چی لە سیستەمی بایۆمەتری مووچە بكەین؟

  پێنج شەممە, 27 نیسان 2017 13:10

 

ماوەی چەند مانگێكە حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە رێگەی سیستەمی تۆماری بایۆمەتریەوە مووچەخۆرانی خۆی تۆمار دەكات و پڕۆسەكەش لە دوا قۆناخەكانی تەواو بونییەتی، ئەوەی لێرەدا مەبەستی منە لایەنە ئابوریەكانی ئەو سیستەمەیە كە دەكرێت لە پڕۆسەی ئابوری و كارگێڕی حكوومەت و بازاڕی كاردا سودی لێوەربگیرێت.


كاتێك لە هەرێمێكی زیاتر لە 5 ملیۆنی زیاتر لە ملیۆنێكو 400 هەزار مووچەخۆرت هەبێت و ئەو مووچەخۆرانەش لە سیستەمی بایۆمەتری تۆماركرابن زۆر كار هەیە دەتوانین لە رێگەی ئەو سیستەمە ئەنجامی بدەین ،بۆ نمونە دروستكردنی یەكەیەكی حیسابی بۆسەرجەم فەرمانبەران،كاتێك ئەو یەكە تایبەتە دروست دەبێت هەموو فەرمانبەر و مووچەخۆرێك ژمارەیەكی بێ هاوتای تایبەتی بۆ دروست دەبێت كە زۆرشت هەیە پێ ئەنجام بدرێت.

كاتێك هەموو مووچەخۆرێك دەبێتە خاوەنی ژمارەیەكی بێهاوتای تایبەت بەخۆی، ئەم ژمارەی نەگۆڕەو لەمەودوا لە دامودەزگاحكومییەكاندا كاری پێدەكرێت،هاوكات بە پشتبەستن بەم ژمارەیە دەتواندرێ چەندین خزمەتگوزاری پێشكەش بكرێت،یەك لەو خزمەتانەش پێدانی مووچەی ئەلكترۆنی دەبێت، لە رێگای كارت ، یان مۆبایل بێت یاخود هەر شێوازێكی تری خێراو سەردەمیانە.


لەم خزمەتگوزاریانەدا بانكەكانی حكوومەت و بانكە تایبەتەكان دەبوژێنەوە و فەرمانبەران و خەڵكیش لە كۆڵ كێشەی كەمی سیولە دەبنەوە چونكە ئەو كات مامەڵە لەگەڵ رەسید و چەك دەكرێت نەوەكو پارەی نەقدی، هەروەكو دەتواندرێت چەندین رۆتینی ئیداریش هەیە هەڵبگیرێت لەوانە پێدانی پارەی ئاو و كارەبا و خزمەتگوزاریەكانی تر لە رێگەی بانكەوە.
لە رێگەی ئەو پڕۆسەیە بازاڕیش سودمەند دەبێت چونكە بازاڕ بەردەوام مامەڵەی لەگەڵ ملیۆنێك و 400 هەزار مووچەخۆر دەبێت كە بێگومان ئەوەش كاریگەری زۆری دەبێت لەسەر بوژانەوەی بازاڕ بە تایبەت بازاڕی بانك و سوپەرماركێـو مۆڵ و بازاڕە گەورەكان ئەویش بە دانانی ئامێری تایبەت.


لە سەرێكی تر حكوومەت دەتوانێت بۆ چەندین سەرژمێری سود لە داتاكانی بایۆمەتری وەربگرێت، تەنانەت زۆر خەرجییش هەیە لەم رێگەیەوە دەتواندرێت كەم بكرێتەوە بۆ نمونە بۆ پڕۆسەی هەڵبژاردن لە بڕی ئەوەی ملیۆنان دۆلار خەرج بكەی یان بۆ پڕۆسەی سەرژمێری بەهەمان شێوە ملیۆنان دۆلار خەرج بكرێت دەتواندرێت راستەوخۆ سود لە داتاكانی بایۆمەتری وەربگیرێت.


ئەوەندەی قسەم لەگەڵ بەرێوەبەرانی سیستەمی بایۆمەتری كردووە ئەوان دووپاتیان كردۆتەوە لەدوای تەواو بوونی پڕۆسەكە و تۆماركردن و بەراورد كردنی داتاكان زۆر خزمەت هەیە بۆ فەرمانبەران و هاوڵاتیان دابینی بكەن.


ئەگەر بە وردی و زانستی سود لە سیستەمەكە وەربگرین دەتوانین وەكو هیندستان سودی لێوەربگیرن كە رۆژانە بەهۆی ئەیو سیستەمە ملیۆنێك كەس تۆمار دەكرَن، ئەگەر پێچەوانەی ئەوە بێت ئەوە پڕۆسەكە وەكو ئەوەی یەمەن شكست دەهێنێت.

 

شوان بەرزنجی

شوان بەرزنجی ساڵی 1983 لە گوندی سماقوڵی گرتك كە دەكەوێتە رۆژهەڵاتی لە هەولێر لە دایكبووە. لە هەولێر دادەنیشێت و خەریكی كاری رۆژنامەوانیە و زۆربەی وتار و بابەتەكانی ئابورین.

لە ساڵی 2004 یەكەم بابەتی لە رۆژتامەكانی كوردستان بڵاو كردۆتەوە و ئێستاش گۆشەی تایبەت و وتار و ڕاپۆرتی لە رۆژنامەو سایتەكاندا هەیە .