوردستانى پێدا تێپەڕ دەبێت لە رووى سیاسى و دارایى و کۆمەڵایەتیەوە،  هەروەها خستنە رووى خاڵە هاوبەش و جیاوازەکانى لایەنەکان و بەڕێوەچوونى ململانێ سیاسیەکانى نێوانیان، دواتر چارەسەرى پێویست و هەنوکەیى بۆکێشەکان ئاشکرا کرد، لە تەوەرى کۆتایى دیدارەکەدا دەرگاى گفت و گۆو ڕاگۆڕینەوە واڵاکرا بۆ هەموو ئامادەبووان، ئەوەى بەندە تێبینى کردبێ لە بەشدارى ئامادەبووان لەو دیدارەدا:

  • نرخاندنى رۆڵى یەکگرتوو و سەرکردایەتیەکەى بوو لە هاوسەنگ مامەڵەکردن و ڕاگرتنى بارودۆخەکە بۆئەوەى بە ئاراستەیەکى خراپتردا نەبرێت.
  • نرخاندنى رۆلى میانڕەوانەى یەکگرتوو لە فکرو مومارەسەدا لە هەربارودۆخێکدا بێ.
  • نەبوونى ڕەخنەیەکى ئەوتۆ لەلایەن رۆشنبیرانەوە بەوەى کە یەکگرتوو یەکێک لە پرانسیپەکانى دیموکراسى و کارى سیاسى و ڕێبازى ستراتیژى بەزاندبێ، هەروەها یەکگرتوو هەنگاوێکى هەڵگرتبێت کە نەهاتبێتەوە لەگەڵ بنەماى پێکەوەژیان و چارەسەر بۆکێشەکان.
  • داواکردن بوو لە یەکگرتوو بۆئەوەى هەوڵەکانى زیاتر چڕ بکاتەوە بۆگەیشتن بە تەوافقى سیاسى و کۆکردنەوەى لایەنەکان بۆ گەیشتن بە چارەسەر.
  • بە ئینصافەوە قسە کردن و ڕاگۆڕینەوە لە لایەن رۆشنبیرانەوە بە تایبەت دیدارى هەولێر.

     بەڵام بەداخەوە لێرەو لەوێ هەندێک کاڵ فامی سیاسى و هەرزە لە ئیدارەدان و ململانێ سیاسیەکان، بەهۆى تێنەگەیشتنیان لە وتەکان و رونکردنەوەکانى بەڕێز ئەمیندارى گشتى و نەبوونى قدرەى تحلیلى دروست لایان و، بە باکگراوندێکى سیاسى و حزیى تەسک و پڕ لە رق و کینەو بوغزاوییەوە کەوتنە پەلەقاژەى سیاسى و نەیانتوانى قەبوڵى ڕەخنە بکەن کە بە شەفافی و ڕاشکاوانەو دڵسۆزیەوە ڕەخنەیان لێ گیراوە، کە دەتوانین بڵێین کە ئەوان بوون بەهۆى تێنەگەیشتنیان لە واقع و نەبوونى خوێندنەوەیەکى دروست بۆ بارودۆخى سیاسى و حزبى و کۆمەڵایەتى ناوچەکە ئەو دۆخەیان خولقاند کە لە هەرێمدا هەیە، ئەو بارودۆخەى کەهەیە لە قەیران و پشێوى سیاسى پشکى شێر بەر ئەوان دەکەوێت.

     وەک لاى زۆربەى رۆشنبیران و جەماوەریش ئاشکرایە کە بەڕێز ئەمیندارى گشتى یەکگرتوو لە دیدارەکەدا بە ڕاشکاوى و دوور لە بەرژەوەندیە سیاسیەکان دەستى خستە سەر برینەکان و  لە بەشێکى دیدارەکەو وەڵامى ڕۆشنبیراندا گوتى:

  • کۆمەڵە هەڵەیەک لە ڕابردوو کراوە ناکرێ هەر باس لەو هەڵانە بکرێت و کاى کۆن بە با بکەین، پێویستە هەنگاوى چارەسەر بهاوێژین و پەلەش بکەین لەو هەنگاوانە بە لێک تێگەیشتن و سازان گفتوگۆکان ئەنجام بدەین بەبێ پەراوێز خستنى هیچ لایەک، پێویستە بەپەلە هەنگاو بنێین و لەسەر بنەماى ئیستیحقاقى هەڵبژاردن دۆخەکە چارەسەر بکەین بۆ ئەوەى هەموارى چەند یاسایەک بکەین و چەند یاسایەکیش دەربکەین، بۆ نمونە یاساى هەڵبژاردن، یاساى ڕیفراندۆم، وە زۆر شتى تر کە پێویستە خۆمانى بۆ ئامادە ساز بکەین.
  • ئەو قینداریەى لە نێوان هاوڵاتى و حکومەتدا هەیە کارێکى خراپە، داواى ماف بە شێوازى مەدەنى خۆى کارێکى پیرۆزە بەڵام بەداخەوە لە کوردستان حزب ناڕەزایەتیەکان دەقۆزێتەوە بۆ مەرامى سیاسى و دەنیشێتە ملى ناڕەزایەتیەکان، کە ئەوە هەڵەیەکى گەورەیەو بە روونى لە ململانێ سیاسیەکانى هەرێمى کوردستان رەنگى داوەتەوە.
  • پەرلەمان شوێنێکى پیرۆزەو گەورەیە لاى ئێمە، ڕێزگرتن لەو دەزگایە واجبەو ئەرکەو گەورەییە، گەورەییە بۆ هەر لایەک کە بە گەورەو پیرۆزى دادەنێت، بە پێچەوانەشەوە دروستە، هەروەها بەڕێزیان گوتى (بیرى جەنابتان دەهێنمەوە کە ئێمە لە ساڵى (١٩٩٦) گوتمان ئەو کورسیانەى کە چۆلن لە پەرلەمان خاوەنى خۆیان هەیە کەس خێرى پێ نەکردوون هاووڵاتى پێى بەخشیون دەبێ ئەوانە بگەڕێنەوە شوێنى خۆیان، بەداخەوە لەو سەردەم و بارودۆخەدا پەرلەمان کارى خۆى دەکرد بەڵام ئێستا پەک خراوە لە ئەنجامى بەهەڵە مامەڵە کردن و ئیدارەکردن و گوێ نەدان بە سازان و ئیتیفاقە سیاسیەکان و نەخوێندنەوەى دروست بۆ بارودۆخە سیاسیەکان و بارودۆخ بە گشتى).
  • (٢٣)ى حوزەیران هەنگاوێکى یاسایى بوو، بەڵام هەنگاوەکە کەم و کوڕتى هەبوو چونکە زەمینەى سیاسى بۆ ساز نەکرابوو، هەموو کێشەکان لە هەرێمدا دوو لایەنى هەیە، یەکیکیان بریتیە لە رووە سیاسیەکە، ڕوەکەى تر بریتیە لە رووە سیاسیەکە دەبێ هاوسەنگى ئەو دوو لایەنە لەبەر چاو بگیرێ، زەرورە بزانین کە یاسا لە سیاقى سیاسەتدارۆلى دەبێت و دەبێ ئەو مەسەلەیە بە هەند وەربگیرێ، بەداخەوە لە هەرێمى کوردستان بنەماى (چاولێکەرى- رق و کینە- پێم خۆشەو پێم ناخۆشە- چیکلدانە تەسکى- قەبول نەکردنى رەخنە...هتد) بوونەتە بنەماى سیاسەت کردن و بەڕێوەبردنى ململانێ سیاسیەکان.
  • ئێمە ناکرێ پشتى شتەکان نەبینین و هەروا روکارى قسە بکەین و بڕیار لەسەر شتەکان بدەین، یەکگرتوو نەهجى عشوائیات نیە و نابێ خەتا ببەخشینەوەو کارمان ببێتە ئەو کارە، قەیرانەکان هەرچەندە زۆر بن بەڵام دەبێ ئیرادەى مرۆفەکان بەهێزتربن، دەبێ بزانین کە قەیرانەکان هەڵەى مرۆڤەکانن خەڵکى هەلپەرست هەر هەن بەڵام پێویستە بە یاسا مامەڵە بکەین و بارودۆخە سیاسیەکەش لەبەرچاو بگرین وە ئەو تاریکییەى کە هەیە نابێ بێ ئومێدمان بکات چونکە گرفت چەند زۆر بێ بەڵام تروسکایى هەر هەیە پێویستە بەپەلە هەنگاو بۆ ئەو تروسکاییە بهاوێژین.
  • بوونى حکومەت و دام و دەزگاو دامەزراوەکان لە نەبوونى باشترە، راستە حکومەت لەرزۆکەو ناتوانێ بژێوى و موچەو قوتى هاووڵاتیان دابین بکات، ئێمە دەبێ بەرەو چارەسەر بچین و دۆخەکە ئاڵۆزتر نەکەین و ئەمنیەت و ئاسایش گرنگ و پێویستە ئێمە هەموومان قەرزارى ئەمنیەتین، لە لایەکى تر دەبێ بزانین ئایا خواستە حزبیەکان ئەوەندە مەزمونن کە ئەمنیەت ناخاتە مەترسیەوە تو خەڵک هان دەدەى کێ دەڵێ دۆخى خراپتر ناخوڵقێ و ئەمنیەت ناخاتە مەترسیەوە؟ دەبێ ئاگادار بین کە حزبى سیاسى نابێ شاعیرانە مامەڵە بکات لەگەڵ بارودۆخ و روداوەکان، دەبێ عەقلانیەت و عەقلى سیاسى حزبەکان بە مەنطقێکى دروستەوە حزبەکان بجولێنى بۆ خوێندنەوەى بارودۆخ و دەرئەنجامەکان و پێشهاتەکان.

     ئەوەى سەرەوە کورتەیەک بوو لە وتەکانى بەڕێز ئەمیندارى گشتى یەکگرتووى ئیسلامیى کوردستان لە گەڵ رۆشەنبیران و روناکبیران لە شارى هەولێر کە لە بەروارى ٧/٢/٢٠١٧ لە هوتێلى نێودەولەتى هەولێر ئەنجامى دا، کە دەکرێت لە شوێنێکدا دەقاودەق وتەکەیمان نەگواستبێتەوە یاخود تێکەڵ بە لێکدانەوەو تحلیل کرابێ..

     لێرەوە پێویستە بگوترێت کە هەنگاوەکانى یەکگرتووى ئیسلامیى کوردستان جێگاى سوپاس و دەست خۆشی و پێزانین کە زۆرێک لە لایەنەکان و جەماوەرى خەڵکى کوردستان ئەو راستیە باش دەزانن، وە یەکگرتوو چاوەڕوانى زیاترى لێ دەکرێت لە لایەن جەماوەرو لایەنە سیاسیەکانەوە، ئەو دیدارەش هەنگاوێکى پراکتیکیە بۆ بەشدارى پێکردنى نوخبەیکى هۆشیار بۆ چارەسەر کردنى کێشەکان و بەشدارىە پێکردنیان لە بڕیارۆى سیاسى ، بەداخەوە ئەمڕۆ ئەوانەى رەخنەیان قەبوڵ نیەو لە پاڵ هەڵە سیاسى و ئیداریەکانى خۆیان کەوتونەتە پەلەقاژەو تاوانبارکردنى کەسانى ترو خەتاى خۆیان دەخەنە ئەستۆى ئەوانى تر بۆ شاردنەوەى شکستە سیاسیەکانیان.