كۆمەڵكوژیییەكەی موسڵ, بەرهەمی شكستی سیاسی سوننەیە

 

گومانی تێدانییە كە لە شەڕدا گوشتار دەبێ و شەڕ بۆ كوشتنە نە بۆ ئاشتی, بەڵام لە شەڕدا چەندین رێسا و یاسا هەیە كە نابێت كەس بەسەریدا بازبدات و زیادەرۆیی بكات لە خوێن رشتن, ئەوەی لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا لە موسڵ روویدا لە كۆمەڵكوژی سەدان هاوڵاتی سڤیل بە بۆردومانی هێزە شەڕكەرەكان لەگەڵ ئەوەی كە شەڕبوو دژی هێزێكی تیرۆریستی بێ پرینسیپی نێونەتەوەیی و بێباك لە هەموو رێسا نێودەوڵەتییەكان, راستە شەڕێكی سەختی كۆڵان بە كۆڵان و ماڵ بە ماڵە, بەڵام كوشتاری كەسی سڤیل هیچ بەهانەیەكی نییە و ئەم تاوانە دەگاتە ئاستی تاوانەكانی جەنگ .

لێرەدا ئێمە باسی شكستی دەوڵەتە شیعەگەراكەی بەغدا ناكەین كە نەیتوانی وڵاتێك دروستبكاتەوە هەڵەكانی میژوو تێپەڕێنێ بەڵكو هات و میژووی شەڕی مەزهەبی تازە كردەوە, لێرەدا باسی شكستی سیاسی سوننەكانی عێراق دەكەین كەوای كرد ئەمڕۆ سوننەكانی عێراق بەگشتی و خەڵكی موسڵ باجەكەی بدەن . پێكهاتەی سوننە لە عێراقدا كەوتە نێو بەرداشی دوو شێواز بیركردنەوەی جیاو دژ بە یەك, یەكەمیان باكگراوند ئایینی بوو و ئەوەی تریش باكگراوند نەتەوەی سكیولار, مەندیل سپییە بەسەر سوننەكان بە كاریگەر بوون بە هەندێك دەق بە تێگەیشتنی خۆیان هەموو جۆرێك لە خۆبەڕێوەبەری و فیدڕالییەتێكیان رەتكردەوە تا حەرام بوون لە دژی وەستانەوە وایان كرد شەقامی سوننە بایكۆتی پرۆسەی سیاسی بكەن لە سەرەتاكانی 2004و سەركردەكانی ئەم رەوتە چوونە دەرەوەی عێراق و لە ریگای دەیان فەتوای بێ سەروبەری سیاسی زۆر خزمەتی عەمامەبەسەرەكانی شیعەی عێراقیان كرد و ولاتیان بۆ چۆڵكردن, نەتەوە بەرستەكانیش بە كاریگەر بوون بە سی ساڵ ژیان لەناو ئەدەبیاتی بەعس و بۆ بەرژەوەندی خۆیان گەڕانەوە ناو پرۆسەكە بە لاوازی و ئەوانەشی كە پۆستیان وەرگرت كەوتنە تەڵەی گەندەلی و خۆ فرۆشی دواجار دابڕان لەگەڵ شەقامی سوننە .

لاوازی سوننەكان لە عێراقدا لە چوار خاڵ كۆدەكەینەوە :

1- سوننەكان لە عێراقدا بێ مەرجەعن كەس نییە كۆیان بكاتەوە بۆیە جار جار باسی بەرێز مەسعود بارزانی دەكەن كە سەروكاری ئەوان بكات, چونكە حاشا هەڵنەگرە كورد زۆر بەرگری لە مانەوەی سوننەكان كردووە لە شوێنەكانیان و داڵدەی داون و بەرگری لێكردوون .

2- سوننە لە عێراقدا تاكو ئێستا خۆی لە رەوتە تیرۆریستییەكان بەتەواوی جیانەكردۆتەوە , ئەم قسەیە مانای وانییە كە سوننە هەموو تیرۆریستن نەخێر, باس باسی جیاكردنەوەی مەلەفی داواكارییەكانی خۆیانە لە داواكاری هێزە تیرۆریستییەكان. هەمووان دەزانین ناوچە سوننەنشینەكان دایەنگەی هێزە تیرۆرستییەكان بووە لە عێراقدا هەر لە قاعیدە تا جیش الاسلام و جیش المجاهدین و تا بە داعش دەگات .

3- سوننە ناوچەیەكی جوگرافی یاسایی تایبەتیان نییە وەك هەرێمی قەلەمڕەویی سیاسی و ئیداری واتا هەرێمی جوگرافی نییە تاكو خۆی حوكمڕانی خۆی بكات هاوشێوەی هەرێمی كوردستان تاكو دەستی بڕیارە مەركەزییەكانی بەغدا ببڕێت لەسەر ناوچەكانیان ,

4- سوننە لە عێراقدا هێزێكی چەكداری یاسایی كۆكەرەوەی هەمووانی نییە تاكو بەرگری لە خۆی بكات , تەنها پۆلیسی مەحەلی هەیە كە دادی بێ نەوایی سوننە نادات . راستە ئێستا حەشدی نیشتمانی هەیە, بەڵام ئەو هێزە نییە كە كۆنترۆڵی لای سوننە بێت بەڵكو جوڵاندنی سەربە بەغدایە و زامی بێ هێزی سوونە ناكات .

بۆیە سوننە تاكو تەجاوزی ئەم چوار خاڵە لاوازەی نەكات حاڵی لە ئێستا باشتر نابێت و خەونی یەكپارچەیی عێراقی پێ ناپارێزرێت .