پرسی ولایه‌تی بارزانی و هه‌ڵویستی یه‌كگرتوو

پرسی ویلایه‌تی بارزانی له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێم مایه‌ی مشتومڕ و لێكدانه‌وه‌ی زۆره‌ و تا ئێستاش درێژه‌ی هه‌یه‌ و سات نا ساتێك وه‌ك بابه‌تێكی سیاسی و یاسایی ده‌بێته‌وه‌ به‌جێی بایه‌خی میدیاكانی هه‌رێم كه‌ ئه‌مه‌ش له‌وه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتووه‌ كه‌ كه‌ پرسه‌كه‌ كۆتایی پی نه‌هێنراوه‌ و ئه‌و پرۆژانه‌ی هه‌ن بۆ چاره‌سه‌ر جگه‌ له‌ قسه‌ و بابه‌تی زاره‌كی به‌كردار هیچ به‌دی ناكرێت و له‌م سۆنگه‌وه‌ نا ئاسایی نیه‌! كه‌ هه‌ڵویسته‌كانی ئه‌مینداری گشتی یه‌كگرتوو جێگه‌ی بایه‌خ و گرنگی پێدانی ڕاگه‌یاندنی كوردی بێت به‌ حوكمی پێگه‌ سیاسی و جه‌ماوه‌رییه‌كه‌ی یه‌كگرتوو و خودی كه‌سایه‌تی ئه‌مینداری گشتی، به‌لام ئه‌وه‌ی كه‌ نائاساییه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌رجاره‌ و په‌ره‌گرافێك له‌ ووته‌كانی ئه‌مینداری گشتی و به‌ده‌ر له‌ سیاق و بۆنه‌ی‌ ئه‌و ووته‌یه‌دا ده‌ربهێنرێت و بكرێته‌ مانشێتی ئامانجدار و به‌ماڵكردنی له‌سه‌ر ئه‌مینداری گشتی و یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان به‌ شێوازیكیش وه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌مینداری گشتی یه‌كگرتووی وه‌ك كه‌سایه‌تی و یه‌كگرتووی ئیسلامیش وه‌كو لایه‌نی سیاسی ته‌واو پشتگیری له‌ مانه‌وه‌ی بارزانی بكه‌ن و داكۆكیكاربن له‌ شه‌رعییه‌‌تی ولایه‌تی ئێستای سه‌رۆكی هه‌رێم كه‌ له‌ ١٩ی ئابی ٢٠١٥ بۆته‌ جێگه‌ی مشت و مڕێكی سیاسی و قانونی و تا هه‌نووكه‌ش یه‌كلا نه‌بۆته‌وه‌ و ناشبێت به‌ ئاسانی " بۆیه‌ جیگه‌ی خۆیه‌تی له‌م ڕوانگه‌وه‌ ئه‌م بابه‌ته‌ له‌چه‌ند خاڵێكدا چڕ بكه‌ینه‌وه‌ :
مامۆستا سەلاحەدین محەمەد بەهادین به‌ر له‌ كۆنگره‌ی حه‌وت و هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ی وه‌ك ئه‌مینداری گشتی و پێش ئه‌وه‌ی ئاڵۆزییه‌كان بگاته‌ ترۆپك نامه‌یه‌كی كرا‌وه‌ی ئاراسته‌ی سه‌رجه‌م لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی هه‌رێم كرد و ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه‌ ده‌بێت ئه‌ندازیارانه‌ ده‌ست ببریت بۆ ئه‌م بابه‌ته‌ چونكه‌ ئه‌م پرسه‌ باڵۆن نیه‌ بۆ یاریكردنی سیاسی، به‌ڵكو لوغمه‌ و ده‌ته‌قێته‌وه‌.
مه‌خابن ئه‌وكات ئه‌م ئاگاداركردنه‌وه‌ و ده‌ركپێكردنه‌ به‌ هه‌ستیاری بابه‌ته‌كه‌ وه‌ك هه‌ڵسه‌نگاندنی بۆ نه‌كرا زۆر بێ باكانه‌ ده‌ستی بۆ برا سه‌ره‌رای بوونی هه‌وڵێكی ئیقلیمی و نێوده‌وڵه‌تی و ته‌نانه‌ت نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانیش كه‌ له‌ كۆتایدا هه‌موو ئه‌م هه‌وڵانه‌ سه‌ری نه‌گرت و‌ بووه‌‌ قوربانی جۆرێك له‌ عینادی سیاسی و خویندنه‌وه‌ی ناواقیعی گۆڕه‌پانی هه‌رێمی كوردستان، ئه‌وه‌ ڕوویدا كه‌ ڕوویدا و تائێستاش پرسی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم وه‌ك كێشه‌یه‌كی بنه‌ره‌تی ماوه‌ته‌وه‌ هه‌ركاتێكیش ده‌ست پێبكاته‌وه‌ ده‌بێت له‌و خاڵه‌وه‌ ده‌ست پێبكات كه‌ چه‌ند ڕۆژێكی پێویست بوو ئه‌وكات، به‌ڵام دوای زیاتر له‌ ساڵ و نیوێك ڕه‌نگه‌ ئه‌مجار چه‌ند ساڵێكی بوێت بۆ چاره‌سه‌ر، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ زه‌مینه‌ی سیاسی ئه‌وكات و نزیكی هێزه‌كان له‌ یه‌كتری و نا له‌باری كه‌شوهه‌وای سیاسی ئێستا و دووریان له‌یه‌كتره‌وه‌ كه‌ ته‌واو پرۆسه‌كه‌ قورس و دژوار ده‌كات.
ئه‌مینداری گشتی یه‌كگرتوو وه‌ك كه‌سایه‌تی و یه‌كگرتووی ئیسلامیش وه‌كو حیزبیكی سیاسی هه‌میشه‌ جه‌ختیان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كردۆته‌وه‌ كه‌ ولایه‌تی بارزانی له‌ ڕووی یاسایه‌وه‌ كۆتایی هاتووه‌ و ته‌نانه‌ت پارتی خۆشیان دان به‌مه‌دا ده‌نێن و ئه‌وكاتیش پارتی ده‌یوست له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كان دانووستان بكات بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌م بابه‌ته‌ و یه‌كگرتووش ڕۆڵێكی باڵای بینی به‌وه‌ی ئاراسته‌ی گفتوگۆكان به‌ ڕووله‌ چاره‌سه‌ر بێت و ته‌نها به‌ربرسیاریەتیەكه‌ نه‌كه‌ویته‌ سه‌ر ئه‌ستۆی په‌رله‌مان، چونكه‌ له‌دوایدا په‌رله‌مان نوێنه‌رایه‌تی هێزه‌كان ده‌كات ئه‌گه‌ر هێزه‌كان بگه‌نه‌ ڕێكکه‌وتن هه‌ڵبه‌ت ڕێكاره‌ یاسایه‌كه‌شی ئاسانتر و ساناتر ده‌ڕوات، به‌ڵام دیاره‌ كه‌ وه‌ك پێویست پرۆسه‌ی سازان نه‌چەوه‌ پێش وعینادی پارتی و گۆڕان ته‌واوی پرۆسه‌كه‌ی په‌كخست. 
هه‌ڵوێستی ئێستا و ڕابردووی یه‌كگرتووش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ولایه‌تی سه‌رۆكی هه‌رێم كۆتای پێهاتووه‌ و ده‌بێت چاره‌سه‌ری سیاسی و یاسای بۆ بدۆزرێته‌وه‌ و به‌ته‌واوی موعاله‌جه‌ بكرێت.
كه‌ ئه‌وه‌یش به‌ستراوه‌ته‌وه‌ بۆ كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان كه‌ هیچ پاساوێك بۆ په‌كخستنی نه‌بوو و ناشبێت له‌ هێچ قۆناغێكی سیاسیدا ده‌زگای ته‌شریعی هه‌رێم په‌كخرێت، چونكه‌ به‌ ته‌واوی مانا لێدانه‌ له‌ یاسا سه‌ر‌وەری و ته‌واوی ئه‌زموونی هه‌رێم ده‌خاته‌ ژێر پرسیاره‌وه‌ و ناشكرێت و ناشبێت بێ په‌رله‌مان كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكرێن .
 ئه‌و وتانه‌ی كه‌ ئه‌مینداری گشتی باسی له‌وه‌ كردووه‌ مانه‌وه‌ی بارزانی له‌ نه‌مانی باشتربوو له‌ سیاقی خۆیدا ووتراوه‌ كه‌ باس له‌ بوونی فه‌راغی قانونی و سیاسی پۆستی سه‌رۆكی هه‌رێمه‌ نه‌ك (شه‌رعییه‌ت و نا شه‌رعییه‌ت) خۆ ڕوونیشه‌ كه‌ هیچ لایه‌نێك كاندیدی نه‌بێت و ئاسۆیه‌كیش نه‌بێت بۆ چاره‌سه‌ر بۆ پۆستی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم پۆسته‌كه‌ به‌ بۆشای ده‌هێڵێته‌وه‌ و فه‌راغیكی قانونی دروست ده‌بێت جا بارزانی بێت یان هه‌ر به‌رێزیكی تر و به‌پێى هه‌موو نه‌ریته‌ سیاسه‌ و ڕێكاری ده‌ستوری و یاسایه‌كانی جیهان ناكرێت پۆسته‌ سیادییه‌كان به‌ بۆشای بمینته‌وه‌ و ته‌نانه‌ت زۆر جار ناكرێت به‌ وه‌كاله‌تیش بێت.
ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌ كه‌ هه‌رێم له‌ قۆناغێكی سیاسی و ئە‌منى هه‌ستیاردایه‌ و ئه‌مه‌ش نه‌ڕه‌وایه‌تی دانه‌ به‌ ولایه‌تی بارزانی و نه‌ لایه‌نگیرییه بۆ هێزێكی سیاسی، چونكه‌ له‌ كۆتایدا شه‌رعییه‌ت له‌ جه‌ماوه‌ره‌وه‌ وه‌رده‌گیریت، هیچ هێزێكی سیاسی ناتوانێ شه‌رعییه‌ت بدات به‌ پۆستێكی باڵا ئه‌گه‌ر له‌ ڕووی یاسایه‌وه‌ كۆتای هاتبێت و ده‌بێت به‌هه‌مان رێكاره‌ یاسایه‌كان شه‌رعییه‌تی پێ بدرێته‌وه‌ .
ئێستاش ئه‌گه‌ر ژیره‌كانی ئه‌م هه‌رێمه‌ سنورێك بۆ بابه‌تی پرسی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم دانه‌نێن و كۆتایی به‌م مه‌سه‌له‌یه‌ له‌ سیاقێكی قانونیدا نه‌هێنن، ده‌بێت چاوه‌نواری دووباره‌ بونه‌وه‌ی ١٣ ی حوزه‌یران و ٢٣ ی حوزه‌یران و ١٩ ی ئابه‌كان بین ئه‌و كات باجی نه‌گه‌یشتنه‌ چاره‌سه‌ر نه‌وه‌كان و هه‌رێم به‌گشتی ده‌یدات و ڕه‌خنه‌ له‌ بڕگه‌یه‌ك یان ساتێكی مێژوویی هیچ له‌ هه‌ستیاری دۆخه‌كه‌ و كرۆكی پرسه‌كه‌ ناگۆڕێت بۆیه‌ له‌ده‌ستدانی ئه‌زمونێك خراپتره‌ له‌ سازش نه‌كردن – ئه‌گه‌رچی هه‌موو سازشێك تاڵه‌ - ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی هه‌موان ئاشناین به‌ سنوربه‌ندییه‌كانی دێگه‌ڵه‌ و ئه‌گه‌ر له‌ سۆنگه‌ی موزایه‌ده‌وه‌ نه‌بێت ده‌زانین سنوری ده‌سه‌ڵاته‌كانی بارزانی چیه‌ و كوێیه‌! 
هه‌روه‌ك چۆن نه‌گه‌یشتن به‌ ئه‌نجام جگه‌ له‌ ئه‌گه‌ری له‌ده‌ستچونی كۆی ئه‌زمونه‌كه‌ له‌م دۆخه‌ هه‌ستیاره‌دا، ئه‌گه‌ری تۆخكردنه‌وه‌ی سنوری دوو ئیداریش له‌ ئارادایه‌، له‌م ڕوانگه‌وه‌ ده‌بێت بڵێین به‌رپرسیارێتى پارتی زیاتره‌ و ده‌بێت ئه‌و هه‌نگاوی كرداری بنێت و به‌ پله‌ی دووش یه‌كێتی ده‌توانێ ڕۆڵی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ی هه‌بێت بۆ چاره‌سه‌ركردنی دۆخی هه‌رێمی كوردستان .