پیاوێک لێوانلێو لە (عیلم) و (حیلم) (پوختەیەک لە ژیاننامەى مامۆستا شەماڵ موفتى)

د. زانا ئەحمەد

مامۆستا شەمالڕ موفتى ساڵى 1955 لە شارى بەغدا و لە بنەماڵەیەکى خانەدان و ئاینپەروەر هاتووەتە دونیاوە. لەبەرئەوەى باب و باپیرانى پشت بە پشت موفتیى سلێمانى بوونە، خانەوادەکەیان (موفتی)ى پێوتراوە، نازناوەکەى مامۆستاش هەر لەوەوە هاتووە. لە بنچینەدا خەڵکى گوندى (دێلێژە)ى ناوچەى قەرەداغن و ڕەچەڵەکیان دەگەڕێتەوە سەر (پیر خدرى شاهۆ).
دواى تەواو کردنى خوێندنى سەرەتایى، لە قوتابخانەیەکى نموونەیی وەرگیراوە بە ناوى (کۆلێژى بەغدا) کە قوتابخانەیەکى تەبشیریی ئەمەریکى بووە. ئەو قوتابخانە ڕۆڵێکى گەورەى هەبووە لە بونیادى کەسایەتیی مامۆستادا، لەو قوتابخانەیەدا فێری زانستخوازى و جدییەت و نەرمونیانى بووە. هەر لەو ماوەیەدا و لە ڕێى هاوڕێیەکى بەناوى (سەرمەد دوورى) ئاشنایەتیى لەگەڵ ڕێکخستنەکانى ئیخوان پەیدا کردووە. ساڵى 1971 قۆناغى ئامادەییی لەو قوتابخانەیە تەواو کردووە و لە کۆلێژى کشتوکاڵى زانکۆى سلێمانى وەرگیراوە، ساڵى 1977 بە پلەى یەکەم تەواوى کردووە. ئینجا بۆ دامەزران ناوى لە شارى (کووت) هاتووەتەوە، بەڵام نەچووە. ساڵى 1984 هاوسەرگیریی کردووە و ماڵەکەى گواستووەتەوە سلێمانى و بۆ ماوەى نۆ ساڵ وەک مامۆستاى ئینگلیزى لە قوتابخانە ناوەندى و دواناوەندییەکانى ئەو شارە وانەى وتووەتەوە. لەو ساڵانەدا، لە ڕووى ڕۆحیی و مەعریفییەوە، سوودێکى زۆری لە (شێخ عەبدولحەمید) وەرگرتووە.
ساڵى 1988 هەوڵى داوە کۆمەڵەیەکى ژینگەپارێزى دابمەزرێنێت، بەڵام حکوومەت مۆڵەتى پێنەداوە. تا ئەوەى دواى ڕاپەڕین لەگەڵ مامۆستا (عەبدولڕەحمان سدیق) و چەند ژینگەدۆستێکى تر (کۆمەڵەى کوردستانێکى سەوز بۆ پاراستنى ژینگە)یان دامەزراندووە و هەر خۆشى بووە بە سەرۆکى ڕێکخراوەکە. دامەزراندنى ڕێکخراوێکى وا لەو کاتى قات و قڕییەدا، جێى حەپەسانى زۆرانێک بووە، بەرپرسانى (یوو ئێن) پێیان وتوون "سەیرمان بە ئێوە دێت، خەڵکى وا لە برسا دەرگاى ماڵەکانیان لێدەکەنەوە و دەیفرۆشن، کەچی ئێوە لەم کاتەدا لە خەمى ژینگەپارێزیدان!"
ساڵى 1993 و لەسەر پێشنیازى مامۆستا فازڵ حەیدەر، کەوتووەتە وتار دانەوە لە مزگەوتى (مەلا ئەمین)ى سلێمانى. ئەو وتارانە لە سەرەتادا هەر وتار دانەوەى ئاسایی بوون، بەڵام لە ساڵى 1995ەوە بە دەنگ و ڕەنگ تۆمار دەکران و بە ناوى (کۆباسەکانى میحراب) پەخش دەکران. دواتریش مامۆستا (عادل شاسوارى) بە یارمەتیی چەند خوشک و برایەک هەڵسا بە نووسینەوە و چاپ کردنیان. دواتر مامۆستا ئەو کۆباسانەى کردە بەرنامەیەک لە کەناڵى ئاسمانیی سپێدە، کە بەشێکى ئەڵقەکانى ئەو بەرنامەیە، بەم دواییانە لە کتێبێکدا بەناوى (چەپکە بەهاکان) کۆ کرانەوە و لەلایەن نووسینگەى (تەفسیر)ەوە چاپ کران. زۆرترین ناو و ناوبانگى مامۆستا بەهۆى ئەم دەرسانەى (میحراب)ەوە بڵاو بووەتەوە، کە لە میانەیاندا چەندین وانەى ڕۆحى و پەروەردەیی و زانستیی بە بەڵگەى بەهێز و شێوازێکى مۆدێرن و ئەو پەڕى نەرمونیانى دەدایەوە.
مامۆستا لە بوارى نووسینیشدا کەسێکى بەتوانا و چالاک بوو، گەلێک وتارى بۆ پاشکۆى عەرەبیی ڕۆژنامەى یەکگرتوو نووسیوە و چەندانى تریشى لە ئینگلیزییەوە وەرگێڕاوە و لە گۆڤارەکانى (العلوم) و (نوروز)دا بڵاوى کردوونەتەوە. خاوەنى دوو کتێبیشە لە بوارى ژینگە بەناوەکانى (ئایندەى هەسارەکەمان) و (گۆڕانکاریى کەش و هەوا).
مامۆستا کەسێکى زۆر ژینگە دۆست بوو، بەهۆى چالاکییەکانییەوە لەو بوارەدا، چەند پۆستێکى بەرزی حکوومیی وەرگرتووە. ساڵى 2003 لە وەزارەتى ژینگەى حکوومەتى کاتیی عێراق بووە بە بەڕێوەبەرى گشتیى فەرمانگەى هونەرى. پاشان گەڕاوەیەوە کوردستان و وەک ڕاوێژکار لە وەزارەتى ژینگە دەست بەکار بوو.
قەدەرى خوا وا بوو مامۆستا تووشی نەخۆشیی شێرپەنجەى (پڕۆستات) بوو. لەکاتێکدا کە زۆربەى زۆری ئەو کەسانەی تووشی ئەو نەخۆشییە دەبن، ورەیان دەڕووخێ، ئەم لەو کاتەشدا ورەى بە ساغەکان دەبەخشی. ئەو دەیوت "زۆرم قسە کردووە، ئێستا خوا بە عەمەلی تاقیم دەکاتەوە". پزیشکێکى دەروونى کە لەو کاتەدا سەردانیی کردووە، هێند بەو ورە بەرزییەى دۆش داماوە، وتارێکى لەسەر نووسیوە بە ناوى "ئەو پیاوەى مردن لێى دەترسێت"! تا ئەوە بوو دەمەو ئێوارەى 19/2/2016 لە هەولێر، ڕۆحە پاکەکەى بۆ لاى ئەو پەروەردگارەى چەندین ساڵ بوو پەرۆشی دیدارى بوو، بەرز بووەوە. ڕۆژى دواتریش لەسەر وەسیەتى خۆى، گوازرایەوە سلێمانى و لە گردى سەیوان بەخاک سپێررا.

تێبینى: ئەم وتارە پوختەى بەشێکە لە کتێبێکى نووسەر بە ناوى (مەردانێک) کە لە داهاتوودا بڵاودەکرێتەوە