لەوەدا گیرمان کردووە کە دەرفەتی دووبارەی کەمە

 

    کاتێک ئادەمیزاد بە سەرداری بوونەوەر (سید الکون) ناسراوە ، لەبەر ئەوەیە کە خەسڵەت و گەنجینەیەکی پێ بەخشراوە زۆر بەئاسانی جیای دەکاتەوە لەگشت بەدیھێنراوەکانی دیکەی گێتی ، کە ئەویش بریتیە لە ئەقڵ و ژیری . دەی کاتێک ئەم گەوھەرەی وا لەبەرژەوەندی و مەسڵەحەتی گشتی و ھەمیشەیی خۆی و دیگەراندا کە لەژێر ڕۆشنایی (وەحی و سروش)دا ئاڕاستە وەرگرێ و بیربکاتەوە و ھەنگاوەکانی بھۆنێتەوە و ھەڵوێستەکانی بنەخشێنێ ، بەبەڵگەی : ( فَمَن تَبِعَ هُدَايَ فَلَا خَوْفٌ عَلَيْهِمْ وَلَا هُمْ يَحْزَنُونَ/ البقرة : 38)

 

   ئەوەی کەوا ئەم ھاوکێشە پڕ حکمەتەی بۆ مرۆڤ دیاری کردووە و ڕایگەیاندووە ، خاوەنی ئەو قودرەت و دەسەڵاتە یە کە ئەوانی خەلق کردووە و تەواوی ئیمتیازەکانی پێ بەخشیوە ، وە لەوەودوا بەوردی چاودێری دەکات و ، نەوە دوای نەوە و دەرفەت دوای دەرفەت ھەڵیان دەگرێتەوە و ، بۆ گۆڕەپانی عەرز و وەرگرتنەوەی ئەنجام و نەتیجە ڕایان دەگوێزێتەوە ..

 

 ئەسڵ لەکاری مرۆڤ لەم دەرفەتە زێڕینەی پێی دراوە ، بریتیە لە پەرەدان بە بیناکاری و ئاوەدانی و بەرز ڕاگرتنی ھەست و گیانی یەکتر ناسین و ڕێز لە یەکتر گرتن و نرخاندنی ڕۆڵ و دەوری تەواوکەری یەکتری . جا ئەم زیندوو ڕاگرتن و پەرەپێدانی کارو ئەرکی بیناکاری و ئاوەدانی و پێکەوە ژیانە ، خۆی لەخۆیدا ئەرکێکی ئێجگار قورس و سەخت و سەنگین بووەو دەبێت ، زۆر کەس پێی ناوێرن ، یاخود ڕێگر و لەمپەرەکانی زۆرن و تاقەت پڕووکێنن ..

 

 بە پێچەوانەوە وێرانکردن و لەبەین بردنی ئاوەدانی و شکاندنی بەھاو نرخ و کەرامەتی مرۆڤ زۆر ساناو ئاسانە ، چونکە تا ڕادەیەکی زۆر حەزو ھەوەس و مەیل سەروکاری دەکات و ئیدارەی دەدات ، ھەر بۆیە دەبینین لە کەمترین ماوەدا مەملەکەتێک خاپور دەکرێت ، یاخود لە وچانێکدا کەرامەتی خەڵکی ماڵێک ، گوندێک ، شارێک ، ھەرێمێک ، وڵاتێک ، گەلێک .. بێ نرخ و سفر دەکرێت !!

 

 لەم ڕوانگەوە دەگەینە ئەو حەقیقەتەی کەوا بڵێین : گەر لەجێگەیەکدا تەنھا وێرانکەر(ھادم) ێک ھەبێت ھێشتا زۆرە ، چ جای ئەوەی لەو شوێنەدا ژمارەی (وێرانکار) لە (ئاوەدانکار) زیاتر بێت !!

 

  لەڕاستیدا قسەی ناخ و دڵم بەڕوونی لەم نووسینەمدا ئەوەیە کەوا ئاوەدان کردنەوەی ماڵ و بیناو کۆشک و کانی و کارێز و مێرگ و چەم و دەشت و ھەرد و کەژ و کۆسار ، ھەرچەندە ئازاری سەختەو تای توندە و زەخمی درەنگ ساڕێژ دەبێ ، بەڵام ھەم دەرفەتی زۆرە و وەھەم لە تاقە و توانای ئێمەش دایە و دەکرێ و کردوومانە ..

 

  بەڵام مەخابن ئەوەی ڕووخاو خاپوورکرا و لەبەینبرا . ئیتر زەحمەت و سەختە ئاوەدانکردنەوە و وەک خۆی لێکردنەوە . ئەوەش بریتیە لە ئازادی و ڕێزو حورمەت و کەرامەتی مرۆڤبوون ، کەزۆر بەداخەوە ئێمە لەوەدا گیرمان کردووە و پەکمان کەوتووە و پێوەی دەناڵێنین ، چونکە دایم دەرفەتی دووبارە گێڕانەوە و سەرلەنوێ بیناکردنەوە و جارێتر ڕۆڵ پێدانەوە ، زۆر کەمە .. کاتێک پردی متمانەی نێوان تاک و ھێزو کۆمەلەکان درا بەئاودا ، ئیتر زەحمەتە و ئەستەمە جارێتر دروستکردنەوە و بیناکردنەوەی ..

 

 پەروەردەکردنی کەسانێک کە پەیامیان بارھێنانی مرۆڤ بێت لەسەر بەرزڕاگرتنی نرخ و بەھای مرۆڤ ، ئاسان نیەو زانست و ویست (عیلم و ئیرادە) ی یەکلاکەرەوەی ژیرانە و دڵنیابەخشیی دەوێت ، کە لەژێر ڕۆشنایی چرای ھیدایەت و سروشی خاوێن و پوختی خوایدا بەرھەم ھێنرابێ و متمانە کرابێ بە کاڵای پڕ باڵایدا ..

 

 جا ئەم پەیامی بەرھەم و بارھێنانی مرۆڤ دۆستیە حەتمەن دەبێت بڕواتە ھەموو کارە زیندووەکانی ژیانمانەوە و ھەموان بەدەستەجەمی لێی بنەوین و ئەو دەرفەتە کەمەی ماومانە لەوە زیاتر لەدەستی نەدەین و کوردستان بکەینە بەھەشت بۆ ھەموان .. بەپێچەوانەوە ئەگینا حاڵی ماڵمان بەو جۆرەیە کەھەیەو بگرە خراپتریش دەبێ بۆ ئێرەمان ، ئیتر با ماوای ھەمیشەییمان کە چاوەڕوانمانە بووەستێ ..

 

عوسمان حمەکریم

٢٦ / ٢ / ٢٠١٧