پارە بۆ مووچە یان بۆ بازاڕ؟

  هەینی, 12 ئایار 2017 12:44

 

رەنگە خوێنەر بپرسێت جیاوازی لە نێوان مووچە و پارەدا نیە، بەڵام راستیەكەی مەبەستی من شتێكی ترە لەو بابەتە ئەویش ئەوەیە مووچە زیاد بكەینەوە و پاشەكەوت كەم بكرێتەوە یانیش حكوومەت پارە بخاتەوە بازاڕ لە رێگەی پێدانی پارەی بەڵێندەران و پڕۆژەكان و پێدانەوەی پارە بە بانكەكان؟.


كاتێك لە ساڵی 2015 حكوومەت چەند مانگ مووچەی دابەش نەكرد لە ساڵی 2016 وە سیاسەتی دابەشكردنی مووچە بە پاشەكەوت پێرەو دەكات كە بەمەش لە بڕی ئەوەی بۆ مووچەی مانگێك پێویستی بە 750 ملیۆن دۆلاربێت تەنها پێویستی بە 350 ملیۆن دۆلار دەبێت، لەو كاتەوە بەردەوام باس لە ئەگەرەكانی دەستكاریكردنی پاشەكەوتی مووچە دەكرێت بە تایبەت لە دوای زیادبوونی داهاتی حكوومەت و كەمكردنەوەی خەرجیەكاندا.


ئەوەی ئێستا دەبیندرێت سیاسەتی حكوومەت ئەوەیە لە بڕی زیادكردنی مووچە و كەمكردنەوەی پاشەكەوت پارە دەخاتەوە بازاڕ لە رێگەی پێدانی پارە بە بەڵێندەران بۆ نمونە 10 ملیۆن دۆلاری مانگانە دەدرێت بەو بەڵێندەرانەی چەكیان لە لایە لەگەڵ ئەو بەڵێندەرانەی كە لە پڕۆژەكانیان بەردەوامن، هەروەها بڕیاریشە پارە بدرێتەوە بەو بانكانەی كە لە كاتی قەیرانی داراییدا حكوومەت پارەكانیان بەكارهێناوە بۆ پڕكردنەوەی كورتهێنان.


هەروەها حكوومەت قەرزی كۆمپانیاكانی ناوخۆ و بیانیش دەداتەوە كە ئەویش مانگانە چەند ملیۆن دۆلارێكە.


لە سۆنگەی ئەو بڕیارانە و قسە و لێدوانی بەرپرسانی حكوومەت و وەزارەتی دارایی پێدەچێت حكوومەت لە بڕی پێداچوونەوە بە مووچە پارە بەم جۆرە بخاتەوە بازاڕ بۆ ئەوەی جولەی بازاڕ دروست بێتەوە و بەشێك لە پڕۆژەكان بخرێنەوە گەڕ و هەلی كار بۆ بێكاران بڕەخسێتەوە و هەر هیچ نەبێت هەناسەیەك وەبەر دۆخەكە بێتەوە.


بێگومان دەستكاریكردنی پاشەكەوتی مووچە مافێكی رەوای فەرمانبەرانە و دەبێت ئەو مافە بگەرێندرێتەوە، بەڵام ئەگەر بڕێك لە مووچە زیاد بكرێتەوە كە زۆر زۆری لە نێوانی 10%بۆ 20% كاریگەریەكی ئەوتۆی نابێت لەسەر دۆخ و گوزەرانی فەرمانبەران، بەڵام ئەگەر دۆخی ئابوری و بازاڕ ببوژێتەوە لە رێگەی پڕۆژە و هەڵی كار بێگومان دۆخەكە بۆ كۆی خەڵك سودی دەبێت چونكە نابێت ئەوەمان لە یاد بچێت لە كۆی نزیكی 6 ملیۆن كەس لە هەرێمی كوردستان تەنها ملیۆنێك و 400 هەزار مووچەخۆر هەیە بۆیە كاتێك كۆی دۆخەكە باش دەبێت بۆ هەموو لایەك بە مووچەخۆر و خەڵكی تر دۆخەكە باش دەبێت و پارەیەكی باشتر لە بازاڕ ئاڵوگۆڕی پێ دەكرێت و بێكارانیش سودمەد دەبن لەو دۆخە چونكە نابێت لە یادمان بچێت لە ئێستادا بێكاری نزیكی 14%یە لە كوردستان و نزیكی 500 بۆ 700 هەزار كەس لە دوای 2014 هەلی كاریان لەدەستداوە.


باوەڕم وایە ئەگەر كەمێك دەستكاری پاشەكەوت بكرێت و زیاتر حكوومەت پارە لە رێگەی تر بخاتە بازاڕ ئابوری كوردستان زیاتر دەبوژێتەوە و قازانج دەكات ئەوەش باشترین سیاسەت و پلانی دەوێت و نابێت هەروا بە میزاج بكرێت.

شوان بەرزنجی

شوان بەرزنجی ساڵی 1983 لە گوندی سماقوڵی گرتك كە دەكەوێتە رۆژهەڵاتی لە هەولێر لە دایكبووە. لە هەولێر دادەنیشێت و خەریكی كاری رۆژنامەوانیە و زۆربەی وتار و بابەتەكانی ئابورین.

لە ساڵی 2004 یەكەم بابەتی لە رۆژتامەكانی كوردستان بڵاو كردۆتەوە و ئێستاش گۆشەی تایبەت و وتار و ڕاپۆرتی لە رۆژنامەو سایتەكاندا هەیە .