ئیمان وەک سەرچاوەی سه‌ره‌كی‌ بزوێنه‌ری‌ تواناكانی‌ تاكی‌ مسوڵمان

ئەگەر مرۆڤی باوەڕدار دڵی لەگەڵ خوادا بێت، ئەوا ئەو دڵە ڕۆشنایی بە ژیان دەبەخشێت، توانا و وزەیەکی زۆرت پێ دەدات (إِنْ يَكُنْ مِنْكُمْ عِشْرُونَ صَابِرُونَ يَغْلِبُوا مِائَتَيْنِ وَإِنْ يَكُنْ مِنْكُمْ مِائَةٌ يَغْلِبُوا أَلْفًا)

ئەمە وات لێ دەکات لە ئەنجامدانی کاری چاکەدا ماندوو نەبیت، ئەمە نهێنیی ئەو سەرکەوتنە گەورانە بوو کە تابعین و هاوەڵان و ئەوانەی دوای ئەوانیش بە دەستیان هێنا، توانییان لە بیابانی عەرەبی و نەفامی عەرەبی شارستانییەتێک درووست بکەن کە بووە جێگەی سەرسووڕمانی هەموو گەلانی جیهان. لە ماوەی ١٥ ساڵدا لە شوانی حوشتر و نەفامی و دەوارنشینییەوە بوونە پێشەوای هەموو جیهان، فێری خوێندن و نووسین بوون و بوونە سەرچاوەی زانست و زانیاری بۆ هەموو گەلان، هەندێک لە زانایانی کۆمەڵناسی دەڵێن ئەوەی هاوەڵان لە ماوەی ١٥ ساڵدا بە ئەنجامیان گەیاند فارسەکان و ڕۆمەکان بە ١٠٠٠ ساڵ بە ئەنجامیان نەگەیاندبوو .

توانییان دووریی ١٠٠٠ ساڵ کورت بکەنەوە بە هێزی ئیمان و پتەویی عەقیدە و چەسپان لەسەر هەڵوێستەکانیان، ئەوان واتێگەیشتبوون کە کارکردن بۆ بەرەو پێشبردنی گەل عیبادەتە و ئاوەدان کردنەوەی زەوی و بنیاتنانی شارستانییەت فەرمانێکی خواییە.

ئەوان بەم شێوەیە لە ئایەتەکە تێگەیشتبوون، ئەوان لەو بڕوایەدان بوون کە گەلێکی هەژار و دواکەوتوو کە خێری بۆ خۆی نەبێت، چۆن دەتوانێت ببێتە پێشەنگ بۆ گەلانی تر، هەر ئەو چاکەخوازییەش بوو کە گەلانی ژێردەستە بە سنگی فراوانەوە ئیسلامیان وەرگرت و لە دواییدا هەر خۆیان بوونە خاوەنی ئیسلام، لە ئێستاشدا دەبینین کە دەیان نەتەوەی موسڵمان لەسەر ئاستی جیهان شانازی بە موسڵمانبوونی خۆیان و کولتووری مێژووییانەوە دەکەن و لە ڕەگەزی عەرەبیش نین .

کاتێک ئێمە دەڵێین ئیسلام چارەسەرە و ئیمان نەخشەڕێگای پێشکەوتن و گەشەپێدانە مەبەستمان لەم جۆرە تێگەیشتنەیە، چونکە ئەگەر بەم تێگەیشتنە نوێیەوە موسڵمانان مامەڵە لەگەڵ دینەکەیان بکەن، ئەو کاتە ئیسلام دەبێتە ڕێگەی چاکسازی و گەشەپێدان و ڕێگرتن لە گەندەڵی .

کاتێک پێغەمبەری خوا و هاوەڵانی ئایەتەکانی قورئانیان دەخوێندەوە، هەوڵیان دەدا لێی تێبگەن.

کاتێک نوێژیان دەکرد دەیانزانی بۆ نوێژ دەکەن، نوێژ داوای چییان لێ دەکات، لە نێوان نوێژ و کردەوەکانیاندا بۆشاییەک نەبوو، دەیانزانی نوێژ بۆ بەرە و ڕووبوونەوەی تاوان و خراپەیە لە دەروونی خۆت و دەرەوەی خۆتدا، لای ئەوان نوێژ تەنیا تقووسێکی ئایینی نەبوو .

ئەوان کە وەختی بانگ دەهات دەیانگوت (رحنا یابلال) واتە نوێژ بۆ شادی و دڵخۆشی و گەشانەوە بوو، بەڵام بەداخەوە ئەمڕۆ مامەڵەی زۆربەی موسڵمانان لەگەڵ ئایەتەکان و ئیمان و ئەرکانەکانی ئیسلام نەفامانەیە، زۆربەی موسڵمانان ئێستا نوێژ و ئەرکانەکانی تر لە کۆڵ خۆیان دەکەنەوە، نوێژ تەنیا لەناو مزگەوتدایە، کە هاتنە دەرەوەی مزگەوت شتێکی ترە، لە کاتێکدا کە دەبێت مرۆڤی باوەڕدار خاوەنی یەک کەسایەتی بێت لە مزگەوت و لەناو مزگەوتدا، لە هەمان کاتدا چوونە مزگەوت دەبێت بۆ وەرگرتنی وزە بێت بۆ ئەوەی کە هاتە دەرەوە ئەو عیبادەتە ببێتە داینەمۆی جووڵاندنی باوەڕدار بۆ چاکەکاری و خێر و دڵسۆزی و گەشەپێدان، بەڵام ئایە ئێمە بەو جۆرەین؟

پێوەری ڕێژەی ئیمان لە دڵەکاندا، بە زمان و کردەوە و مامەڵەدا دەردەکەوێت، واتە دەبێت ڕەفتار و گوفتار یەک شت بن، ئەو کاتەش دەبێت موسڵمان هەڵگری ئەم سیمایانە بێت :

١-  بڕوابوون بە سەروەریی شەریعەت (فَلَا وَرَبِّكَ لَا يُؤْمِنُونَ حَتَّى يُحَكِّمُوكَ فِيمَا شَجَرَ بَيْنَهُمْ ثُمَّ لَا يَجِدُوا فِي أَنْفُسِهِمْ حَرَجًا مِمَّا قَضَيْتَ وَيُسَلِّمُوا تَسْلِيمًا)

٢- خۆشەویستیی خوا (إِنَّ الَّذِينَ آمَنُوا وَعَمِلُوا الصَّالِحَاتِ سَيَجْعَلُ لَهُمُ الرَّحْمَنُ وُدًّا)

٣- هەستکردن بە برایەتیی ڕاستەقینە  (إِنَّمَا الْمُؤْمِنُونَ إِخْوَةٌ)

٤-  بڕوا بوون بەبەڵێنەکانی خوای گەورە (أَلَا إِنَّ أَوْلِيَاءَ اللَّهِ لَا خَوْفٌ عَلَيْهِمْ وَلَا هُمْ يَحْزَنُونَ)

٥- پەیوەستبوون بە خواوە (نَّ اللَّهَ مَعَ الَّذِينَ اتَّقَوْا وَالَّذِينَ هُمْ مُحْسِنُونَ)

٦- دەستکەوتنی لێخۆشبوونی خوا (رَضِيَ اللَّهُ عَنْهُمْ وَرَضُوا عَنْهُ)

٧- بەرگریی خوا لە باوەڕداران (إِنَّ اللَّهَ يُدَافِعُ عَنِ الَّذِينَ آمَنُو)

٨- ژیانێکی خۆش لە دواڕۆژدا (مَنْ عَمِلَ صَالِحًا مِنْ ذَكَرٍ أَوْ أُنْثَى وَهُوَ مُؤْمِنٌ فَلَنُحْيِيَنَّهُ حَيَاةً طَيِّبَةً وَلَنَجْزِيَنَّهُمْ أَجْرَهُمْ بِأَحْسَنِ مَا كَانُوا يَعْمَلُونَ)

ئەگەر ئەم شوێنکارانە لەسەر ڕەوشت و مامەڵەی مرۆڤی موسڵمان ڕەنگی دایەوە، ئەوکاتە ئەو کۆمەڵگەیەش بەختەوەر دەبێت و گەشە دەکات و دەبێتە ڕۆشنایی بۆ خۆی و ڕێگاش بۆ دەوروبەرەکەی ڕۆشن دەکاتەوە.

*ئەمینداری گشتیی یەكێتیی جیهانیی زانایانی مسوڵمان.