زەنگی ئاگادارکردنەوە بۆ وەزارەتی پەروەردە

 

هیچ قوتابی و خوێندکار و مامۆستایەکی ئامادەیی، بەتایبەت قۆناغی دوانزەی ئامادەیی، کێشەی ساڵانەی ئاشکرابوونی پرسیاری ئەزمونەکانی وزاری قۆناغی دوانزەی بیرناچێت، بەتایبەتی ئەوەی لە سەرەتای تاقیکردنەوەکانی ساڵی پار (٢٠١٦) روویدا و بەهۆی پێشکەوتنی تەکنۆلۆژیا و ئەنتەرنێت و مۆبایلەکانەوە لە ماوەیەکی کەمدا زۆر بە خێرایی پرسیارەکان بە سەرتاسەری هەرێمدا بڵاوبوونەوەو دڵەراوکێی زۆری بۆ قوتابیان دروستکرد، ئەوەبوو بۆ تاقیکردنەوەی سێیەم و دواتر بەهۆی چەند ئیجرائاتێکی توندەوە تا ئاستێکی باش توانرا رێگری لێ بکرێت و، چەند کەسێکیش بەهۆی ئەوەی دەستیان لەو دزەکردنەی پرسیارەکاندا هەبوو دەستگیرکران..
ئەگەرچی لێرەو لەوێ دەنگۆی ئەوە هەبووەو هەیە کە دزەکردنی پرسیارەکان بەردەوامەو بۆ کەسانی دەست رۆیشتوو و دەوڵەمەند دەست دەکەوێت، بەڵام من لای خۆمەوە بەڵگەم نییەو ئەگەر هەشبێت ئەو زیانەی نەگەیاندووەو ناگەیەنێت کە مەترسی هەبێت بۆ ئەنجامی قوتابیانی زیرەک و بەتوانا..
ئەوەی روویدا دەبوو ببوایە بە پەند و وانەیەکی گرنگ و باش بۆ وەزارەتی پەروەردەو بەرپرسانی پەیوەندیدار بە ئەزموونەکانەوە، چونکە ئەگەر وا نەبێت و نەکرابێت، ئەمساڵ زیانی زۆر گەورە بە پرۆسەکە دەکەوێت، بەندەش لای خۆمەوە بە گومانم لەوەی تا ئێستا ئەو ئیجرائاتە توندە کرابێت و، بە داخەوە تا نەکەوینە ناو پرۆسەکەوەو حاڵەتەکە روونەداتەوە رەنگە بەخۆ نەکەون..
رۆژی سێشەممەی رابردوو (٢/٥/٢٠١٧) تاقیکردنەوەیەکی بەرایی بۆ وانەی زمانی عەرەبی ئەنجامدرا، بۆ سەرجەم قوتابیانی پۆلی (١٢) بە هەردوو بەشی زانستی و وێژەیی لە تەواوی هەرێمی کوردستاندا، ئەوەندە ئاساییە کە تەنها تاقیکردنەوەیەکی بەراییەو زووتر پرسیارەکان گەیەندراوەتە قوتابخانە، هەروەها ئیجرائاتی توند نەکراوەو وا دیارە پرۆسەکە بەهەند نەگیراوە، بەڵام ئەوەی نائاساییە ئەوەیە کە دوبارە پێش هاتنی کاتی ئەنجامدانی تاقیکردنەوەکە، ئێمە وەک مامۆستایانی ئامادەیی قوتابیان پێیان راگەیاندین، پرسیارەکە و وەڵامەکانیشی لەناو مۆبایلی زۆربەی قوتابیەکاندا هەبوو و ئەو پەیجەی فەیسبوکیش ئاشکرابوو کە بڵاوی کردووەتەوە، لێرەدا جارێکی تر توشی هەڵوەستە بووین، کە بۆچی ئەم حاڵەتە روویدایەوەو؟ کێیە ئەو کەسەی ئەم کارەی کردووە؟ بەڕێوەبەرێکی نابەرپرسە، یان هەرکەسێکی تری خاڵی لە ئەخلاقیاتی گشتی و، بێ هەست بەرامبەر چارەنوسی دەیان هەزار قوتابی و خوێندکاری پۆلی ١٢ی ئامادەیی؟!..
ئەم هەڵە گەورەیەی ئەمجارە رەنگدانەوەو پەرچەکرداری ئەوتۆی بەدوای خۆیدا نەهێنا، چونکە ئەزموونەکە لای خودی قوتابیانیش بەهەند نەگیرا و، بە لاوەکی سەیری کرا، بۆیەش کاردانەوەی نەبوو، بەڵام جێی خۆیەتی ئەمەش زیاتر لەوەی ساڵی پار بە گرنگییەوە سەیر بکرێ و لێپێچینەوەو بەدواداچوونی بۆ بکرێت، پێویستە ئەمە ببێتە زەنگێکی مەترسیدار و ئاگادارکردنەوە بۆ مانگی داهاتوو و، نزیکبوونەوەی ئەزموونە وزارییەکان، زۆر پێویستە وەزارەت بەدوای هۆکاری روودانی ئەو هەڵەیەدا بگەڕێت، کە زۆرینەی بۆچوونەکان بۆ کەمتەرخەمی و نابەرپرسی بەرێوەبەرەکانی دەگێڕنەوە..
بەکورتی لەوبارەوە ئەوە بە بیری هەموو دڵسۆزانی پەروەردەو خوێندن و بەرپرسانی بەڕێزی وەزارەتی پەروەردە دەهێنمەوە، کە بەرهەمی دانانی پۆستە کارگێڕییەکان و بەتایبەتی بەڕێوەبەر و یاریدەدەری قوتابخانەو خوێندنگاکان تەنها بە پێوەری حیزبی، لە رودانی وەها هەڵەیەکی گەورە نەبێ شتێکی تری لێ چاوەڕێ ناکرێت، (لەگەڵ رێزم بۆ بەڕێوەبەرە حیزبییە سەرکەوتووەکان)، چونکە کاتێک ئەو بەڕێوەبەرە نابەرپرسە زانی بۆچی کراوەتە بەڕێوەبەر، ئیتر ئەو رێچکەیە بەرنادات و، پرسی بەرژەوەندی تایبەتی خۆی ناکاتە قوربانی بەرژەوەندی گشتی، بەڵکو رازیکردنی گیرفان و پۆستە حیزبییەکان دەکاتە ئەولەوییەتی هەنگاوەکانی، نەک رازیکردنی ویژدان و، خواستی پەروەردەو، بەرژەوەندی خوێندن و خوێندکاران..
هیوادارم بەرپرسان بێدەنگ نەبن و، هەر لەئێستاشەوە لە غەمی پێداویستی و رێگرییەکانی رودانی ئەو کێشە گەورەیەدا بن، تا بە ئاسودەییەوە بچینە ناو ئەنجامدانی تاقیکردنەوەکان و، بە ئاسودەییشەوە کۆتاییان پێ بهێنین.