هیچ كوردێك لەسەر زەوی لاری نیە لەوەی كە كورد ببێت بەخاوەنی دەوڵەت و دەسەڵاتی سەر بەخۆی خۆی بێت، بەڵام ماوەیەكە پرسی گشت پرسی بۆ ڕیفراندۆم بۆتە باس و خواستی سەرجەم ناوەندەكان و كۆڕو كۆبونەوەو ووتارو لێدوان و نوسینی سەرجەم دەزگاكانی ڕاگەیاندن.
لەگەڵ ئەوی گەلی كورد مافێكی سروشتی و ئاسایی و یاسایی خۆیەتی وەك گەلانی دنیا خاوەنی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆی بیت.
وەهەموو كوردێك خەون بە ئەوە دەبینێت كە ئێمەش وەك گەلانی دنیا ببینە خاوەنی قەوارەیەكی سەر بەخۆ، ئێمەش وەك ووڵاتان خاوەنی ئاڵاو حكومەت و دەوڵەتی كوردی بین.
بەڵام ئەوەی هەموانی توشی جۆرێك لە بێ متمانەی كردوە خەریكە ئەم پرسە گرنگ و چارەنوس سازو نیشتیمانی و نەتەوەی و كوردیەش دەبێتە مایەی ململانێی لایەنەكان و بەجۆرێك لە جۆرەكان وەك پرسێكی حیزبی‌ تاكە لایەنێك مامەڵەی لەگەڵدا دەكرێت، بۆیە گرنگە بە ئاستی گەورەی دۆزەكەو پرۆسەكەو گرنگی مافی گەلێك بەگەورەیی بیر بكرێتەوە بەتایبەتیش لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەكان، گرنگە لەبیری ئەم هەنگاوانەی خوارەوەدابن بەتایبەتی بەپرسان و كاربەدەستانی هەرێم:ـ


1ـ دەبێت هەڵوێستەیەكی جدی بكرێت، بۆشەقامی كوردی بەگومانە لەم پرسە گرنگ و چارەنوس سازە، ناكرێت تۆ خودی خۆت بەدەست و دەسەڵاتی خۆت پەرلەمانی كوردستانت لە كارخستبێت و حكومەتت توشی ئیفلیجی كردبێت و بڵێت من ڕیفراندۆم بۆ ڕاگەیاندنی دەوڵەتی كوردی دەكەم ئەو كاتە دورنیە دەوڵەتەكە ببێت بە دوو لەتی كوردی لەبری دەوڵەتی كوردی.
2ـ چەندێك گونجاوە تۆ هیچ حیسابێك بۆ دەنگ و ‌سەنگی هاووڵاتی كورد نەكەیت و ماهیەتی كاری سیاسی و پرۆسەی هەڵبژاردن و سندوقەكانی دەنگدانت خستبێتە ژێر پرسیارەوەو ئیستحقاقی هەڵبژاردنت خستبێتە ژێرهێزی لولەی تفەنگەوەو بانگەشە بۆ هاووڵاتیان بكەیت و بڵێیت وەرن بەشداری بكەن لە پرسی ڕیفراندۆمدا تا بەدەنگەكانتان دەوڵەتی كوردی دابمەزرێنین ئەمەش سیاسەتی بانێكەو دوهەوایە تۆ دەنگی خەڵك پشت گوێ بخەیت و بڵێت وەرن دەنگ بدەن.
3ـ ئەم ووڵاتە كوشتەی عەقڵیەتی تەسكی حیزبایەتیە هەرچی هەبێت دەبێت بۆخۆم بێت یان بۆحیزبەكەم بێت وە تەواوی توانا مرۆییی و مادیەكانی ووڵات كە موڵكی هەموانە بەگشتی، تۆقۆرخی كەیت بۆخۆت و حیزب و بنەماڵەكەت، تاكۆتای بەم عقڵیەتە قۆرخكاری و پاوان خوازیە نەیات حاڵی ئەم ووڵاتە باشتر نابێت و پرۆسەی سیاسی گەشەناكات.
4ـ پێویستە زۆر بەووریاییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم پرسە گرنگ و هەستیارەدا بكرێت ودەبێت لای كەمی كێشەناوخۆیی و قەیرانە دەستكردەكان چارەسەر بكرێت ئەگەر لەبیری دەستكەوتی تردا نەبین بۆ هاووڵاتیانی هەرێم.
5ـ هاووڵاتیانی ئەم هەرێمە دەیان ساڵە یاریان پێ دەكرێت دەست بەسەر ئازادی و ژیان و قوتیاندا دەگیرێت، هەر دوێنی بوو ووتان پشتیوانمان بن ئابوری سەربەخۆ ڕادەگەیەنین و باری گوزەرانتان باش دەكەین و نەوتی خۆمان دەفرۆشین و بەڵام ڕاستان كرد لەبری پڕۆژەی ئابوری سەربە خۆ پڕۆژەی ئابوری سەبە خۆتان و بۆخۆتان ڕاگەیاند، ووتان بە غداد موفلیسە بەڵام ئێوە قوڕتان بۆ میللەت گرتەوە، میللەتان برسی كرد كار گەیشتە ئەوەی ئەگەر هاووڵاتیانی ئەم هەرێمە دەرفەتیان بۆ بڕەخسێت ئەو ووڵاتەی كە ئامادەبون لە پێناویا گیانی خۆیان بەخت بكەن ئێستا ئامادەن چۆڵی كەن و بڕۆن بۆهەندەران ئەگەر چی زۆر جاریش ببنە خۆراكی ماسیەكانی دەریاكان و قوربانی دەستی مافیاكانی سنورەكانی هەندەران.
6ـ كێ بەرپرسە جگە لەسیاسەتی ناتەندروستی ئێوەی كاربەدەستان كە ئەم كوردستانەتان كردە قەیرانستان و مەر‌گستان، بەداخەوە شۆڕشگێڕەكانی دوێنی مێژوویەكی خراپتان بۆخۆتان تۆماركرد كارگەیشتە ئەوەی فەرمانبەران داوا بكەن بخرێنەوە سەر حكومەتێكی عەرەبی ناوەندی عێراقی بەڵام متمانەیان بەحكومەتێكی كوردی خۆماڵی لە كوردستانێكی ئازادو دەوڵەمەندا نەمێنێت ئا ئەمەیە كارەسات.


بۆیە لەكۆتایدا تكایە بەرپرسەكان ئەم پرسە كوردستانی و نیشتیمانی نەتەوەیە گرنگە مەكەن بە مزایەدەو مەیكەنە قوربانی بەرژەوەندی كاری حیزبایەتی بیرتان لەلای بەرژەوەندی خاك و خەڵكی كوردەستان بێت هەتاوەكو ئەم ووڵاتەش ئامێزی سۆزو ئەوین بێت.