نەورۆز و عەقڵیەتی ئاینی تەقلیدی كوردی

  سێ شەممە, 28 ئازار 2017 14:14

هەر لەگەڵ هاتنەوەی یادەكانی نەورۆز و سەری ساڵا و یەكەم رۆژی بەهار، هەموو ساڵێك لەلایەن كۆمەڵێك مامۆستای ئاینی و بانگخواز و سەركردەی ئیسلامی، دەست دەكەنەوە بە جوڵاندنی كۆمەڵە پرسیارێك، ئایا دروستە بە نەورۆز بڵێین جەژن؟ ئایا دروستە بەشداری یادەكانی نەورۆز بكەین؟ ئایا كردنەوەی ئاگر جائیزە یان جائیز نیە؟

بەم پرسیارانەو چەندان پرسیاری تر دەست دەكەن بە دروستكردنی گومان و دڵەراوكێ‌ بۆ زۆرینەی هاوڵاتیانی كوردستان كە زۆرینەیان مسوڵمانن، بەمەش بەشێك لەوان دوودڵ دەبن لە بەشداری كردن لە سەیران و خۆشیەكانی جەژنی نەورۆز، چونكە بەشێكی زۆر لەوانەی كە باسمانكردن فەتوای حەرام بوون دەدەن و بەبێ‌ بوونی هیچ زانستێك و بێ‌ شارەزایی لە راستی و دروستی رووە مێژووەییەكەی، یان ئەو بارودۆخەی كە ئێستا گەلی كوردستان تێیدا دەژی.

بەشێكی زۆر لە ئەو ئیسلامی و بانگخواز و زانا ئاینیانە دەمانبەنەوە بۆ مێژوو چاخە كۆنەكان و سەردەمی ساسانی و فارسەكان و چۆنیەتی مامەڵەی ئەوان لەگەڵا ئاگر و نەورۆز و ئەوانیش راستەوخۆ فەتوای هەندێك زاناو فەقیهی ئیسلامی راستەوخۆ دەگوازنەوە و هەر لەسەر هەمان بۆچوونی ئەوان لە ئێستاشدا ئەوە دەكەنە فەتوا بۆ ئەم كاتە. ئەمە لەكاتێكدایە كە زانایانی ئوسوڵا دەڵێن "الفتوی یتغیر حسب الزمان والمكان" ئەگەر سەرنج بدەین ئەو نەورۆزەی كە ئێستا هەیە، نەورۆزی سەردەمە كۆنەكان نیەو ئەو ئاگرەش كە ئەوسا دەكرایەوە ئێستا بۆ ئەو ئامانجانە ناكرێتەوە، دەبوایە ئەو مامۆستا ئاینی و ئیسلامی و بانگخوازانە كە ئەمڕۆ لە كۆمەڵگەی كوردیدا لەسەر ئەم بۆنەیە قسە دەكەن ئەو راستیەیان بزانیایە كە نەورۆز وەك بەشێك لە كولتور وایەو هەموو گەل بە هەموو ئاین و مەزهەبەكانیەوە وەك بۆنەیەكی نەتەوەیی ونیشتمانی سەیری دەكەن .

لێرەدا ئەم یادە نە بەشێكە لە ئاین نە بۆ پەرستنە، ئاگر كردنەوەكەش تەنها وەك رەمز بەكاردەهێنرێت و تەنها بۆ دەربڕینی خۆشی و شادیە وئەوانەش كە یادەكە دەكەنەوە زۆرینەی خەڵكە مسوڵمانە كوردەكەیە ، ئەگەر سەیریش بكەین لەوكاتەوە كە گەلی كورد موسڵمان بوە پاش هەزار و چوارسەد ساڵا زیاترە لە پاش مسوڵمان بونیش لە ئەم یادانە دانەبڕاوە ،لەكاتێكدا بە درێژایی ئەو مێژووە كورد خاوەنی زانای گەورەی ئاینی بووە ،كە بەشداریەكی گەورەشیان لە شارستانیەتی ئیسلامیدا هەبووە وەك دینەوەری و ئیبن خەلەكان و دەیان زاناو عاریفی هەڵكەوتووی تر ، لەم دواییەشدا دەیان زانای وەك شێخ محمدی خاڵا و مامۆستا عبدالكریمی مدرس و شاعیری گەورەی وەك مەحوی و نالی و .. هتد بووە، بەڵام هیچ كام لەوانە دژایەتی نەورۆزیان نەكردووە و ساڵانە پیرەمێردی شاعیر بۆخۆی ئاهەنگەكەی سازكردووەو لە مامەیارە ئاگری كردۆتەوە بۆ ئەم مەبەستەش زۆربەی مامۆستایانی ئاینی پیاوە دیندارەكانی سلێمانی و كوردستان بەشداریان لەم یادەدا كردووە، شایەنی باسە هەموو ئەو عاریف و زانا و پیاوە ئاینیانە، بە دینداری و خواناسی و عیرفان بەناوبانگ بوون، كەواتە لێرەوە ئێمە دەگەینە ئەو راستیەی كە پێش سەرهەڵدانی ئەم بیركردنەوانەی ئیسلامی سیاسی و سەلەفی و .. هتد

كۆمەڵگەی كوردی گرفتێكی نەبووە لەگەڵ نەورۆز و بەهار و یادە نیشتمانی و نەتەوەییەكان و ئەو جۆرە دینداریە لێبوردە كراوەیە ،بوەتە مایەی ئەوەی كە هاوڵاتیانی كوردستان پارێزگاری لە شوناسی ئاینداری و نیشتمانی و نەتەوەیی و هەموو بۆنە كولتوریەكان بكەن و هیچ گرفتێكیشیان نەبووە لەم بارەیەوە. ئەوەی لێرەوە گرنگە باسی بكەین ئەوەیە كە ساڵانە خۆ سەرقاڵكردنی ئەوانە بە قسەكردن لەسەر نەورۆز و یادەكانی سەری ساڵا و حەرامكردنی ئەو یادانە ،لەلایەك تێنەگەیشتنە لە جەوهەری ئیسلام ،لەلایەكی تریشەوە هێنانی كۆمەڵە بۆچوونێكی سەلەفی عەرەبی وبیابانیە، بێ‌ ئەوەی بەخۆیان بزانن دەبێتە مایەی دروستكردنی فەوزایەكی گەورە لە ناو كۆمەڵگای كوردیدا، چونكە ئەگەر لە رووە مێژووییەكەیەوە سەیر بكەین، بەشێكی زۆر فەتوای زانا و فەقیهەكان لە مێژووی ئیسلامدا دژ بە نەورۆز باكگراوندێكی شۆفینیەتی عەرەبیە بەرامبەر بە نەتەوەكانی تر بەتایبەتیش فارس، چونكە ناكۆكی ئەم دوو نەتەوەیە مێژوویەكی دورودرێژی هەیە و پاش ئەوەش كە هەر دوولایان مسوڵمان دەبن ململانێكان دەگوازنەوەو بۆناو ئیسلام و شەڕ و ناكۆكیەكان بەناوی دینەوە دەكەن لەبەر ئەوە كەسایەتیە ئاینیەكانی كوردستان دەبێت زۆر هۆشیار بن و راستەوخۆ فەتواكانی ناو مێژوو نەگوازنەوەو ئەم فەتوایانەش گشتگیر نەكەن بەناوی ئیسلامەوە، چونكە ئەگەر ئەم كارە بكەن بە لەجیاتی دانان شەڕی رەگەز پەستی و نەتەوەیەكی تر بە كورد دەكەن ،بێ‌ ئەوەی بۆ كورد هیچ دەستكەوتێكی هەبێت.

دەبوایە ئەو ئیسلامی و مامۆستا ئاینی و بانگخوازانەی كە لە جیاتی فەتوادان دژ بە ئەو رۆژە و حەرامكردنی یادەكان و ئاگر كردنەوە، بەجۆرێكی تر بیریان بكردایەتەوە كە لەلایەك خزمەت بە جەوهەری ئیسلام بكات كە ئیسلام ئاینێكە لەگەڵا خۆشی و شادی و جەژن و ئارامی دەروونی مرۆڤ و سەردانی یەكتر و كۆتایی هێنان بە ناخۆشی و ساردی و خەم و خەفەت و ناخۆشیە، لەبەرئەوەش لە رۆژی نەورۆزدا هاوڵاتیان بەوكارە ئیجابیانە هەڵدەستن كەواتە بەو سەیران و گەشت و خۆشیانە تەعبیر لە دیدێكی ئیجابی باشی ئاینەكەیان دەكەن و پێویستە گەشە بە ئەم لایەنە بدرێت و زیاتر هاوكاربین بۆ خۆشكردنی دەرونی مرۆڤ، لەلایەكی ترەوە ئەم یادە كە سەرەتای بەهار و زیندوبوونەوەی سروشت و چیاو كانیاوو سەوزبوونی زەویە بەشێوەیەكی گشتی، كەواتە ئێمە دەتوانین ئەم یادە بكەینە هۆكاری ئاوێتەبوونی سروشت و مرۆڤ كە هەردووكیان بەدیهاتووی دەستی پەروەردگارن.

ئەگەر سەرنج بدەینە رابەرانی ئاینی مەزهەب و نەتەوەكانی تر بە شیعە و سوننە و هەموو مەزهەبەكانی تر، هەموویان لە هەوڵی ئەوەدان ئاینەكە بۆ خزمەت بە شوناسی نەتەوەیی و نیشتمانی و گەشەپێدانی ئینتیمای گەنجان بەكار بهێنن بۆ ئەو شارستانیەت و كولتور و مێژووەی كە هەیانە ،بەمەش خزمەتێكی گەورە بە بەهێزكردنی پێگەكانی دەوڵەتەكانیان دەكەن لە ڕێگەی بەهێزكردنی بیری نەتەوەییەوە ، لەبەرئەوە مامۆستایانی ئاینی و ئیسلامی و بانگخوازەكانی كوردیش، پێویستە لەم بۆنانەدا بەهەمان ئاراستە كار بكەن و لە یادێكی وەك نەورۆزیشدا هەمان بۆچونیان هەبێت و ئەم یادە بكەنە خاڵی دەستپێكردنی گوتارێكی نوێ‌ كە خزمەت بە نوێكردنەوەی فیكری ئیسلامی بكەن لەلایەك و لەلایەكی تریش ئیسلام وەك پاشخانێكی ئیجابی بەكار بهێنن لە پێناو گەیشتن بە سەربەخۆیی و بەهێز كردنی شوناسی نەتەوەیی و نیشتمانی كە هەمووی خزمەتە بەو گەلەی كە زیاتر لە 90%ی مسوڵمانە.