چۆن بیكەین بە نەوت؟

 ئەگەرچی ئێمە وڵاتێكی بەپیت و فەڕی كشتوكاڵین و زەمانێك خود بژێویمان لەسەر كشتوكاڵ بوو، هه‌شت هه‌زار ساڵ پێش ئێستا کشتوکاڵ لێرە كراوە، بەڵام ئێستا هەموومان بە خەڵكی گوند وشار چاومان لە داهاتی حازری نەوتە.

بۆ دەستخستنی داهات حکوومەت پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت و كەرتەكانی تری لە بیركردووە،ئەگەر رۆڵی خۆی پێ بدرێت کەرتی کشتوکاڵ کێبڕکێی کەرتی نەوت دەکات و دەتواندرێت هەلی کار زیاد بکات و داهاتی وڵاتیش زیاد بکات.

بێگومان ئەگەر سەیر بكەین ئەو وڵاتانەی تەنیا پشت بە یەک سەرچاوەی داهات دەبەستن، خاوەن ئابوورییەکی لاوازن، ئەو وڵاتانەشی دەوڵەمەندن بەسامانێکی سروشتی وەکو نەوت، بارودۆخی ئابوورییان نا سەقامگیر دەبێت، ئەویش بەهوی هەڵکشان‌و داکشانی نرخی نەوتەوە.

كشتوكاڵ بەجۆرێكە هەمووكات سەرمایەكەی جێگیرە و پێویستی بە پارەیەكی زۆریش نیە، هەمووكات و هەموو وەرز و زەمانێك دەتەاندرێت سودی لێوەربگیرێت. لەڕێگەی کەرتی کشتوکاڵەوە، هەرێمی کوردستان دەبێـە خاوەن داهاتێکی تر،چونکە لەکوردستان ئاو و زەوی بەپیت هەیە، ئەمەش گرنگە بۆ بووژانەوەی کەرتی کشتوکاڵ‌و زیادکردنی بەرهەمی ناوخۆ و هەناردەکردنی بۆ دەرەوە.

ئه‌گه‌ر سیسته‌م هه‌بوایه‌ و بودجەی پێویست بۆ كەرتی كشتوكاڵ تەرخان بكرایە ده‌بوو ئێستا کشتوکاڵی کوردستان به‌شی سه‌رتاسه‌ری عێراقی بكردايە، بەڵام كەرتی تایبەت و حكوومەت نەیانتوانیووە پشت بە سێکتەری کشتوکاڵ ببەستن، بۆ ئەوەی لە کۆمەڵگەیەکی مشەخۆرەوە ببین بە بە کۆمەڵگەیەکی بەرهەمهێن، لەكاتێكدا هه‌رێمی کوردستان خاوه‌نی 6 ملیۆن دۆنم زه‌ویی گونجاوه‌ بۆ به‌رهه‌مهێنانی به‌روبومه‌ کشتوکاڵییه‌کان که‌ به‌هۆیه‌وه‌ ده‌توانرێت به‌شی سێ هێنده‌ی ژماره‌ی دانیشتوانی ئێستەی هه‌رێمی کوردستان به‌روبومه‌ کشتوکاڵییه‌کان به‌رهه‌م بهێندرێت، بەڵام سەدا یەكی ئەو زەویە سودی لێوەرنەگیراوە و پڕۆژەی ستراتیژی لێ دروست نەكراوە، زۆربەی زەویە كشتوكاڵیەكانمان كردووە بە مەزرەعە و گیەلا.

ئەو بابەم بۆ ئەوە نیە تا ئێمە گرنگی بە نەوت و سامانی سرووشتی نەدەین، بەڵكو بۆ ئەوەیە گرنگی بەهەموو سێكتەرەكان وبەرهەمە خۆماڵی و سرووشتیەكانی خۆمان بدەین، بەرهەمی کشتوکاڵی بەرهەمێکە کە دەتوانین ڕکابەری وەبەرهێنانی نەوتی پێبکەین، لەبەرئەوەی ئەم وڵاتە لە هەموو رویەکەوە باشە بۆ کشتوکاڵی، بۆیە هانی سەرمایەدارن و کۆمپانیاکان دەدەین کارگە لە بواری کشتوکاڵی بکەنەوە و پڕۆژە ئەنجام بدەن و حكوومەتیش قەرز بە جوتیاران بدات و كارئاسانیان بۆ بكات.

کەمی وەبەرهێنان لە کەرتی کشتوکاڵیدا هۆکارێکە بۆ پێشنەکەوتنی کەرتەکە،ئەوەش وای کردووە کشتوکاڵ زۆر لە دوای نەوت بێت،بۆیە دەبێت دبدگای حكوومەت بۆ پرسی پەرەپێدانی كشتوكاڵ بگۆڕدرێت لە بڕی ئەوەی هێلكەكانی تەنها لە سەبەتەی نەوت بێت با هەندێك لە هێلكەكانی بخاتە سەبەتەی پڕ نیعمەتی كشتوكاڵ.