گوێتان لە تەقەی ماچی فریشتەكانە؟!

 

ئەمێستا وڵات و نیشتیمان و سەرزەوی ئێمە نەك بووەتە (پێغەمبەرستان) بەڵكو یەك پارچە بووەتە نشینگە و مەملەكەتی فریشتەكان، ئاخر ئێوە قەت بیرتان لەوە كردووەتەوە تەنها -لانی كەم- لە ماوەی چەند ڕۆژ و (24) كاتژمێری ڕابردوودا چەند دڵۆپە باران و پرووشە بەفر داباریونەتە سەر زەوی؟ ئەی ئەگەر لەگەڵ هەر پرووشە و دڵۆپێكدا تەنها فریشتەیەكی لەگەڵ بووبێت، زەوی چەنێك ئاوەدان بووەتەوە بەو فریشتە نەزیهو پاكانە؟ ئەرێ‌ ئێوە گوێتان لە تەقەی ماچی فریشتەكانە كە چۆن ڕوومەت و سەرگۆنای تۆزگرتوو و گوناهگرتووی زەوی ماچ دەكەن؟ چاوتان لە فرمێسك و ئاوی سپی چاوەكانی ئاسمانە كە چۆن دەتكێنە سەر دەرودەشت و گەڵای دار و سەر شۆستە و شەقەماكان؟ دەبینن چۆن پرووشەی بەفر و تنۆكی باران تەقە لە دەلاقە و پەنجەرەی ماڵەكانمان دەدەن و داوای كردنەوەی دەروازەی دڵمان لێدەكەن؟ حەشاماتی فریشتەكان دەبینن كە لەگەڵ ورشەی پرووشەی بەفر و نمە و تاوە باراندا خەریكی خۆپیشاندان و ڕێپێوانن؟ دەیانبینن كە لە توانای هیچ هێز و پۆلیس و شارەوانی و چالاكی مەدەنی و ئاسایشێكدا نیە ڕێ‌ لە ڕێپێوانەكەیان بگرێت؟!
ئازیزان! ئەگەر تەنها بۆ خولەكێكیش بووە لە ماڵەكانتان وەرنە دەرەوە، یان چەترەكانتان لادەن، با چەند پرووشەیەكی بەفر و چەند دڵۆپێك باران بدات لە سەر و سیماتان و ڕوومەتتان تەڕ بكات، سا بەڵكو فریشتەیەكی میهرەبانیش بە ئەسپایی ڕوومەتتان ماچ بكات و دەنگی ماچەكەی بتانخاتە حاڵ...
بچنە بەر نەرمە دابارینی پرووشەی بەفر و وەشتی پڕ لە ڕەحمەتی باران و گوێ‌ لە ترپەی پرووشە و دڵۆپەكانیان بگرن، بزانن چۆن لەگەڵ ترپەی پێی فریشتەكاندا چ ئاواز و سەمۆنیایەكیان دروست كردووە... ئێوەش نزا بكەن لەگەڵ بەفر و بارانەكەدا و سرود و دوعای بەفر و باران بچڕن... بپاڕێنەوە كە بەفر و بارانی بەرەكەت و ڕەحمەت و خۆشی بێت و نیشتیمان و هاونیشتیمانیەكانمان پارێزراو و سەلامەت بن... لانەی بێنەوایان تێك نەچێ‌ و بێدەرەتانەكان پەناگیان نەشێوێ‌.
خوایەگیان! بەفر و بارانی ڕەحمەت و بەرەكەت بێت و دوور لە بەڵا و ناڕەحەتی و ئافەت بێت.
***