پەیوەندیە دبلۆماسیەكانی عێراق بە ووڵاتانی دراوسێ

  یەک شەممە, 26 شوبات 2017 13:21

 


ئەگەر سەیری نەخشەی عێراق بكەین ئەبینین كۆمەڵێ دراوسێی هەیە كە ئەوەی ئێستا گرنگەو پێویستە لە سەری هەڵوێستە بكەین بریتین لە هەر یەكە ( ئیران و توركیا و سعودیە ) ، ئەم سێ دەوڵەتە هە ر یەكەیان بە جۆرێك لە جۆرەكان كاریگەری ڕاستەو خۆ یان ناڕاستەو خۆیان لە سەر واقعی سیاسی عێراق هەیە ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ چەند خاڵێك :


1- پەیوەندی مێژوویی ئێران لە گەڵ لایەنە شیعەكان و خۆ بە قەرزار بار زانینی ئەو لایەنانە بۆ ئەم ووڵاتە ، ئەمە لە لایەك لە لایەكی تر كار نەكردنی ووڵاتانی عەرەبی بۆ لە خۆگرتنی عیرا ق لە دوای ڕوخانی ڕژێمی صەدام بە بە هانەی ئەوەی كە ئەم ووڵاتە شیعە ئەیبا بەڕیوە و ئیتر خێری نەماوە .


2- چاو تێ بڕینی مێژوویی توركیا لە بەشێك لە خاكی عیراق و بە كار هێنانی لایەنە توركمانەكان بۆ ئەم مەبەستە ، یان پەیوەندی بەستن لە گەڵ بەشێك لەهەرێمی كوردستان هەم بۆ كەڵكی ئابوری هەم بۆ فشار خستنە سەر حكومەتی بەغداد .


3- قۆستنەوەی واقعی سوننەكان لە لایەن سعودیە و توركیا بۆحیساب ڕاست كردنەوەی خۆیان لە گەڵ حكومەتی بەغداد .


ئەمانە هەموو وایان كردوە بڕیاری سیاسی لە عیراقدا هەمیشە بە شێواوی لە دایك بێت بە تایبەتی ئەوانەی پەیوەندیان بە ڕێكخستنەوەی واقعی دبلوماسی عیراق هەیە لە گەڵ دراوسێكاندا .
عیرا ق بۆ ئەوەی پەیوەندیە دبلوماسیەكانی جارێكی تر هاوسەنگ بكاتەوە لە گەڵ ئەم وڵاتانەی باسمان كرد پێویستە خۆی بە دور بگرێت لە ( هاوسەنگی هێز ) لە سیاسەتی دەرەوەیدا و ئەمەش وا ئەكات كە كێشمەكێشێكی توند لە سەر ئاستە جیاوازاكان دروست بێت چ سەربازی یان ئابوری یان لەڕوی كەڵچەروو ڕۆشنبیریەوە ، ئەمەش وا ئەكات ئەوەی بردنەوە تۆمار ئەكات لە سەر حسابی دۆڕانی لایەنەكەی تر ئەبێت ، جابۆ ئەوەی لایەنەدۆڕاوەكە سەركەوێتەوە پێویست ئەكات خۆی بەهێز بكات و ئەمەش وا ئەكات بۆ هەمیشە ئەم دوو دراوسێیە لە كێشمەكێشی بەردەوامدا ئەبن و ئیتر بەرژەوەندی هەردو لایەن هەمیشە لە بەردەم ترسناكی و لەبار بردندا ئەبێت و شتێك نامێنێت ناوی ئاشتی بێت لە گەڵ ئەم دراوسیەدا كە ناتوانی لەخۆتی دوور بخەیتەوە لە روی جغرافیاوە ، هەر بۆیە ئەم تێروانینە لە پەیوەندیەكان هەمیشە عیراقی توشی بۆ دواوە چون كردوە چ لە كاتی حوكمی صەدام چ ئێستاش ، بۆیە پێویستە پەیوەندیە كانمان لە گەڵ دراوسێكان لە سەر بنەمای هێز دانەڕێژین بەقەدەر ئەوەی لە سەر بنەمای بەرژەوەندی دوولایەنە دای بڕێژینەوە لەم سۆنگەیەوە لەكاتی داڕشتنەوەی پەیوەندیەكانمان لەگەڵ وولاتانی دراوسێ لە سەر بنەمای بەرژەوەندی چەند سودێكی كاتی و ستراتیژی بۆ ئێمە دەبێت بەكورتی ئاماژەی پێ دەكەین :


1- لەم كاتەدا كە عیراق بەدەست شەڕی ئیرهاب و داعشەوە ئەناڵێنێ ،پێویستی بە یارمەتی چەند لایەنە هەیە تا ڕزگاری ببێت و خۆ بە تەنیا ناتوانێ ئەم شەڕە بباتەوە .


2- لەڕوی ئابوریەوە بە تایبەتی دوای شەڕی داعش عیراق پێویستی بە ئاوەدان كردنەوە هەیە ئەمەش بە تەنیا بە عیراق ناكرێ ئەكرێ كەڵك لە دراوسێكانی وەربگرێت .


3- سەر مایە گوزاری بۆ مەودایەكی دوور خایەن كە ببێتە مایەی هەستانەوەی ژێرخانی ئابوری ئەمەش بە تەنیا بەعیراق ناكرێ پێویستی بە دراوسێكانی هەیە .


4- لە ڕوی كۆمەڵایەتیەوە عیراق تێكەلی ئەم دراوسێیانەیە و ڕەگی مێژوویی كۆمەڵایەتی لە نێوان ئەم دراوسێیانەدا هەیە ، بۆیە هەر گرژی و تەم و مژێك لە سەر ئاستی سیاسی كاریگەری لە سەر ئاستی كۆمەڵایەتیش ئەبێت و زۆر جار كەڵكی خراپی لێ وەر ئەگیرێت یان بەكار ئەهێنرێت دژ بە ووڵات ، جا بۆیە پێویستە داڕێژەرانی سیاسەتی دەرەوەی عیراق هەنگاو بە سەر كۆمەڵێ بەرژەوەندی تاكە كەسی و دور كەوتنەوە لە مێژوو و كار كردن لە سەر تێك دانی هاوسەنگی بهێنن و دراوسێكان وەك یەك ببینن و تاكە معیار بۆ پەیوەندی دراوسێیەتی بەرژەوەندی باڵای ووڵات بێت نەك شتی تر .

A