مەرگی دیموکراسی!

  یەک شەممە, 21 ئایار 2017 11:29

دەسەڵاتە تاکڕەوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەردەوام سوودیان لە هەڕەشە و مەترسییەکانی تیرۆر وەرگرتووە بۆ ئەوەی ئازادی لە وڵاتەکانیاندا سنووردار بکەن و گەشەی دیموکراسی بوەستێنن و باسکی عەسکەرتارییانەیان بەهێز بکەن و سنوورێک بۆ میدیای ئازاد و کۆمەڵگەی مەدەنی دابنێن. لەبەر ئەوە زۆرجار ئەم ڕژێمانە هەر خۆیان بە جۆرێک لە جۆرەکان ڕۆڵیان هەبووە لە بەردەوامیی گەشەی تیرۆر و گرووپە تیرۆریستییەکان، لە هەمان کاتدا بۆ بێدەنگکردنی ڕۆژئاواییەکان و هەڵوێستی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دێن و مەترسیی تیرۆر گەورە دەکەن و وەک هەڕەشەیەک لەسەر ئاسایشی گشتی جیهان لە قەڵەمی دەدەن، وڵاتە زلهێزەکانیش زۆر جار لە بەرامبەر پشتیوانیی پەیداکردن بۆ شەڕی تیرۆر چاویان نوقاندووە لە ڕژێمە سیاسییەکان کە ڕەفتاری دژەدیموکراسییان ئەنجام داوە، بە نموونەش پشتیوانی لە کودەتا سەربازییەکەی میسر و بێدەنگییان لە ئاست ئیفلیجکردنی پەرلەمانی کوردستان و پێشێلکردنی ئازادییەکانی تاک و گەندەڵییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق. لە کوردستانیشدا لەو کاتەوە کە هەڕەشەی داعش سەری هەڵداوە دەسەڵاتی کوردی لە کاتێکدا ڕووبەڕووی هەڕەشەکانی ئەم ڕێکخراوە بووەتەوە و توانی مەترسییەکان لەسەر سنووری کوردستان دوور بخاتەوە، بەڵام بە دیوێکی تردا نەیتوانی هاوسەنگی لە نێوان درێژەدان بە جەنگی تیرۆر و گەشەپێدانی دیموکراسی بپارێزێت، هاوشێوەی ڕژێمە عەرەبییەکان چۆن مەترسییەکانی ئیسرائیل لەسەر وڵاتەکانیان گەورە دەکەن و بە بیانووی ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی ئیسرائیل درێژە دەدەن بە باری نائاسایی و سەرکوتکردنی گەل و سنووردارکردنی ئازادییەکان و بەرتەسککردنەوەی ئازادیی سیاسی لە بەردەم پارتەکان و لاوازکردنی دیموکراسی بە شێوەیەکی گشتی، ئەمانیش هاوشێوەن، ڕاستە بەرەنگاربوونەوەی داعش و گرووپە تیرۆریستییەکان بەرپرسیارییەتییەکی نیشتیمانیی گشتییە، بەڵام لە بەرامبەردا نابێت ئەمە کاریگەریی هەبێت بۆ لاوازکردنی گەشەپێدانی دیموکراسی، چونکە هەتا دیموکراسی بەهێز بێت ئینتیمای تاکەکان بۆ نیشتیمان باشتر دەبێت و ڕیزەکانی ناوخۆ پتەوتر دەبێت و نەسیجی کۆمەڵایەتی لە ڕووی هێزەوە زیاتر بە یەک پارچەیی دەردەکەوێت، ڕاستە دەسەڵاتی کوردی داعشی تێکشاند، بەڵام دەبێت ئەو ڕاستییەش بڵێین کە پەیوەندیی نێوان هێزە سیاسییەکان و دامەزراوە شەرعییە دیموکراسییەکان بەرەو لاوازی ڕۆیشتن و تەنانەت دامەزراوەیەکی شەرعیی وەک پەرلەمان کە بە دەنگی خەڵک هەڵبژێردرا بە تەواوی ئیفلیج کرا.

کارن ڕوس لە کتێبی (شۆڕش بەبێ سەرکردەکان) باس لەوە دەکات کە لە ئێستادا سیاسییەکان لەگەڵ کۆمپانیا زەبەلاحەکان دەستیان تێکەڵ کردووە و سیاسییەکان لە جیاتی گەڕان بە شوێن چارەسەری گرفتەکانی خەڵکدا کەوتوونە گەڕان بە شوێن قازانجدا، ئەندام پەرلەمانەکان لە جیاتی ئەوەی هەست بەو بەرپرسیارێتییە بکەن کە لە ئەستۆیاندایە، دێن هەریەکەیان لە بیری بەرژەوەندی خۆیاندان و لەگەڵ کۆمپانیا و پارتە سیاسییە دەسەڵاتدارەکاندا دەست تێکەڵاو دەکەن و ئەوانیش دەکەونە شوێن بەرژەوەندیی تایبەتی خۆیان. ئەو دەڵێت نابێت دڵمان بە دیموکراسی خۆش بێت بۆ چارەسەری گرفتەکان، ئەو باس لە پۆست دیموکراسی دەکات .

ئەو دیموکراسییەی کە ئێستا لە کوردستاندا هەیە بەتاڵ کراوەتەوە لە هەموو مانا ڕاستەقینەکەی خۆی، بەڵکو بە ئاڕاستەیەکی ترسناک هەنگاوی ناوە، کە ئەویش بە بیانووی قەیران و شەڕی تیرۆر، هەموو قورسایی و باجەکە خراوەتە سەر شانی هاووڵاتی، قەرزی کۆمپانیاکان و قەرزی بەڵێندەران، دۆڕاندنەکانی حکوومەتی هەرێم بەرامبەر بە کۆمپانیاکانی وزە، هەموو دەبێت هاووڵاتی باجەکەی بدات.

ئەوەی ئێستا لە کوردستاندا دەبینرێت ئاڕاستەیەکی دژە دیموکراسییە و درووستکردنی وێنەیەکی ترە کە ئەویش هەمووی بە ئاڕاستەیەکدا دەبرێت کە بەهێزکردنی هەژموونی پارتێکی دیاریکراوە بەسەر تەواوی جومگەکانی دەسەڵات و سەرچاوەکانی هێز، لەم ڕێگەیەشەوە تەواوی کۆمەڵگە و پارتە سیاسییەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و میدیاکان دەخرێنە ژێر فشار، هەتا پابەند بن بە سیاسەتەکانییەوە، لەم ڕێگەیەشەوە هەموو ئەو کەناڵانەیان بێدەنگ کردووە کە ڕۆڵی چاودێری دەبینن بەسەر دەسەڵاتەوە، هەر لە پەرلەمانەوە بیگرە هەتا کۆمەڵگەی مەدەنی و میدیای ئازاد، لە لایەکی تریشەوە ناهۆشیاری کۆمەڵگا بەرامبەر مافە مەدەنییەکانیان ئیستغلال کردووە. بۆ ئەوەی کە بەکاریان بهێنن بۆ هەر سیناریۆیەک کە درووستی دەکەن هەتا زیاتر درێژە بە دەسەڵاتی سیاسییان بدەن، تا هەنووکەش مەرجەعییەتی باڵای یاساکان و دادگاکان بریتییە لە مەکتەبی سیاسی حزبە باڵادەستەکان، ئەوان دەبنە سەرچاوەی سەرەکی بڕیارە سیاسییەکان، لەبەرئەوە دەبینین پەرلەمان پەک دەخەن کە گرنگترین بنەمای دیموکراسییە، بەڵام لە لایەکی ترەوە داوای ڕیفراندۆم دەکەن و دەڵێن بۆ ئەم پرسە پێویستە بگەڕێینەوە بۆ خەڵک، ڕاستە ڕیفراندۆم پرسێکی نیشتیمانییە و پێویستە جەماوەر دەنگی لەسەر بدات، بەڵام خۆ پەرلەمان گرنگتر و شەرعیترە، ئەی بۆچی ڕێزێک بۆ ڕای دەنگەکانی خەڵک دانانرێت و هەر لەو دەزگایەوە ئەو بڕیارە نادرێت؟ کەواتە لەم ڕوانگەیەوە دەتوانین بڵێین دیموکراسی لە کوردستاندا بەرەو لێژبوونەوە هەنگاوی ناوە، ئەگەر پارتە سیاسییەکان و دەسەڵات بەری پێ نەگرن و بە دیدگایەکی نوێ مامەڵەی لەگەڵ نەکەن وەک کارن ڕوس دەڵێت مەرگی دیموکراسی بە چاوی خۆمان دەبینین.