قەیرانی مەغریب ‌و پارتی داد‌و گەشەپێدان

  هەینی, 17 ئازار 2017 11:51


(5 ) مانگی تەواو بەسەر هەڵبژاردنەكانی پارلەمانی مەغریبی تێپەڕی، بەڵام تا ئێستا حكومەت پێك نەهاتووە، هەڵبژاردن لە مانگی ئۆكتۆبەری 2016 وەك دوەمین هەڵبژاردن دێت لە پاش روداوەكانی بەهاری گەلان‌و ئەنجامدانی هەندێك چاكسازی لە دەستوری شانشینیدا بۆ دەربازبون لەهەر نەخوازاوێك وەك وڵاتانی سوریا‌و یەمەن‌و میسر‌و لیبیا تووشی بوون، لە دوەمین هەڵبژاردندا پاراتی داد‌و گەشەپێدانی ئیسلامی پلەی یەكەمی بەدەست هێنا بە 125 كورسی ئەوەش یەكەمین جارە حیزبێك لە مێژووی سەربەخۆیی مەغریبدا لەساڵی 1956 ئەو ڕێژەیە بەدەست بهێنێت، بەگوێرەی دەستوری نوێی مەغریب دەبێت پاشای وڵات لە حیزبی براوەی یەكەم كەسایەتییەك ڕاسپێرێ بە پێكهێنانی حكومەت، بۆیە پاشا (عەبدولئیلاە بنكیران) ی ئەمینداری گشتی حیزبی ڕاسپارد..


بنكیران، لەسەرەتاوە بڕیاری دا كە ئەو لایەنانەی حكومەتییان لێ پێكدێت، چوار حیزب دەبن:( دادو گەشەپێدان، ئازادەكان-ئەحرار-، بزاڤی میللی، پێشكەوتن‌و سۆشیالیست)، وەك زۆرینەیەك كە ئەگەر چی زۆرینەیەكی پارلەمانی دیاریش نییە بەڵام تۆكمە دەبێت، گرفتەكە لەوەوە سەری هەڵدا كە سەرۆكی پارتی ئەحرار عەزیز ئەخنوش، ووتی دەبێت حیزبی (یەكێتی سۆشیالیست)یش بەشدری ئەو حكومەتە ببێت، ئەمەش لەلایەن بنكیران بە توندی ڕەتكرایەوە..


بۆچی؟، بۆچی ئەم هەڵوێستانە تا ئاستی عینادكردن لە هەردولاوە؟


هەر لەكاتی هەڵبژاردنەكاندا لە مانگی ئۆكتۆبەری ڕابوردوو، دەستەواژەیەك لە ناوەندەكانی سیاسی‌و ڕاگەیاندنی مەغریبدا دەهات‌و دەچوو، ئەویش دەستەواژەی ( بلۆكاژ)ە، ووشەیەكی فرانسییە (blocage (بەواتای ( چواردەوردان، ڕاگرتن) دێت، ڕاگرتنی ڕێچكەی بنكیران و دادوگەشەپێدان بە چواردەوردانی، بە بڕیاری ئیدارە- مەخزەن- ئەوەی كە لای ئێمە پێی دەوترێت دەوڵەتی قوڵ، بڕیاردرا كە یان دەبێت شكست بەهەوڵەكانی بنكیران بهێنرێت لە پێكهێنانی حكومەتدا، یان حكومەتێك بڵاو بێت توانای زاڵبونی نەبێت بەسەریدا....
لەماوەی 5 مانگی ڕابوردودا، تاكە كۆسپێك كە بو بەمایەی لەدایك نەبونی دووەمین حكومەتی دادوگەشەپێدان بریتی بوو لە :- بنكیران دەیویست حكومەتێكی تۆكمە‌و كارای هەبێت وەك حكومەتەكەی پێشووی، تەنها لەو 4 پارتە پێكبێت، نەك حكومەتێكی بنكە فراوانی فرە خاوەن، لە نێوخۆیدا فرە ڕاو ڕاڕا بێت، چونكە لە كۆتاییدا دابەشكردنی كورسی وەزارەتەكان دەبێتە كێشەیەك‌و پەرش‌و بڵاو دەبێتەوە، دوریش نییە هەر لەناو خۆیدا كار بۆ شكست پێهێنانی نەكرێت، لەكۆتایشدا بە حكومەتی دادو گەشەپێدان ناسراوە‌و لەسەری ماڵ دەبێت..عەزیز ئەخنوش سەرۆكی حیزبی ئەحرار لەلایەن خۆیەوە دەیوت بەشداریكردنی من لە حكومەتدا پەیوەندە بە بەشداری حیزبی یەكێتی سۆشیالیست، كە ئەویش لەلایەن بنكیرانەوە بەتەواوی قبوڵ نەبوو تا ئاستی ئەوەی وتی : ئەگەر لەشكری سەرۆكی حیزبی سۆشیالیست بەشدار حكومەتی كرد ئەوە من بنكیران نەبم)، چونكە ئەو دەڵێت من ڕێز لەڕای جەماوەر دەگرم لە هەڵبژاردنەكاندا، كاتێك ئەو نوێنەری خۆیی دیاریكردوە بۆ فەرمانڕەوایی، نابێت ئێمە بێین یاری بە هەڵویستەكانی بكەین، پاشان مەساری دیموكراتی دەبێت بەردەوام بێت، نابێت ئەوانەی دوژمنی ئەو گۆڕانكارییە دیموكراتییەن بێنە ناو حكومەت‌و جارێكیتر ببنە مایەی شكست پێهێنانی ئەو كرانەوە دیموكراتییەی لە مانگی فبرایری 2011 ەوە لە مەغریب كەتوتۆتە سەر ڕێ، لەبەرامبەردا لەو كاتەی كە كوەدتای سەربازی لە میسر كرا‌و سوریا‌و لیبیا‌و یەمەن بەو دەردە چوون، چەندەها مارە تۆپیو‌و ماری زیندوویان فڕێدایە ڕێگای، لەماوەی ڕابوردودا بەشێویەكی ناڕاستەوخۆ میدیای حكومی دەرفەتییان نەئەدایە بنكیران‌و حیزبەكەی وەك پێویست دەربكەون، بەئاشكرا دیاربوو كە لایەنە عەلمانی‌و لیبراڵچی‌و فرانكۆفۆنییەكان بەدوای كودەتایەكی سیاسیدا وێڵ بوون، بەڵام بنكیران زۆر بەتواناوە خۆی ڕاگرت، یان حكومەتێكی تۆكمەی كارا، یان من حكومەت تەشكیل نادەم..بەتایبەت ئەخنوشی ئەحرار وتبوی كە من سەرۆكی حكومەتی 2021 دەبم، واتە ئیستا بنكیران دەهەڕین ‌و لەچوار ساڵی حكومەتدا دەستكارییەكی دەستور دەكەین‌و ئەم 4 ساڵەی حكومەتەكەی بنكیران وا لێدەكەین كە سەرەتایەك بێت بۆ شكستپێهێنانی یەكجارەكی دادوگەشەپێدان، بەتایبەت كە الیاس عماری سەرۆكی پارتی ڕەسەنایەتی‌و هاوچەرخی سەرسەختترین دوژمنی بنكیران‌و پارتەكەیەتی نوێنەرایەتی دەوڵەتی عەمیقە دەكات لە ناو دەزگاكانی دەوڵەتدا، ئەو هۆكارێك بووە بۆ ئەوەی ئەو هەڵوێستە لە بنكیران بگیرێت چونكە دۆسییەی گەندەڵی بەشێك لەوان لایە‌و تەهدیدیان دەكات پێی كە ئەگەر بڕۆن لەگەڵ بنكیران بڵاویان دەكەمەوە، هاوڕێی مەلیكیشە..


ئەو ئیجرائاتەی پاشای وڵات 16 ئەم مانگەدا كردی لەگەڵ دەستوری وڵاتدا گونجاوە، واتە سەندنەوەی تەكلیفی دروستكردنی حكومەت لە بنكیران ‌و تەكلیفكردنی كەسێكیتر هەر لە پارتی دادوگەشەپێدان، دژایەتی دەستور ناكات، مافی پێكهێنانی حكومەت هێشتا لای پارتی دادو گەشەپێدانی ئیسلامییە، بەڵام ئاماژەیەكی باش نییە، لەدەسەڵاتی مەلیكدا نییە ئەگەرچی ئەویش بە شكستهێنانی بنكیران ناڕەحەت نابێت..ئەوەی بۆ بنكیران دەژمێردرێت ئەوەیە كە ئامادەی موساوەمە نەبوو لەسەر بنەما ئەخلاقی‌و دیموكراتییەكانی خۆی لەپێناو مانەوەی لەسەر كورسییەك دەكرێت ببێتە مایەی شێواندنی شوناسی خۆی‌و حیزبەكەی، هەموو دەزانن كە ئەو كەسەی پاش ئەم دێت بە پێوەرەكانی بنكیران لە بوێری‌و بەجەرگی‌و خۆنەویستیدا دەپێورێت..

 

 

A

شێروان شەمیرانی

له دایكبووی ساڵی ١٩٧٣.
خاوەنی دبلومی باڵاو بكالوریوس له فكری ئیسلامی - بەغدا.
بەربرسی بەشی رۆشنبیری سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان لقی بەغدا ٢٠٠٦ .

خاوەنی ٤ كتێبی چاپكراو، بڵاوكردنەوەی زیاد له ٣٠٠ بابەت و توێژینەوە .
میوانی بەردەوامی كەناله كوردی و عەرەبییەكان بو تاوتوێكردنی برسه سیاسی و فكرییەكان.