داڵدەدانی تاوانبار پاساو ھەڵناگرێ !!

ئەوە ڕاستیەکی ئازار بەخشە و تەنھا مرۆڤی ویژدان زیندوو پێوەی دەناڵێنێ ، ھەرچەندە لەڕواڵەتدا زۆربەمان لەسەری کۆک و پێداگرین کە گەلی کورد وەک نەتەوەیەکی قوربانیدەر و ستەم لێکراو لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا ڕیزبەندی یەکەمی گرتووە و تاسەر ئێسقان ناھەقی دەرھەق کراوە ، وە مەرگەساتەکانی کیمیاباران و ئەنفال و ڕاگوێزان و کۆڕەو و .. تاد . شایەتی گەورەن لەسەر ئەو حەقیقەتە ..

چونکە نمونەی ئەو تاوان و ستەمانە بە ھەموو یاساو ڕێسا ئاسمانی و زەمینیەکان مەحکوم کراون و مۆرکی قەدەغەبونیان بەسەردا نراوە و بەتەواوی حەرام کراون ، ئەوەی پێان ھەڵسێ ، نزیک یان دوور ڕیسوای دونیاو دواڕۆژ دەبێت ..

لێرەداو لەم نوسینەمدا دەمەوێت لەپاڵ ئەو ڕاستیەی کەوا کورد گەلێکی مەزڵومەو چەوساندنەوەی بووەتە ناسنامە بۆی و سۆزی گەلانی دونیای بۆ لای خۆی ڕاکێشاوە ، کەچی زۆر بەداخەوە ـ گەرچی خەبات و تێکۆشان و قوربانیدانی گەل بەگشتی ، ھۆکاری سەرەکی بوون بۆ ھێنانە کایەی ئەم نیمچە سەربەخۆ بوونە لە باشوری کوردستان ، کە بۆ ماوەی زیاتر لە چارەکە سەدەیەکە بەردوامە و لەلایەن دوو ھێزی خاوەن دەسەڵات و ناکۆک و بەشەڕھاتووی ئەو ساو ، ڕکابەری ڕواڵەتی و دۆستی بەرژەوەندی ژێربەژێری ئێستا بەڕێوەی دەبرێ ، بەڵام بە دوو سیمای جیاواز لەڕەنگ و دەنگدا ..

وە ئەم دوو ھێزە خاوەن خەباتە دروشمی سەرەکی سەردەمی شاخ و بەشێک لە شاریان سەندنەوەی تۆڵە و ماف بوو لەو کەس و لایەنەی دەستیان بووە لە ھەر تاوان و ستەمێک کە دەرھەق بەم گەلی کورد و ھاوڵاتی ئەم کوردستانە کرابێ ..

بەڵام وا بەئاشکراو لە ساڵیادی مەرگەساتەکاندا کەس و کاری قوربانیەکان دێنە بەردەم مایکەکان و پڕ گەرویان ھاواردەکەن : تاکەی ئێوە دەبنە پەرژین و پەناو قەڵا بۆ پاراستنی تاوانباران ، ھۆی چیە ئەوەندە خەمسارد و بێباکن لەئاست مافی کەس و کاری قوربانیان ؟! ئێوە بۆ وەڵاممان نادەنەوە و تاکەی موستەشار و ئەنفالچی داڵدەدەن بە موچەی باش و پاسەوان و پارێزەر ؟!

ئەوەتا ببین لەبیست و نۆھەمین ساڵیادی کیمیاباران و کارەساتی ئەنفالی دەشتی کۆیە کە بەرواری ٤ / ٥ / ٢٠١٧ لە گۆپتەپە بەڕێوە چوو کەسوکاری قوربانیان زۆر بە ئاشکرا و بێزاریەوە ھاتبوونە دەنگ و پێداگریان لەسەر ئەو حەقیقەتە دەکردەوە و دەیانپرسی : لەکاتێکدا (دادگای باڵای تاوانەکان لە عێراق ) ناوی چوارسەد کەسی ڕاگەیاندووە کە دەستیان بووە لە تاوانی ئەنفال ، ئەی ئێستە بۆچی ئەوانە لای ئێوەی دەسەڵاتدار داڵدە دراون ؟! وە بوونەتە خاوەنی جێگاو ڕێگای ئەمان و موچەو بژێوی باش و پاسەوان و پارێزەری تەواو ؟!

لەم سۆنگە بۆ ویژدانی بەرپرسان ڕای دەگەیەنین : ھەرگیز داڵدەدانی تاوانباران پاساو ھەڵناگرێ و تازووە بۆ ڕای گشتی و قوربانیانی ئەو کارەساتانە ھۆکاری داڵدەدانەکەتان ڕوون بکەنەوە ، تاکو کۆڵی سەرشانتان لەوە زیاتر قورس نەبێت و دواجار بەناچاری بەرەو بەرداش و سەنگی مەحەکی خواو گەل و مێژوو ڕاپێچ نەکرێن ، ئەوکات پەشیمان بوونەوە بۆتان بێ ھودە بێت ..

عوسمان حمەکریم زەڵمی
٥ / ٥ / ٢٠١٧