لێبوردەیی کوڕانی شۆڕش!

 

هەردی مەهدی میکە
بۆچی پاش بیستوپێنج ساڵ ستەملێکراوانی* جینۆسایدەکانی سەردەمی #بەعس هێشتا ناڕازیین، لەگەڵ حکوومەتی بەرهەمهێنراوی ״شۆڕشێکی ڕەوا״دا ئاشتنەبوونەتەوە؟
چیرۆکەکە ئاوا بوو: کوڕانی شۆڕش خۆیان بە خاوەنی شۆڕش دەزانی، جۆرە ڕەوایەتییەکی فووتێکراوییان بە خۆیان بەخشی، لە ئاسمانەوە تا زەوی و ژێر زەوییشیان وەک مارەیی و موڵکی خۆیان دەبەخشی، بەوەشەوە نەوەستان بە ڕەوایان زانی کە دەسەڵاتی دادگا و مافی ئیرادەی تاکەکانیش زەوت بکەن و لە ستەمکارەکانیش خۆش ببن و بشیانکەنە شەریکی ئیدارەیەکی لەرزۆک، کە ڕۆژانێک تەنیا ستەمی ئەوان ڕەوایەتیی بەخشییە شۆڕشگێڕێتیی ئەمان. لە کاتێکدا جێکەوتەی قەرەبوونەکراوەی لە دڵی ستەملێکراواندا جێ هێشت.
بە بڕوای من، نهێنی ئاشتنەبوونەوەی ستەملێکراوانی جینۆسایدەکان، ئەوەیە کە دادەوەرییەکی ڕاگوزەرانە نەهاتەئارا و بە چاوی خۆیان جەللادەکان دەبینن کە شەریکی شۆڕشێکن قوربانییان بۆ بەخشی. ئەمە نائارامی کۆمەڵایەتیشی بەرهەمهێناوە، ڕۆحی ستەملێکراوانی ڕۆژانی حوکمڕانی بەعس ئازاردەدا و وادەکات لە ناخەوە لەگەڵ حکوومەتەکەی خۆیاندا ئاشت نەبنەوە کە بە خوێن ئاویانداوە. ئەمە دید و پرسیاری ڕۆحی ستەملێکراوانی ئانی شۆڕش، جینۆسایدەکانی هەڵەبجە و ئەنفالە و کۆی خانەوادەی شەهیدان.
دیدگای کوڕانی شۆڕش، دوو لێکەوتەی هەبوو: یەکەم تەنیا ڕێکاری قەرەبووی مادییان گرتەبەر بۆ سارێژی برین، (کە ئەمە بۆ ژینگە و خاکی وێرانکراوە و بەشێکە لە ستراتیژی ״تەمییزی ئیجابی״)، بەڵام ئەمان بەرامبەر مرۆڤە ڕۆحبریندارەکان گرتیانەبەر. بێئەوەی لە خۆیان بپرسن بۆچی ئەو هەموو پارە و ئیمتیازانە ״بە هەق و ناهەق״ پێشکەشی ستەملێکراوان کراوە، بەڵام لە هەرتوێژێک توڕەتر و ناڕازیترن؟ (ئەڵبەتە بەوانەشەوە کە ئیمتیازاتێکی لەسەروو مافی خۆشیانەوە وەرگرتووە).
دووەم، هەقێک کە هیی دادگا و ستەملێکراوان بوو زەوتیان کرد و بە ״ڕەوایەتی خۆیان״ ستەمکارانی بچوک و گەورەی سەردەمی بەعسییان بەخشی، لە کاتێکدا ئەمە مافی کوڕانی شۆڕش نییە. دادگاییکردن بەشێکە لە هاوسەنگکردنەوەی ڕۆحی ستەملێکراو چ لە ئاستی مافی گشتیی و چ لە ئاستی مافی تاکەکەسییدا بێت، پاش بڕیاری سزای ستەمکار، ئیتر لە ئەستۆی ستەملێکراوە کە خۆش دەبێت یان نا. لە هەرحاڵەتێکیاندا بێت ئەمە ئۆقرەیی یادەوەریی و ساڕیژی دەروونیی دێنێتەبەرهەم، پاشتریش زەمینەی ڕاستەقینەی ئاشتبوونەوەی نیشتمانی دەسازێت، کە لانیکەمی سەروەریی دادوەرییە.
بەڵام ئیدارەی کوردی، نەک دەرینەخست تاوانبار و ستەملێکراو کێن؟ بگرە ״لیخۆشبوون״ێکی پێبەخشین کە نە مافی ئەو بوو، نە مافخوراویش ڕۆحی سارێژکرا. لەوەش مەترسیدارتر، ستەمکاران هەستێکی وایان لا سازا، کە بەهۆی دەسەڵات و مەکری سیاسییانەوە توانیوانە هیشتا پایەداربن، نەک ئەوەی لێبوردنیان بۆ دەرکرابێت، ئەمەیە مەترسییە کوشندەکە. کە دواتریش بوونەوە شەریکی حوکمڕانی و بەرەکانی جەنگی کوردکوژییان لێپڕکرا و ئێستاش بوونەتە بازرگان و خاوەن سەرمایە. لەبەرئەوە ناهەقی نییە کە کاتێک دەوترێت ״بەعسییزم لەبەردەمماندایە نەک لە دوامانەوە״.
ئەو لێکەوتەی ئەم لێبوردنە* هەڕەشەی ڕاستەقینە بوو بۆ سەر پێکەوەژیان و ئاشتەوایی، بەتایبەت لەم قۆناغی ״ڕاگوزەرییەی پاش شۆڕش״ و ساڕیژنەبوونی برینەکانی ئەو ستەمانەی کەسانێک لە دۆخی ستەمکارییدا ئەنجامیان دا و هێشتا مافیش بۆ مافخوراو نەگەڕابێتەوە.
لە یادەکانی ئازارداین، وەک جاران هێشتا باوەڕێکی تەواوم بە ڕەوایەتی ئامانج و ئەنجامی کورتی شۆڕش و ڕاپەڕین هەیە. بەڵام ئەوەندە ساڵی ڕابوردوو، حکوومەت و خاوەن ڕکێفەکان، هەڵوێستگەلێکیان نواند و وایانکرد پرسیارێکی وا ״ئایا شۆڕش بە ئامانجەکانی گەیشت؟״ بەخەستی بێتەبوون. گەرچی ئەم پرسیارە لە بنچینەدا هەڵەیە، چونکە شۆڕش بە هۆکارەکانی هەڵتۆقینیدا دەخوێنرێتەوە زیاتر لەوەی لە ئەنجامەکانییەوە، بەڵام هەبوونی زەرورەتێک هێنایەبوون نەک ماهییەتەکەی، پەیامێکە بۆ کوڕانی شۆڕش نەک لێدانی شۆرش، لێدانە لەو نەوەیەی شۆڕش کە لەبەر هاوپەیمانێتییان لەگەڵ جەلاداندا هێندە مەترسیداربوون، چار ناکرێن و ناچار بەم پرسیارە لێیاندەدەن. پرسیارەکە ڕێك بۆ تێکشکاندن کوڕانی شۆڕشە و تەواو.
___
* لە بری وشەی قوربانی، وشەی ستەملێکراوم بەکارهێنا، چونکە بە هەڵەی دەزانم. قوربانی بۆ خۆشەویست و خوداکان دەدرێت کە بە سەرچاوەی ״هەبوون״ دەزانرێن، نەک ئەوانەی ژیانمان لێدەسەننەوە. گەر ئێمە قوربانیمان بە بەعس پێشکەشکردبیت یان قوربانیکرابین، کەواتە خۆشەویست و خاوەنمان بووە.
*دووەم هەڵەیەکی گەورەیە گەر لێبوردەیی و پێکەوەژیان تێکەڵبکەین، لێبوردەیی بۆ تاوانبارە و دەبێت بزانرێت تاوانبارە، بەڵام پێکەوەژیان قبووڵکردنی ئیرادە و ئارەزوو و باوەڕی جیاوازە. لێرەدا لێبوردنی بێ جێ، بە هەڕەشە سەیرکراوە بۆ پیکەوەژیان.