ڕیفراندۆم بۆچی و بۆكێ و لەبەر چی؟

  سێ شەممە, 18 نیسان 2017 06:45

 

لەماوەی 25 ساڵی تەمەنی حكومەتی هەرێمی كوردوستان كە یەكسانە بە چارەكە سەدەیەك، گەلی كورد لە هەرێمی كوردستان بەهەمو مانایەك سەر بەخۆیە و ئاڵای كوردستان لەسەر جەم شوێنە گشتیەكان گەشەكێتەوە گەلی كورد لەم بەشەی كوردستان زۆر دڵخۆش بون بەم ئەزمونەی هەرێم هەمومان یەكەم پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی و سەرۆكی هەرێمان لەیادە كە چۆن هاووڵاتیان بە جۆش و خرۆشەوە بەشداریەكی گەرم و گوڕیانكرد، بەڵام بەداخەوە تا ئەم ساتەوەختەش بۆ خەڵكی كوردستان و دەنگدەران ڕون نەبووەتەوە كە كێ یەكەمەو كێ دوەمە ئەوەی كەلەدنیادا ڕوی نەدابو لەكوردستان ڕویدا كە هەردو هێزە ‌دەسەڵاتدارەكەی هەرێم دەیان ووت ئێمە یەكەمین، یەكێك لەدیاردە سەر سوڕهێنەرەكانی سەدەی بیستەم لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە باشوری كوردستان ڕویدا كە دوو هێز لەپرۆسەیەكدا هەردووكیان یەكەم بون هەڵبەتە بە ووتەی خۆیان وەدواجار حكومەتێكی سەیرو سەمەرەیان دروستكرد بەناوی پەنجا بەپەنجا كەلەوەش سەیرتر ئەوەبو وەزیرو جێگرەكەی هەمان دەسەڵاتیان هەبوو.
لەدوای ئەو كاتەوە ئەوەی لەدەستیان هات لەشەڕی براكوژی و دولەت كردنی هەرێم و هێنانی سوپای بێگانەو لەناو بردنی هەزاران ڕۆڵەی كورد بەدەستی یەكتری و ئاودیو كردنی سەر خانی ووڵات لە شۆفڵێكەوە بیگرە تابەنداوی بێخمە تەنانەت كار گەیشتە ئەوەی لە 31 ئابی 1996 دا سوپاو دەبابەی بەعس هێنرایەوە بۆهەولێری پایتەخت و پەڕلەمانی كوردوستان ،بردنی كارتی كارەبای دوكان بۆئەوەی تەنانەت هاووڵاتیان كارەبای ئاساییان نەبێت .
ئێستاش ماوەی سێ ساڵە كەوتونەتە گیانی هاووڵاتیانی ئەم هەرێمە بەناوی سیستەمی پاشەكەوتەوە كە ڕێك ستەمی پاشەكەوتە بۆفەرمانبەران و موچە خۆران پیادەی دەكەن ڕۆژ بەڕۆژ قەیرانی زیاتر دروست دەكەن، بەداخەوە هیچ دامودەزگایەك بە ئەركی خۆی هەڵناسێت پەرمان لە كار خراوە حكومەت شەلەل كراوە، هاووڵاتی تیرۆر دەكرێن سوكایەتی بە هەموان دەكرێت بارودۆخێكە نازانرێ لە كوێوە دەست بەنەهامەتیەكان بكەیت لە كاتی ئەم هەموو قەیرانەدا باسی ڕیفراندۆم بۆچی؟ و لە بەر چی؟ و بۆكێ ؟.
ئەمە لە كاتێكدایە كە كورد مافی خۆیەتی وەك سەرجەم گەلانی دنیا خاوەنی حكومەتی سەر بە خۆی خۆی بێت وەبڕوا ناكەم لە هیچ شوێنێكی ئەم دنیایەدا كوردێك هەبێت دژی دروست بونی دەوڵەتی كوردی بێت، بەڵام پێویستە پێش ئەنجامدانی ڕیفراندۆم دەسەڵاتدارانی هەرێم بەتایبەتیش دولایەنەكە ئەم ها‌نگاوانە بنێن تا هاووڵاتیان دڵنیابكەنەوە كە ڕیفراندۆم و گشت پرسی لە بەرژەوەندی گشتیدایە نەك ئەویش بۆ لایەنێك و تاكێكی دیاری كراوبیت:-
یەكەم / كاراكردنەوەی پەرلەمان، ووڵاتێك پەرلەمان و حكومەتی نەبێت چۆن داوای سەر بە خۆی دەكات لەكاتێكدا هیچ حیسابێك بۆ دەنگی هاووڵاتیان نەكرێت چۆن بەئەو هاووڵاتیانە ئەڵێتەوە وەرن جارێكیتر دەنگ بدەنەوە بۆ گشت پرسی.
دووەم/ چارەسەر كردنی باری گوزەرانی هاووڵاتیان و موچەی فەرمانبەران، حكومەتێك كەڕۆژانە داهات و پارەیەكی زۆری دەست دەكەوێت ئامادە نەبێت لەبیری هاووڵاتیەكانی خۆیدا بێت هاووڵاتی چ دڵێكی بە داهاتوو سەر بە خۆی ووڵات خۆش بێت كەووڵاتێك بۆ ئەو نەبێت .
سێ یەم / لەم كاتەداو لەم هەموو مەترسیەدا كەڕوی كردۆتە ووڵات ئەوەتا هاووڵاتیانی كورد ناوی خۆیان دەنوسن بۆ ریزەكانی حەشدی شیعی و وە فەرمانبەرانی هەرێم داوا دەكەن ڕاژەی موچەكانیان بخرێتە سەر حكومەتی ناوەندی بەغدا بەم حاڵەوە گشت پرسی بكەیت یان دەیانەوێت پرۆسەكە لەبار بەرن بەمەش خزمەتێكی نەیارەكانی كورد بكەن چۆن لەڕابردوودا كردویانە.
چوارەم / ماوەی 25 ساڵە نەتوانداروە كێشە ناوخۆیەكان چارەسەر بكەن و ڕۆژ بەڕۆژ بارو دۆخەكە خراپتر دەبێت تائێستا نەتواندراوە یەك سوپای یەكگرتوو دروست بكرێت هەرحیزبەو بۆخۆی هێزی چەكداری هەیە و لەناو حیزبەكانیشدا هەر یە‌كەو خاوەنی هێزو ژمارەیەك چەكداری خۆیەتی بەم حاڵەوە دەمانەوێت گشت پرسی بكەین .
بۆیە ئەگەر ئەمانەوێت گشت پرسی ئەنجام بدرێت و سەر كەوتوبێت و هاووڵاتیان دڵیان خۆش بێت بە حكومەت و دەسەڵات و ئەزمونی كوردی لای كەمی ئەبێت چارەسەر ئەو كێشانەبكرێت كە دەسەلاتدارەكان دروستیان كردوەو ئەگەر وانەكەن دورنیە دەوڵەتەكەش وەك حكومەت و پەڕلەمانەكەمان ببێتە قوربانی حەزو ئارەزوی كەسانیك و لایەنانێك كە هەموو كوردوكوردوستان بەخاك وخەڵكیەوە ئامادەن بكەنە قوربانی بەرژەەندیە تایبەتیەكانی خۆیانەوە.

دارا سێكانیانی

دارا سێكانیانی
لەدایك بوی ساڵی 1970
پیشە مامۆستا 24 ساڵ خزمەت
بڕوانامە
دبلۆم لە بیركاریدا پەیمانگای سلێمانی
بكلوریوس لە علم النفس لە كلیە التربیە المفتوحە جامعە بغداد
ماجستر لە( ادارە الاعمال )عن طریق التعلیم عن البعد