ئازادی و ئاشتی كۆمه‌لایه‌تی !


زۆرن ئه‌وانه‌ی باسی ئازادی ده‌كه‌ن به‌لام له‌ كرداریاندا ره‌نگ ناداته‌وه‌ ، ئازادی یانی زه‌مینه‌ بۆ من بره‌خسێنی كه‌ جیاواز له‌ تۆ بیر بكه‌مه‌وه‌ نه‌وه‌ك كه‌شێك دروست بكه‌ی كه‌ ناچار بم وه‌ك تۆ بدوێم وه‌ك تۆ بنوسم و وه‌ك تۆ تێفكرم ! ئازادی كاتی بونی نامێنێت كه‌ ده‌رگاكانم له‌سه‌ر دابخه‌یت و بڵێت ته‌نها ئه‌م بۆچونه‌ راسته‌ و ئه‌گه‌ر له‌م ده‌رگاوه‌ ده‌رۆیت ئه‌وه‌ تۆ ئازادیت ئه‌گه‌ر نا ده‌رگای تر نیه‌ !! ئه‌م جۆره‌ نه‌ك هه‌ر ئازادی نیه‌ بگره‌ له‌ سته‌م و سه‌پاندندی سه‌ربازی خراپتر و كاره‌سات ئامێزتره‌ !!

هه‌ر له‌و روانگه‌وه‌ هینده‌ی باسی ئازادی باسی ئاشتی كۆمه‌لایه‌تیش ده‌كه‌ین له‌مه‌شدا وه‌ك ئازادی ئاشتی كۆمه‌لایه‌تی یانی ئه‌وه‌ی ژینگه‌ی ده‌وربه‌ری خۆمان ئارام بێت نه‌وه‌ك گشت و كۆ ، ده‌می زۆر كه‌س گه‌رمه‌ به‌ باسی ئاشتی و ئاشتی كۆمه‌لایه‌تی كه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و ده‌م گه‌رمیه‌ راست بوایه‌ ئێسته‌ ئێمه‌ له‌ دۆخ و بارێكی تردا بووین ! به‌ڵام روونه‌ كه‌ نه‌ سه‌قامگیری سیاسیمان هه‌یه‌ نه‌ ئارامی كۆمه‌لایه‌تیش !

هۆكه‌ی ئه‌وه‌ نیه‌ كه‌ باوردۆخێكی ناهه‌مواری سیاسی و ئابووری ئه‌م دۆخه‌ی خولقاندوه‌ به‌لكو هۆكه‌ی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌ولێك هه‌نگاوێك نیه‌ به‌ ئاراسته‌ی چاره‌سه‌ردا ، هه‌ر كه‌س لای خۆیه‌وه‌ و له‌ودۆله‌ی كه‌ تێیدایه‌ ده‌خوێنی و ئه‌گه‌ر یه‌كێك بلێت خه‌لكینه‌ هاوار و دۆخه‌كه‌ خراپه‌ با چاكی كه‌ین له‌بری پشتیوانی تۆمه‌تی هه‌مه‌جۆری بۆ هه‌لده‌به‌ستن !! ئه‌گه‌ر ئه‌م نه‌وه‌یه‌ی كه‌ هه‌یه‌ به‌رپرسه‌ له‌م بارودۆخه‌ تاوانی نه‌وه‌ی داهاتوو چیه‌ ؟ ده‌بێت گه‌نجێك چه‌ند سالی تر چاوه‌نواری سه‌قامگیری بێت !! له‌ هه‌مووی ناهه‌موارتر و ترسناكتر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ دۆخێك بێته‌ ئاراوه‌ كه‌س نه‌وێرێت خاڵ بخاته‌ سه‌ر پیته‌كان و ده‌ست بخاته‌ سه‌ر برینه‌كه‌ له‌ ترسی تۆمه‌تی ته‌خوین و ده‌یان تۆمه‌تی دی !

هه‌رێمی كوردستان به‌ته‌نها گرفته‌كه‌ی سیاسی نیه‌ بگره‌ كۆمه‌لایه‌تی وپه‌روه‌رده‌یی و مانه‌وه‌ی ره‌گی دیكتاتۆریه‌ له‌ نیو گرۆپ و تاكه‌كانیشدا ، سه‌یر له‌وه‌دایه‌ ئه‌وه‌ی زۆر ئیدعای ئازادی ده‌كات كه‌مترین هه‌قی به‌و چه‌مكه‌ داوه‌ و ئه‌وه‌ی زۆر باسی دیموكراسی ده‌كات زۆرترین كاری دژی ئه‌و چه‌مكه‌یه‌ ! چاره‌سه‌ر ئه‌وه‌یه‌ یه‌كێك به‌ده‌نگی به‌رز و بی ترس بیر بكاته‌وه‌ به‌ هه‌له‌ بلی هه‌ڵه‌ ئه‌گه‌ر كه‌سه‌كه‌ زۆر دیار و بی كێشه‌ دیار بێت له‌ رواله‌تدا ، ئێمه‌ گیرۆده‌ی ئه‌وه‌ین فێركراوین له‌ ژێر لیوه‌وه‌ بیر بكه‌ینه‌وه‌ ، له‌ ژورێكی تاریكدا چاو بگیرین ، غاندیه‌كمان ئه‌وێت رواله‌ت نه‌بێت كردار بێت .