بنیاتنانی مرۆڤەکان ـ الرجال ـ گرنگترە لەبنیاتنانی دیوارو قەڵا مەزنەکان.

 کاتی خۆی دەسەڵاتدارە چینیە کۆنەکان ،دیواری مەزنی چین یان دروستکرد بۆ ئەوەی وڵاتەکەیان لەمەترسیە دەرەکیەکان بپارێزن، بەڵام وەک مێژوو باس ئەکا ،لەماوەی 100 ساڵی پاش دروستکردنی دیوارەکە ،سێ جار وڵاتەکەیان ڕوبەڕووی داگیرکاری بووەتەوە؛ چونکەهێزە هێرشبەرەکان بەرتیل ـ رشوە ـ یان ئەدایە پاسەوانەکانی دیوارەکەو هەڵیاندەخەڵەتاندن ولەدەروازەکانەوە دزەیان ئەکرد..

دیارە چینیەکان لەبیریان چووبوو کەئەوان ڕاستە دیوارێکی مەزن و مەحکەمیان دروستکردووە ، بەڵام پاسەوان و سەربازی مەزن و تێرو تۆکمەو خاوەن بیروباوەڕیان پێنەگەیاندووە.. هەموو جارێک کە دەبیستم فلانە وڵاتی کەنداو بایی ئەوەنە چەک و تفاقی سەربازیی کڕیوە ـ بێگومان لەئەمریکا ـ ئەو پەندە کوردیە م بیر ئەکەوێتەوە کەدەڵێ : ( کەر باریکەی لە تفەنگ ،گورگ ئەیخوا) .. لەگەڵ ڕێزم بۆ کاک عومەر کڵۆڵی گەرمیانەکەی خۆمان وکۆمەڵەی داکۆکی لە گیانلەبەران..

لێرەوە بە ئەمیرەکانی خەلیج ئەڵێم : ئێوە دەمێکە خەوتوون ؛ئەوگورگەی لێی دەترسن ، دۆستی ڕاستەقینەی ئەوانەیە کە ئێوە چەکیان لێ ئەکڕن و پشتیان پێ ئەبەستن ، ئەگەر ئەوگورگە نەبێ ، چۆن ئەویش ئێوە دابدۆشێ ؟ بۆیە هەرچیتان پێئەکرێ لەگەڵ گەلانی خۆتان و دەوروبەرتان ئاشتبنەوەو ملیارەکانتان بۆ دروستکردنی تاکی خۆتان خەرجکەن ، مەیدەنە دکتاتۆرەکان بۆسەرکوتکردنی هێزە مەدەنی و ئاشتیخوازەکان .