پرسی هەڵاوێردنی كاری بانگەواز لە كاری سیاسی

ئەم پرۆسەیە بەمانە ناكرێت (1)

سەردەمێكە مشتومڕی گەرم و سارد و گفتوگۆی ڕاموایە و ڕاموانیە لەسەر جیاكردنەوە و لێكهەوێردنی كار و چالاكی بانگەواز لەكار و چالاكی سیاسی ناوەندە سیاسی و حزبیەكەی حزب و كۆمەڵە ئیسلامیەكانی گرتووەتەوە، كە تائەمساتەش بووەتە مایەی سەرقاڵیەكی بێئەنجام و نیگەرانیەكی ناپێویست، و هەنێجاریش بووەتە شەماعەتی پیاهەڵواسینی شكست و ئەگەری بەدیهێنانی حەزەكان.

*جیاكردنەوەی كاری بانگەواز لەكاری سیاسەت، بەخەت و هێڵی پان و درێژی پەیكەری ڕێكخستنی حزب و جێگۆڕكێی شوێن و ڕێكخستنەوەی پەیوەندی هەریەكەیان لەناو ئۆرگانەكانی حزب بە ئۆرگانەكانی حزبەوە ناكرێت.

*جیاكردنەوەی كاری بانگەواز و كاری سیاسی، بەچەلەحانێی حەز و هەندێجار تۆمەت و تموح و ئارەزووی هەندێك كە وادەزانن لەبواێكیاندا كارەكتەری لێوەشاوە و كاراترن، دەبێ‌ پێگەكانیان لەكۆی حزب و جەماعەتدا بپارێزن ناكرێت.

*جیاكردنەوەی كاری بانگەواز و كاری سیاسی، بە تەنها دڵسۆزی و دڵگەرمی و خەمی حزب و جەماعەتەكە بۆ پێشخستن و گەشەكردنی یان وەك هەوڵێك بۆ قوتاربوونی لەقەیرانی بچوكبوونەوە و كزبوونی ڕۆڵی سیاسی حزب و كۆمەڵە سیاسیە ئیسلامیەكان ناكرێت.

*جیاكردنەوەی كاری بانگەواز لەكاری سیاسی، بەچاولێكردن و لاساییكردنەوەی حزب و كۆمەڵە سیاسیەكانی هەناوی تەوژمی ئیسلامیی وڵاتانیتر، كە هەلومەرجی زاتی و بابەتی ژینگە سیاسیەكە و ئیرادەی قیادی تایبەت بەخۆیان هەیە ناكرێت.

*جیاكردنەوەی كاری بانگەواز و كاری سیاسی، بە ئیدانەكردن و سەركۆنەكردن و كەمبایەخكردنی كەلتور و مێژووی ڕابردووی حزب و جەماعەت و كۆمەڵە ئیسلامیە سیاسیەكان ناو حەرەكەی ئیسلامیی ناكرێت.

*جیاكردنەوەی كاری بانگەواز و كاری سیاسی، بەو خیاڵە فەتازیایەی وابزانێت بەجیاكردنەوەی ئەم دووكایە، ئیتر سواری ئەسپی تەروادە دەبێت، و دنیا بەنوری بانگەواز و سیاسەت بە شەوقی عەدالەت دەكاتە شامی شەریف ناكرێت.

*جیاكردنەوەی كاری بانگەواز و سیاسەت، هەرگیز بەوانەی كە بانگەواز بەكۆمەڵێ‌ وەعز و نەسیحەتی دور لە زانستی بانگەواز و حیكمەت و جیدال بیلحوسنا و ئەوانەی سیاسەت بەڕۆژانەی سیاسەت و سیاسەتی ڕۆژدەبینن، ناكرێت.

*جیاكردنەوەی كاری بانگەواز لەكاری سیاسی، بە ویست و تەمای قوتاربوون لەقەیرانە ناوخۆیەكان، بەمەبەستی خۆخستنە بەر دیدی جەماوەر و ژینگە سیاسیەكە بە كڵێشەیەكی نوێ‌ و بەرگێكی جیاوازەوە ناكریـَت.

*جیاكردنەوەی كاری بانگەواز لە كاری سیاسی، بە وعەقڵیەت و تێگەشتنانەی كە پێیان وایە پرۆسەی جیاكردنەوە وەك دابەشكردنی تیمی یاری وایە هەركەسە بڕواتە لایەكی گەمەكە ناكرێت.

خەمی جیاكردنەوە و فیكری جیاكردنەوە (2- 4)

تەنها فاكتەری سەرەكی سەرگرتنی ئەم پرۆسەیە بەرلەهەرشتێ‌ هەبوونی بیر و دید و هۆشیاریەكی قوڵا و فراوانە بەرامبەر بەحەقیقەت و جەوهەری هەردووكایەكە، واتە سەرچاوەی جیاكردنەوە، دەبێت فیكری جیاكردنەوە بێت، لەسەر كۆمەڵێ‌ ڕێساو پاساوی ئامانجدار ڕاگیرابێت، وەڵامی دەیان بۆچی و لەبەرچی بداتەوە، ئەم هەنگاوە ناونانرێت نوێبوونەوە، وداڕشتنەوەی فیكریی، بەڵكو گۆڕینی فیكرە لەسەر شێوازی كاركردنی نوێ‌ و میكانیزمی نوێ‌ و پێویستیەكانی پسپۆڕی و تواناو دیدی كاركردن لەهەربواێكیاندا.

ئەم پرۆسەیە وەك هەندێك وایبۆدەچن یان دەیانەوێت وای ناوزەدبكەن!! گۆڕینی سەوابت و نەگۆڕەكان نیە، بەقەدەر ئەوەندەی مومارەسەكردنی هەربەشێكە لەشوێن و جێگەی خۆیاندا.

ئەگەر هەر حزب و كۆمەڵەیەكی ئیسلامیی كە سیاسەت بەخەم و پێویستی یەكەمی خۆیدەزانێت لەسەر بیرۆكەی-شمولیەتی- گشتگیربوونی ئیسلام بۆ تەواوی كایەكانی ژیان، لەگەڵا ئەوەشدا كاری سیاسی خۆی لەسەر تیۆری و فیكر و ئەندێشەیەكی سیاسی چواچێوەداری دەسنیشانكراوی ڕون و ڕۆشن دانەڕشتبَی دەربارەی دەوڵەت و سیستمی سیاسی و ڕێكخستن و ئیدارەی كاروباری گشتی كۆمەڵگە و دەسەڵات و حوكمڕانی؟ كەواتە فەلسەفەی سیاسیبوون و سیاسەتكردنیان سەرلەبەری وەڵامدانەوەی پێویستیەكانی سیاسەتی ڕۆژ و ڕۆژانەی سیاسەتی ناو ژینگە سیاسیەكەیە، كە ڕوداو و گۆڕانكاری و پێشهاتە سیاسیە هەمیشە گۆڕاوەكان دەخولقێنن و پێدراوەكانی دروستدەكەن.

خۆ دڵنیاین لەوەی كە شەرعیەت و ڕاستی كاری بانگەواز بەدەقی تەفسیلی ڕون و ئاشكرای قورئان و سوننەت دانپیانراوە، نەك هەرئەوە، بەڵكو میكانیزم و ڕێساكان و نموونەكانیشی بۆ دەسنیشانكراوە.

كاتێك حزب و كۆمەڵە و ڕێكخستنی سیاسی ئیسلامیی، هەردوو كایەكەی لەخۆیدا كۆكردوەتەوە، خۆی تووشی دوفاقەیی كاركردن دەكات، لەلایەك بۆحزبی بوونی، بەرنامەیەكی سیاسی لەپەیڕەوی ناوخۆدا داناوە، كۆمەڵێك خاڵا و بەشی پرەنسیپ و چەمك و دیدی سیاسی گواستراوە ئەملا و ئەولای تێدا جێگیركراوە، وەك پێویستی حزب بوون و مەرجەكانی مۆڵەت وەرگرتن، بەرنامەی سیاسی بەزۆریی تەنها ڕۆڵی لە مۆڵەت وەرگرتندا هەیە، و لەكاتی موناقەشەكانی لیژنەی گۆنگرە و هۆڵی كۆنگرە و نووسینەوەی بەرنامەی هەڵبژاردندا، چاوپیاخشاندنی لەلایەن ژمارەیەكی دیاریكراوەوە پێدەبڕێت؟ و كەمترین ڕۆڵ لە داڕشتنی فیكری سیاسی و قوڵكردنەوە و دروستكردنی ڕوئیا و وێناكردنی سیاسیدا ناگێرێت، ناسنامەی سیاسی بۆ حزب دروستناكات، نابێتە بابەتێك خەباتی سیاسی لەپێناوهێنانەدیدا بكرێت، نابێتە مادە و بابەتی كردەیی پرۆژەی ئیسلاحگەرانە.

لەبەرامبەر ئەمەدا حزب و كۆمەڵەی سیاسی ئیسلامیی، لەناوخۆدا بەرنامەی پەروەدەیی جەماعەی هەیە، بۆ پێگەیاندی تاكی موسڵمان و پابەند بە ئیسلام، لەناو ڕێكخستن و لایەنگرانیدا پیادەیدەكات وەك ڕاپەڕاندنی ئەركی جەماعەیەكی ئیسلامیی.

كاری بانگەوازیش بەحوكمی ڕەسەنایەتی شەرعی - قورئان و فەرمودە - وە بەحوكمی زاڵبوونی كەلتوری بانگەواز لەناو حزب و كۆمەڵە ئیسلامیەكاندا، لەلای سێهەمەوە بەهۆی ئاسانی و حازردەستی و لە بەردەستبوونی كەرەسە و ئامرازەكانی بانگەواز، لەگوتاری وەعز و سەرگوزەشتەی كاری ساڵحانی مێژووی ئیسلام و سەرمەشقبوونیان بۆ كار و ڕەفتاری ژیان لە دنیانەویستی و ئەخلاقی تاك و تەزكیەی نەفس و دەست و دەمپاكی مێژوویی ژیانی ئەوان، هەڕەشەكردن و سەركۆنەكردنی دیاردە ناشەرعیەكانی ژیانی كۆمەڵگە و مونكەرات، و هەندێجار خۆخزاندنە ناو تیژكردنەوەی شەڕی مەزهەبی و تایفی، لەكۆی گشتیدا لەوە دەگەین كە ئەم بانگەوازەی دەویسترێت لە سیاسەت جیابكرێتەوە، لەسەر زانستی بانگەواز و ڕێسا و بنەماكانی بانگەواز و پسپۆریەت دانەمەزراوە.