ئەمە ئەزمونی هەرێمەكەمانە................ ئێوە بڕیار بدەن

  پێنج شەممە, 16 ئازار 2017 06:14

 

سروشتی ژیان وایە هەموان ئارەزوی سەر كەوتن ئەكەن،سەركەوتن چیە ؟ پێوەرەكانی سەركەوتن چین؟ هۆكارەكانی چین؟ وەئایە چۆن سەركەوتن ئەپارێزیت ؟
ئەمانە پرسیار گەلێكن كە پێویستیان بەوەڵامی ڕاشكاوانە هەیە، پێویستە هەمو تاكێك لە خۆی بكات وە بزانێت لە چ ئاستێكدا ژیان بەسەر ئەبات چونكە دواجار ڕۆژگار دێت و ئەڕوات یان ئەوەتە براوەیت یان ئەوەتە ۆڕاویت .
ئەگەر ئەمە بۆتاكێك ڕاستبێت بۆ كۆمەڵێك و حیزبێك و حكومەت و ووڵاتێكیش هەر ڕاستە، بۆیە پێویستە ئێمەی كورد لەكوردستان هوشیاربین بزانین تا چ ئاستێك توانیومانە سەركەوتوبین،كارەساتە لەدوای بیست پێنج 25ساڵ لە ئەزمونی حوكمڕانی و پەڕلەمانی و دامو دەزگای بون بگەڕێنەوە دواوە .
بەداخەوە بەپێوەرێكی ستاندار ئەم حكومەت و دەسەڵاتە بپێوین لەبری هەڵكشان و بەرزبونەوە كێرڤی سەركەوتنەكان ڕو لە لێژیە بەردەوام بۆ دواوە ئەگەڕێتەوە .
لەدوای بیست پێنج ساڵ پەڕلەمانی شەرعی لەكار خراوە، حكومەت شەلەل كراوە، هێزی چەكداری كوردستان بەداخەوە هێزێكی یەكگرتوی نیشتیمانی نیە بەڵكو هێزێكی چەكداری حیزبیە،لەدوای ئەو هەموو ئەزمونە تاڵەو خوێنەی كەلەم ووڵاتەدا ڕویدا لەشەڕی براكوژی و یەكتر كوژی،كە مۆتەكەیەكە یەخەی ئەم گەلە بەرنادات بەجۆرێك لە جۆرەكان هەمیشە مەترسی سەرهەڵدانەوەی هەیە،ناوماڵی كورد تابڵێی پەرت و لاوازە هەرهێزەو گۆرانی بەباڵای ووڵاتێكداهەڵ ئەدات، بەداخەوە كارێك كرا خەریكە هەرێم لەڕوی فەرهەنگی وڕۆشنبیری و كۆمەڵایەتی و سیاسی و ئیداریشەوە لەت ئەكەن لەكاتێكدا بانگەشە دەوڵەتی كوردی و كوردستان گەورە ئەكەن،هاووڵاتی نائومێدە بەپرۆسەی سیاسی و هەڵبژاردن و دەستاو دەستكردنی ئاشتیانەی دەسەڵات،بەردەوام بەڵینیاندا بەڵام لەبری خزمەت قەیرانیان كردە دیاری بۆهاووڵاتیان سوكایەتیان بەئیرادەی تاك و كۆمەڵگاكرد،سەر خان و ژێرخانی ووڵاتیان تاڵانكرد.
ئەمە دۆخی ئێستای ئەم هەرێمەیە پرسیار ئەوەیە ئایە دوای شەڕی داعش و ڕزگار كردنەوەی موصڵ،پشتیوانی نێو دەوڵەتی بۆ كورد چی لێدێت بەردەوام ئەبێت یان كۆتای دێت،پەیوەندیەكانی هەرێم حكومەتی ناوەند بەچ ئاڕاستەیەكدا ئەڕۆن بەتێگەیشت كێشەكان چارەسر ئەبن یان كێشەو شەڕو ئاڵۆزی دروست ئەبێت، داهاتوی ناوچە جێناكۆكەكان یان ناوچە كوردوستانیەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم چی و چۆن ئەبێت.
لەناو ئەم هەموهاوكێشە ئاڵۆزانەدا بەداخەوە سەركردایەتی سیاسی كوردی و لایەنە دەسەڵاتدارەكان ئەوەندی لەبیری پاراستنی بەرژەوەندیە حیزبیە تایبەتیەكانی خودی خۆیاندان ئەوەندە لەبیری پاراستنی بەرژەوەندی خەڵك و خاكی هەرێم نین .
ئەگەر وەك پێویست بەگیانی بەر پرسیاریەوە مامەڵە لەگەڵ ڕوداو دۆزی ڕەوای گەلەكەماندا نەكەن،دڵنیابن ئەم هەلەمان لەدەست دەر ئەچێت نەك‌ ناتوانین دەستكەوتی زیاتر بەدەست بهێنین، دورنیە ئەوەی هەشمانە لەدەست بچێت،كاتەكە هەستیارە بڕیاری جەریئانەی ئەوێت ئەبێت دەست بخرێتە سەر برینەكان و بەپەلە دەست بە چاكسازی ڕیشەی بكرێت .
خوێنەرانی بەڕێز ئەمە مشتێكە لەنمونەی خەرمانی قەیرانەكانی هەرێم ئیتر ئێوە بڕیار بدەن ئیستا كاربەدەستانی ئەم ووڵاتە سەر كەوتون یان لە شكستدان .

دارا سێكانیانی

دارا سێكانیانی
لەدایك بوی ساڵی 1970
پیشە مامۆستا 24 ساڵ خزمەت
بڕوانامە
دبلۆم لە بیركاریدا پەیمانگای سلێمانی
بكلوریوس لە علم النفس لە كلیە التربیە المفتوحە جامعە بغداد
ماجستر لە( ادارە الاعمال )عن طریق التعلیم عن البعد