كـۆچی گەنجـان،هۆكار و چارەسەر

كۆچكردن بریتییە لە جێ هێشتنی خاك وخەڵك و نیشتیمان كەتیایدا دەژی، بەرەو خاك وخەڵك ونیشتیمانێكی تر بە ئامانج و مەبەستێكی دیاری كراو و نیەتێكی پێشوەختە لەبەر هۆكار و بەربەستی جۆراو جۆرەوە .

كۆچی ئەمجارەی هاووڵاتیان بەگشتی و گەنجان بەتایبەتی دیوێكی خۆماڵییەو پەیوەندی بە وڵات ونیشتیمان و هەرێمی ناوەوەوی خۆمان هەیە، دیوەكەی تری نێودەوڵەتییە كە لێشاوێكی بەرفراوانی كۆچكردن لە وڵاتانی پڕ قەیرانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە بەرەو وڵاتانی ئەوڕوپا بووە.

ماناكانی كۆچكردن:

1- كۆچی مەعنەوی : كۆچی واتایی و ڕۆحی و دەروونی مرۆڤە لە ماناو زیهن و بیر و پاڵنەرە دەروونییە خراپەكان بەرەو ئیمان و دەروونێكی ئارام عەقڵێكی دروست و لاشەیەكی تەندروست ؛ كۆچكردنە لە تاوان وخراپەكاری بەرەوباشی و لێخۆشبوون و چاكەكاری ، كۆچە لە مرۆڤێكی كردار چراپ بەرەو مرۆڤێكی كردارچاك و باش.

كۆچكردنە لە ژیانێكی بێبەرنامەو هەرەمەكی وبێ مەبەست و بێ مانا بەرەو ژیانێكی پڕلە پلان و بەرمانەڕێژی ڕێكخستنی كات و كارەكان و بوونی ئامانجی بەرزو هەوڵدان بۆ گەیشتن بە بەها باڵا و لوتكە بەرزەكان .

2- كۆچی فیزیكی (( لاشەی)) : بریتییە لە كۆچكردن وجێهێشتنی خاك ونیشتیمان بەرەوخاك ونیشتیمانێكی تر، كە باسەكەی ئێمە لەسەر ئەم شێوەی كۆچكردنەیە .

بەهانەكانی كۆچكردن پێویستە بەهێزبن تاوەكومرۆڤ نیشتیمانی بۆ بەجێ بهێڵێت ، هەروەك پێویستە پەیامێكی گەورەو مانایەكی شكۆدار ومەبەست و ئامانجی بەرز و دیاری كراو لە پشت كۆچكردنەكەوە هەبێت ، هەروەك پێشەوای مرۆڤایەتی پێغەمبەر درودی خوای لەسەر بێت كۆچەكەی لە شاری مەدینەوە بۆ شاری مەككە ؛ كۆچ بوو بۆكۆتایی هێنان بە ستەم و زوڵم و بەرپاكردنی ئازادی وسەربەستی و بونیادنانی ژیانێكی شارستانی وپێكەوە ژیان و برایەتی و ئاشتی و ئارامی لە ژێر خیوەتگەی پەیامی میانڕەوی ئیسلامدا .

 

هۆكارەكانی كۆچی گەنجان لە هەرێمی كوردستان

1-قەیرانەكانی هەرێمی كوردستان لەموچەو بودجەو گرفتە سیاسیەكان و ئابووردییەكان.

2-بێكاری و دەستنەكەوتنی كار.

ئەم پێداویستییە بنەڕەتییەی كە هەموو گەنجێك ئاواتی بۆ دەخوازێت بریتییە لە :

-پێكهێنانی ژیانی هاوسەری

-بوونی شوێنی نیشتەجێ بوون

-بوونی كارێك وەك سەرچاوەی بژێوی ژیان

3- ناڕۆشنی لە داهاتوویەكی پڕشنگدار ..

4- نائومێد بوونی گەنجان لە سیستەمی سیاسی و دەسەڵاتی حكومەت و دەزگاكان و حیزبە سیاسییەكان و سەركردەكان و كۆی كایە سیاسی و كارگێڕییەكە ، كە ناتوانێت چاكسازی ڕاستەقینە بكات و گەندەڵی نەهێڵێت و حكومەتێكی دادپەروەرەو چاكسازو خزمەتگوزار بۆ هاووڵاتیان فەراهەم ببێت .

5-ڕێگادان ودەرگاكردنەوە بۆ وەرگرتنی پەنابەران لەلایەن هەندێك وڵاتی ئەوروپییەوە بە هەر هۆكارو بیانوو ئەجێندای تایبەت بەم وڵاتانەوەبێت ، هاندەری زیاتری كۆچكردن بوون .

6- چاولێكەری و كاریگەری كۆچی گەنجان لە وڵاتانی تر.

7- فەرامۆشكردنی گەنجان و گوێ‌ نەگرتن لێیان.

چارەسەرەكان


1- چارەسەرە سیاسی یەكان:

پارتی سیاسی رۆڵێكی گرنگ دەبینێت لە ئاراستەكردنی كۆمەڵگە، چونكە بەرێوەبردنی وڵات و پاراستنی بەرژەوەندییەكانی هاونیشتمانیان و بەشداری و پێكهێنانی دەزگا فەرمیەكانی وڵات بەشی زۆری لەڕێگای پارتە سیاسی یەكانەوە دەبێت، بۆیە پێویستە لەسەر پارتە سیاسیەكانی كوردستان گرنگی تایبەت بە گەنج بدەن و وازبێنن لە دروشم وبەكارهێنانی ناوی گەنج و پێهەڵدانی بێ‌ كردار ، لەلایەكی ترەوە هەل و بواریان بۆ برەخسێنن تاوەكو بتوانن لە جومگە سیاسی و هەستیارەكاندا بەشداربن و خۆیان بسەلمێنن، هەروەك پێویستە حكومەت و پەرلەمان و دەزگا شەرعیەكانی كارگێری و سیاسی خواستی گەنجان و بەشدارییان لەم دەزگایانە بە گرنگ بزانن و سوود لە وزەو توانا و بەهرەكانی گەنجان وەرگرن، تاوەكو هیواو ئومێد بۆ گەنجان دروست ببێتەوەو خۆیان لە دەزگاكانی بەرێوەبردنی وڵات و پارتە سیاسیەكاندا بدۆزنەوە.

2-چارەسەربوونی قەیرانەكانی هەرێم:

چارەسەر بوونی ئەم قەیرانانەی كە رووی لە هەرێمی كوردستان كردوە لەسەر دوو ئاست:

ئاستی یەكەم: چارەسەر بوونی قەیرانە ناوخۆییەكان وەكو موچە.

ئاستی دووەم: كەمبوونەوە و نەمانی مەترسی یەكجارەكی شەری نەگریسی سەپێندراوی تیرۆریستانی داعش لەسەر خاك و سنور و ناوچەكانی هەرێمی كوردستان.

3- چالاك بوون و ئەكتیفكردنی حكومەتی هەرێمی كوردستان:

بەداخەوە ئەم قەیرانە داراییەی كراوەتە بەهانەیەكی گەورەو ئاسان بۆ خۆدەربازكردن لە هەموو بەرپرسیاریەتیەكان و ئەنجامنەدانی كارە پێویستیەكان و كەمتەرخەمی لەراپەراندنی ئەركەكاندا، چونكە ئێمە لە كاتی ئاسایی وبێ‌ كێشییدا ناتوانین بە پلان و دووربینی كار و ئەركەكان بە ئەنجام بگەیەنین، جا لە كاتی قەیران و شەردا دەیبێت چۆن بتوانین؟!

لە ئەستۆگرتن و وەرگرتنی دەسەڵات و متمانەپێدانی خەڵك بەرپرسیاریەتی یە لەهەر بارودۆخێكدا بێت، بۆیە ئەركی حكومەتە بەدوای چارەسەركردنی كێشەی دارایی و دابین كردنی موچەی فەرمانبەراندا بگەرێت و ڕێگای دروست بدۆزێتەوە بۆ چارەسەركردنی قەیرانەكان و هاوڵاتیان دڵنیا بكاتەوە و ئاراستەیان بكات، كە ئێستاو ئایندەیان پارێزراوە.

لەگەڵ چارەسەربوونی گرفتە داراییەكان دۆزینەوەی هەلی كار و بۆ گەنجان و پێدانی پێشینەی هاوسەگیری و دابینكردنی شوێنی نیشتەجێ‌ بوون هاندەرو هۆكارێكی باشە بۆ چارەسەربوونی گرفتەكانی گەنجان و كەمكردنەوەی رێژەیی كۆچكردن.

4- دەزگا پەروەردییەكانی كۆمەڵگە رۆڵی خۆیان ببینین لە پەروەردەكردن و ئاراستەكردنی گەنجان وەكو ماڵ و قۆناغەكانی خوێندن و نەریت و كەلتوری نێو كۆمەڵگە.

5-دەزگاكانی ڕاگەیاندن رۆڵی ئیجابی و ئاراستەی دروست و بەخشینی ئومێد و هیوا بە داهاتوو لای گەنج دروست بكەن.

6- رێكخراوەكانی تایبەت بە گەنجان خەمەكانی گەنجان هەڵبگرن و كێشەو گرفتەكانیان بگەیەننە لایەنی پەیوەندیدار و هەوڵی دۆزینەوەی رێگا چارەی گونجاو بدەن بۆ چارەسەركردنی ئاریشەكانی گەنج .

7- توێژینەوەی زانستی: ئەنجامدانی توێژینەوەی تایبەت بە گرفتەكانی گەنجان و دیاردەی كۆچكردن و كاریگەری و هۆكارو رێگاكانی چارەسەربوون بخرێتە روو لەلایەن دەزگای تایبەت و لایەنی پەیوەندیدار.

8- بونیاتنانی تواناكانی گەنجان و دۆزینەوەی دەرفەتی كار و بەگەرخستنی توانا و وزەكانی گەنج بەباشترین شێوە.

9- بەهێزكردنی ئینتمای نیشتمانی و خۆشویستنی وڵات و كۆچ نەكردن لە خاك و نیشتمان.