هەوکردنى کۆئەندامى میزەڕۆ (Urinary tract infection)

ئامادەکردنى : بەهرە عبدالله حمەتۆفیق

لەسەر زارى (د. هەرێم کریم احمد) پسپۆڕى نەخۆشیەکانى (هەناوى و دڵ و شەکرە و گورچیلە) بەوردى لەبارەى ئەم نەخۆشیەوە بۆمان دوا.

کۆئەندامى میز و میزەڕۆ پێکدێت لە دوو گورچیلە و دوو بۆرى میزەڕۆ و تورەکەى میزەڵدان و میزەجۆ، میزەجۆ لە ئافرەتدا کورتترە بە بەراورد بە پیاوان ئەمەش ئەگەرى توشبوون بە هەوکردنى میزەڵدان لە ئافرەتاندا زیاد دەکات.
ساڵانە لە ئەمریکا نزیکەى 6 ملیۆن کەس سەردانى ناوەندە تەندروستیەکان دەکەن بۆ ئەو مەبەستە کە زۆربەیان هەوکردنى میزەڵدان (cystitis) هەیە و ژمارەیەکى کەمیان سەردەکێشێت بۆ هەوکردنى گورچیلەکان (pyelonephritis)، سەرەکى ترین هۆکارى توشبوون بە بەکتریاى (Eschrichia coli)ە لە پاڵ کۆمەڵێک بەکتریاى تردا.

نیشانەکانى:
1- میزکردنى بەئازار و کزانەوە.
2- زوو زوو و بەپەلە چوون بۆ میز کردن.
3- ناڕەحەتى و ئازار لە ناوچەى حەوز و خوارەوەى میزەڵدان.
4- گۆڕانى ڕەنگ و بۆنى میز.
5- خوێناوى بوونى میز.
6- شەکەتى و کەم هێزى و هەندێک جار ئازارى پەلەکانى خوارەوە .

ئەگەر هەوکردنى گورچیلەکانى لەگەڵدا بێت ئەوا نیشانە گەلێکى زیاترى دەبێت کە ئەمانەن:
- لەرز و تا
- ئازارى توندى کەمەر
- هێڵنج و ڕشانەوە

دیارى کردنى نەخۆشیەکە (تەشخیس کردنى نەخۆشیەکە):
• لە ڕێگەى پشکنینى گشتى مایکرۆسکۆپى میزەوە بۆ بوونى زیاتر لە 10 خڕۆکەى سپى یان نایترەیت و خوێن و ڕێژەیەکى کەمى پڕۆتین.
• چاندنى میز (زەرعى میز) بۆ ئەو کەسانەى بەرگرى لەشیان کەمە یان دووبارەبوونەوەى هەوکردنیان هەیە یاخود پێشتر دەرمانى دژە میکرۆبى بەکار هێنابێت و کەسانى بەساڵاچوو.
• زۆرجاریش پێویست بە سۆنەى حەوز و گورچیلەکان دەکات .

چارەسەر:
گرنگى دان بە پاکوخاوێنى و خواردنەوەى ئاو وشلەمەنى زیاتر و خۆپاککردنەوە لە پێشەوە بۆ دواوە لەکاتى سەرئاو کردندا،لەگەڵ دەرمانى گونجاوى دژە بەکتریا لەلایەن پزیشکەوە بۆ ماوەى (5-7) ڕۆژ یاخود زیاتر بە گوێرەى سەختى نەخۆشیەکە و نیشانەکانى و دەرئەنجامى زەرعى میزەکە.

هۆکارەکانى دووبارە بوونەوەى هەوکردنى میزەڵدان لە ئافرەتاندا:
1- سەرجێى (سێکس) : دەبێتەهۆى جوڵە پێکردنى بەکتریا لە نێوان کەناڵى زاوزێ و میزەڕدا، باشترە نیو کاتژمێر پێش یان نیو کاتژمێر دواى سەرجێى میز بکەیت، هەروەها حەمام کردن یان غوسڵ دەرکردن سودى خۆى هەیە.
2- تەمەنى بێئومێدى: بەهۆى گۆڕانى ترشى ناو زێ لەگەڵ دابەزینى ڕێژەى ئیسترۆجین .
3- قەبزى : بەجۆرێک کە ڕێگر دەبێت لە تەواو خاڵى بوونەوەى میزەڵدان لە کاتى میزکردندا .
4- بەرزى شەکرەى خوێن: بەهۆى بوونى شەکر لە میزى نەخۆشەکەدا کە یارمەتى گەشەى میکرۆب دەدات لە بەرامبەردا دابەزینى بەرگرى لەش.
5- هێشتنەوەى میز بۆ ماوەیەکى درێژ: بۆ زیاتر لە 6 کاتژمێر ئەو ئەگەرە زیاد دەکات.
6- ووشک بوونەوە: خواردنەوەى ئاو بۆ زیاتر لە شەش پەرداخى 8 ئۆنسى یارمەتى شۆرینەوەى کۆئەندامى میزەڕۆ دەدات لە میکرۆب.
7- پاکوخاوێنى و زوو گۆڕینى پێداویستیە تایبەتەکانى ئافرەتان وەک سانتى (پاد) هەر (4-6) کاتژمێرێک و تاپوون هەر 4 کاتژمێرێک .
8- جل و بەرگى ژێرەوە : پێویستە لە پێکهاتەى لۆکە و هەواکێش بێت بۆ ڕێگرى لە بەردەوام هێشتنەوەى ناوچەى زێ و میزەڕۆ بە شێدارى کە یارمەتى گەشەکرنى بەکتریا دەدات .
9- بەردى گورچیلە : هەندێک جار دەبێتە هۆى ڕێگرى میز و گەڕانەوەى بۆ گورچیلە و ڕوشان و بریندار بوونى میزەڕۆ و میزەڵدان .