حكومه‌تی هه‌ژاره‌ وحزب ده‌وڵه‌مه‌نده‌!


حكومه‌ت بۆچی دامه‌زراوه‌؟ئه‌وه‌ی شاره‌زایان باسی ده‌كه‌ن بریتیه‌ له‌وه‌ی كه‌ حكومه‌ت له‌سه‌رتاوه‌ بۆ خزمه‌ت كردنی هاوڵاتیان وچاره‌سه‌ركردنیه‌كێشه‌كانیان ودانانی سنورێك بۆ حه‌زی‌ تاك ویسته‌كان هاتۆته‌ كایه‌وه‌ ،بۆئه‌وه‌ی كه‌سی ده‌سه‌ڵاتدار نه‌توانێ مافی بێ ده‌سه‌ڵاتان بخوات ،بۆئه‌وه‌ی گروپی گه‌وره‌ نه‌توانن به‌ویستی خۆیان زیاده‌ر ڕۆیی بكه‌ن له‌سه‌ر حیسابی گروپی بچوك،بۆئه‌وه‌ به‌هێزه‌كان لاوازه‌كان نه‌خۆن وهه‌موو كه‌س سنووری خۆی وپێگه‌ی خۆی بزانێت وماف وئه‌ركه‌كانی خۆی بزانێت.له‌لایه‌كی تر حكومه‌ت یاسای هه‌یه‌ وهه‌ركه‌سێك لایدا ئه‌وا به‌م یاسایانه‌ سزای ده‌دات.له‌م سۆنگه‌یه‌وه‌ ده‌بینین كه‌وا حكومه‌ت له‌بنه‌ڕه‌تدا بۆ خزمه‌تی هاوڵاتیان دامه‌زراوه‌وله‌م پێناوه‌شدا هاوڵاتیان ئاماده‌ن خزمه‌تی بكه‌ن وبه‌رگری لێ بكه‌ن وخوێن وگیانی خۆیان بۆ ببه‌خشن وخۆشیان بوێت .به‌ڵام كاتێك حكومه‌ت ده‌ستی كرد به‌زیاده‌ڕۆیی وخۆی بووه‌ مۆته‌كه‌ له‌سه‌ر دڵی خه‌ڵك وژیانی تاڵ كردن وده‌ستی كرد به‌تۆقاندن وچه‌وساندنه‌وه‌ی ئه‌وكات چه‌مكێكی ترهاته‌ كایه‌وه‌ كه‌ شۆڕشی چه‌كداری بووه‌ دژی ئه‌م جۆره‌ حكومه‌ته‌.له‌سه‌ده‌كانی ڕابردوو ئه‌م جۆره‌ حكومه‌ته‌ هه‌ندێ جار له‌به‌رده‌م شۆڕشه‌كان خۆی نه‌گرتووه‌و هه‌ندێ جاریش ده‌ستی نه‌پاراستووه‌وسه‌ره‌نجام شۆڕشه‌كان هه‌ره‌سیان هێناوه‌ .زۆرجاریش حكومه‌ته‌كان به‌هۆی كۆدێتا به‌سه‌ركردندا گۆڕاون،وسه‌ره‌نجام هه‌مان ره‌فتاره‌ دزێوه‌كانی حكومه‌ته‌كانی پێشووی دووباره‌ كردۆته‌وه‌.
له‌م سه‌رده‌مه‌ی ئێستا زۆربه‌ی جار له‌وڵاته‌كانی خاوه‌ن سیستمی دیموكراسی له‌ ڕێگای هه‌ڵبژاردنه‌كان وبه‌شێوه‌ی ئاشتیخوازانه‌ ودوو له‌شۆڕش وكێشه‌ وسه‌رئێشه‌وكۆدێتا حكومه‌ته‌ دۆڕاوه‌كان ده‌سه‌ڵاتیان ڕاده‌ستی حكومه‌تی سه‌ركه‌وتووی نوێ كردووه‌.به‌ڵام كاتێك دیموكراسیه‌ت له‌سه‌رتای ڕێگا بێت یانیش هه‌ر باوی نه‌بێت ئیتر ناچار خه‌ڵك په‌نا بۆ هۆكاری تر ده‌به‌ن بۆ ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی كۆن وسته‌مكار بگۆڕن .له‌م نێوانه‌‌دا ولات به‌ره‌و قه‌یران هه‌نگاو ده‌نێت وگشت بواره‌كان چه‌ق به‌ستوو ده‌مێننه‌وه‌.سه‌رنجام له‌جیاتی ئه‌وه‌ی حكومه‌ت خزمه‌تی خه‌ڵك بكات وسیسته‌می نوێ بخاته‌ گه‌ڕ بۆ به‌ره‌و پێش چون كه‌چی به‌پێچه‌وانه‌وه‌ سته‌م ده‌كات بۆمانه‌وه‌ی خۆی ،ئینجا كه‌سی ده‌سه‌ڵاتدار خۆی لێ ده‌بێته‌ هه‌موو شتێك وپێی وایه‌ هه‌ر ته‌نها خۆی تاكه‌ ده‌سه‌ڵاتدارێكه‌ وكه‌سی تر له‌م نیشتمانه‌ شایه‌نی حكومڕانی كردنی نیه‌ جگه‌ له‌خۆی وبنه‌ماڵه‌و خزم وكه‌سی خۆی .كاتێكیش بارودۆخ به‌م شێوه‌یه‌ ده‌ڕوات ئیتر بۆمانه‌وه‌ له‌سه‌ر كورسی هه‌موو سه‌رچاوه‌كانی داهات قۆرخ ده‌كات وهه‌رچی سامان ودارایی هه‌یه‌ ده‌كه‌وێته‌ بن ده‌ستی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌و ئاماده‌ش نیه‌و بۆكه‌سێكی تر كورسی به‌جێ بهێلێ.
ئه‌مه‌ی له‌م هه‌رێمه‌ ڕووی داوه‌ دوو حزبی گه‌وره‌ی وه‌كو یه‌كێتی وپارتی وخاوه‌ن خه‌بات ومێژوو توانیان دوای ڕاپه‌ڕینی سالی 1991 بگه‌ڕێنه‌وه‌ ناو هه‌رێمی كوردستان وده‌سه‌ڵات،به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی پێشتر ئه‌زموونی حكومه‌تیان نه‌بووه‌و به‌ته‌نها كاری چه‌كداری شاخیان كردووه‌ ئیتر كه‌هاتنه‌وه‌ به‌هه‌مان عه‌قلیه‌ته‌وه‌ ئه‌م هه‌رێمه‌یان هه‌ڵسوڕاند.له‌به‌رئه‌وه‌ش كه‌ ئه‌وان هاتنه‌وه‌ خاوه‌نی هیچ نه‌بوون حزبه‌كانیان بێ پاره‌ بوون وسه‌ركرده‌كانیش بێ پاره‌وسه‌یاره‌وخانوو بوون .به‌ڵام ئه‌م وڵاته‌ گه‌وره‌و به‌رینه‌ به‌هه‌موو كه‌ل په‌لیه‌وه‌ كه‌وته‌ بن ده‌ستی ئه‌وان ئیتر هه‌ر بابایه‌و خه‌ریكی پاره‌ په‌یداكردن بوو بۆ خه‌سه‌پاندن وخۆ گه‌وره‌ كردن.كاتێكیش هه‌ڵبژاردنی سالی 1992 كرا بۆ په‌رله‌مانی كوردستان وبۆ یه‌كه‌م جار له‌مێژووی كورده‌ كه‌ به‌م شێوه‌ بتوانێ به‌وپه‌ڕی ئازادی بانگه‌شه‌ بكات ودواتر ده‌نگ بدات .به‌ڵام دیسان 50 به‌50 بووه‌ مۆرانه‌ی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌وسه‌رنجام شه‌ڕی كورد كوژی لێكه‌وته‌وه‌ به‌هۆی چاوته‌سكی وئاسۆ كورتی هێزه‌كانه‌وه‌.ئه‌م كوردستانه‌ چه‌ندین شه‌ڕێ ناوخۆیی بینی هه‌موشیان له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی حزبی وله‌سه‌ر حه‌زه‌ پاوانخوازی حزبه‌كانی بوو.
دوای 2003 كه‌ ڕژێمی به‌عس ڕووخا، ئیتر چه‌ندین هێزی نوێ عیراقیان به‌ڕێوه‌ برد وله‌م هه‌رێمه‌ش دوای ئه‌وه‌ی نه‌وت دۆزرایه‌وه‌ هه‌روه‌ها له‌لایه‌كی تره‌وه‌ سالانه‌ بودجه‌ی چه‌ند ملیار دۆلاری له‌ به‌غداوه‌ بۆ ده‌هات ،به‌ڵام به‌هۆی نه‌بونی شاره‌زایی ونه‌بوونی پلان وپڕۆژه‌وه‌ هه‌رچی هه‌بوو ده‌چووه‌ گیرفانی دوو حزبه‌كانه‌وه‌ هه‌ر له‌سه‌ر بنه‌مای نیوه‌ به‌نیوه‌كه‌ی سه‌ره‌تای نۆهه‌ته‌كانه‌وه‌ دابه‌شیان ده‌كرد ، ئیتر هه‌رلایه‌و بۆ ئه‌وه‌ی له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كاندا ده‌نگی خۆیان مسۆگه‌ر بكه‌ن په‌نایان برده‌ به‌ر به‌ لێشاو دامه‌زراندنی خه‌ڵك بێ ئه‌وه‌ی بیر له‌وه‌ بكه‌وه‌ ئاخۆ ئه‌م هه‌رێمه‌ 3 یان 4 ملیۆنه‌ پێویستی به‌چه‌ند موچه‌ خۆرهه‌یه‌.نه‌ك هه‌ر ئه‌وه‌ گه‌نده‌ڵی وهه‌ڵوشینی مالی گشتی بووه‌ دیده‌نی هه‌ندێ كه‌س كه‌ بارودۆخی ناشاره‌زایی حكومه‌ت وحزبگه‌راییان قۆسته‌وه‌ بۆ خۆ پڕكردن وگیرفان فول كردن وخۆ زلكردن له‌سه‌ر حسابی پاره‌ودارایی گشتی ومافی خه‌ڵك.ئیتر هه‌ر یه‌كه‌و به‌قه‌د بالاو توانای خۆی ده‌یبرد وه‌كو بلێی مالی ئه‌م میلله‌ته‌ تاڵان بكه‌ن.ئه‌گه‌ر سه‌یری داتاكان بكه‌ین ئه‌وا بۆمان ڕوون ده‌بێته‌وه‌ كه‌ ته‌نها له‌ماوه‌ی نێوان 2003 تاكو 2014 زیاتر له‌ 100 ملیار دۆلار له‌به‌غداوه‌ هاتوه‌ بۆ ئه‌م هه‌رێمه جگه‌له‌ داهاتی ناوخۆی وفرۆشتنی نه‌وت كه‌له‌ 2006 ده‌ستی پێكردووه‌‌. بێگوومان ئه‌گه‌رنیوه‌ بۆ موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران ڕۆیشت بێت ئه‌ی كوا نیوه‌كه‌ی تر؟ ئه‌مه‌ پرسیارێكه‌ له‌ مێشكی هه‌موو كه‌سێكی خه‌مخۆری ئه‌م هه‌رێمه‌دایه‌.كوا ئه‌م پڕۆژه‌ زه‌به‌ڵاحانه‌ی كه‌ پێویستیان به‌م هه‌موو پاره‌یه‌ هه‌بێت.ئه‌گه‌ر لێكۆلینه‌وه‌یه‌ك بكرێت ده‌بینی هاوڵاتیانی هه‌مان كێشه‌كانی سه‌رتای نۆهه‌ته‌كانیان هه‌یه‌ له‌ نه‌بونی كاره‌باو ئاووته‌ندروستی و گرانی وكرێچی وبێكاری ودانه‌مه‌زران وسه‌دان كێشه‌ وقه‌یرانی تر وسه‌ره‌ڕای قه‌یرانه‌ سیاسیه‌كان كه‌ له‌زیاد بواندان.
ئێستا ده‌بینین گیرفانی كه‌سانێك له‌م هه‌رێمه‌ پڕیه‌تی ولێی ده‌ڕژێ به‌كام پڕۆژه‌؟نازانرێت .گیرفانی حزبه‌كانی خاوه‌ن ده‌سه‌ڵاتی ڕاسته‌قینه‌ له‌م هه‌رێمه‌ كه‌ پارتی ویه‌كێتین كه‌ ده‌سه‌ڵاتی دارایی وبڕیاری سیاسی وهێزی ئه‌م هه‌رێمه‌یان به‌ده‌سته‌ پڕیه‌تی ولێی ده‌ڕژێت.ئه‌گه‌ر كه‌سێك سه‌ر له‌ شه‌قامه‌كانی بدات وا هه‌ست ده‌كات له‌وئه‌وروپایه‌ به‌هۆی هۆتێل ومۆل وشاری نوێ وهاوچه‌رخ كه‌ هه‌موویان مولكی چه‌ند سه‌رمایه‌دارێكن.ئه‌گه‌ریش سه‌یری بارودۆخی خه‌ڵك بكه‌ین ده‌بینی بێكاری ته‌نگی به‌گه‌نجان هه‌لچنیوه‌وناچار سه‌ریان هه‌ڵده‌گرن به‌ره‌و هه‌نده‌ران وڕێگای مان ونه‌مان ده‌گرنه‌ به‌ر.ئیتر له‌وڵاتێك كه‌ ژماریه‌ بیر نه‌وته‌كانی له‌ ژماره‌ی شاره‌كانی زیاتر بێت چۆن ده‌بێت خه‌ڵك به‌م شێوه‌یه‌ بژیت؟!! .له‌ڵایه‌كی تره‌وه‌ ده‌بینی هه‌رچی به‌رپرسی ئه‌م حزبانه‌ هه‌یه‌ ئه‌وه‌ بۆخۆی بۆته‌ لۆردێك وخاوه‌ن دیان كۆمپانیاوملیارات دۆلارن ،له‌م نێوانه‌ بۆمان ڕوون ده‌بێته‌وه‌ كه‌وا پاره‌ی چه‌ند ساڵه‌ی فرۆشتنی نه‌وت وبودجه‌ی به‌غدا وهه‌رچی له‌م هه‌رێمه‌ هه‌یه‌ چۆته‌ گیرفانی ئه‌وانه‌وه‌.هه‌رچی نوشستی ونه‌هامه‌تی ئه‌م هه‌رێمه‌ هه‌یه‌ هه‌مووی له‌ئه‌ستۆی هه‌ردوو حزبی ده‌سه‌ڵاته‌ له‌ یه‌كێتی وپارتی وبێ ئه‌وه‌ی كه‌سی تر لێی به‌رپرسیار بێت مه‌گه‌ر به‌پۆینت .ئه‌گه‌ریش ئه‌وان پێیان وابێت به‌هۆی به‌شداری پێكردنی حزبه‌كانی تر له‌ ده‌سه‌ڵات ده‌توانن ئه‌م تاوانه‌ له‌خۆیان دابڕنن ئه‌وا هه‌رگیز لۆجیكی نیه‌ وبا بفه‌رموون هه‌رچی به‌رپرسی حزبه‌كانی ئه‌وان به‌رپرسی حزبه‌كانی تره‌ بچنه‌وه‌ به‌رده‌م چاودێری دارایی وگشت فایل ودۆسیه‌كانیان بپشكنرێت.ئیتر ده‌ركه‌وت كێ گه‌نده‌ڵه‌و بەر‌پرسه‌و تاوانباره‌ئیتر باسزای خۆی وه‌رگرێ به‌پێی یاسا هه‌رچی بردویه‌تی بیهێننه‌وه‌وته‌نها بارته‌قای خه‌بات وماندوو بونی خۆیان بیبه‌ن.ئیتر تاكه‌ی حكومه‌ت چاوی له‌ده‌ستی ئه‌م دوو حزبه‌ بێت خێرێكی پێ بكه‌ن ونیو موچه‌وچارێكه‌موچه‌ی بۆ دابین بكه‌ن یان بودجه‌ی بۆ دابین بكه‌ن.
سه‌ره‌نجام حزب ده‌وله‌مه‌ندوحكومه‌ت هه‌ژار !! ئه‌وه‌ی سه‌یرترین ڕووداوی مێژووه‌ ..باشه‌ پێمان بلێن ئه‌مه‌تان له‌ كوێ بوو؟؟ به‌گیرفانی به‌تالی هاتنه‌ ناو ئه‌م هه‌رێمه‌ به‌هه‌موو حزبه‌كان سه‌یاره‌یه‌كتان نه‌بوو ئێستا چۆن بوون به‌خاوه‌نی ئه‌م هه‌موو داهات وسه‌رمایه‌؟؟بێگومان ده‌توانن به‌چه‌ند قسه‌یه‌كی زاق وبریقه‌دا هه‌ڵمان بخه‌له‌تێنن به‌ڵام تاكه‌ی ؟؟.