ئه‌مریكا هه‌ڕه‌شه‌یكرد ئیسرائیل وه‌ڵامی دایه‌وه‌ ! بۆچی ؟


له‌وه‌ته‌ی شۆڕشی ئیسلامیی گه‌یشتۆته‌ ده‌سه‌ڵات ، جار ناجارێكـ له‌بۆنه‌و یاده‌ جێاوازه‌كانی ناوخۆیی و ئیقلیمی و ئه‌و پێشهاته‌ تازانه‌ی ڕوو له‌به‌رژه‌وه‌ندی هه‌ردوولا ئه‌كات ، ئه‌مریكا و ئێران ده‌سه‌ویه‌خه‌ی یه‌كتری ئه‌بنه‌وه‌ و هه‌ردوولا ئه‌ویتر تۆمه‌تبار ئه‌كات لانیكه‌م له‌ڕووی‌ ئیعلامیه‌وه‌ ! وه‌لێ ئه‌مجاره‌یان له‌هه‌ر كاتێكـ زیاتر تووندتربوو ، سه‌رباری ئه‌مه‌ش هێشتا وه‌كـ ڕابردوو نایانه‌وێ بگاته‌ ئاستی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی چه‌كداری وشه‌ڕ له‌نێوان هه‌ردوولا به‌رپابكه‌ن ، هه‌ر بۆیه‌ ئیسرائیل به‌بۆ‌ردومانی كۆگا وبنكه‌ سه‌ربازیه‌كانی ئێران له‌عێراق وسوریا ئه‌م وه‌ستانه‌ی هه‌ردوولای شكاند ! ئه‌گه‌رچی ئیسرائیل به‌م كرده‌وه‌یه‌ ئه‌یه‌وێ له‌لایه‌كـ په‌یامێكـ بدا به‌ وه‌ڵاتانی جیهان و كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی كه‌ئه‌و له‌توانایدا هه‌یه‌ به‌شداری ڕاسته‌وخۆی گه‌مه‌كان بكات و ناتوانێ هه‌تا سه‌ر ته‌نها ڕۆڵی ته‌ماشاكار ببینێ ، له‌ولاشه‌وه‌ وریاییدانه‌ به‌سه‌ركرده‌و شه‌قامی وه‌ڵاتانی عه‌ره‌بی وئیسلامیی كه‌ئیسرائیل له‌ هیچ سنوورو به‌ربه‌ستێكـ سڵناكاته‌وه‌ ئه‌گه‌ر بزانێ ده‌بێته‌ سه‌رچاوه‌ی هه‌ڕه‌شه‌و مه‌ترسی بۆ سه‌ر وه‌ڵاته‌كه‌ی ! وه‌لێ به‌بڕوای به‌نده‌ ئه‌م هه‌نگاوه‌ی ئیسرائیل بۆ یه‌كێكـ یان زیاتر له‌م ئه‌گه‌رانه‌ی خواره‌وه‌ ئه‌گه‌ڕێته‌وه‌ :
:
به‌حوكمه‌ی ئه‌وه‌ی ئه‌مریكا له‌ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا وه‌كـ ڕابردوو كارو ئه‌ركی به‌ئیسرائیل نه‌ماوه‌ ، چونكه‌ له‌ئێستادا زیاتر له‌وه‌ڵاتێكی عه‌ره‌بی وئیسلامیی هاوشێوه‌ی ئیسرائیل كۆكـ و ته‌بای سیاسی وسه‌ربازی و ئابوری و هه‌واڵگیری ئه‌مریكان ، هه‌ر بۆیه‌ پێده‌چێت به‌م كرده‌وانه‌ی ئیسرائیل ئه‌مریكا ئیحراج بكات كه‌ ئه‌و ئه‌توانێ به‌به‌رست بۆ ئامانج وپیلانه‌كانی ئه‌مریكا وهاوپه‌یمانه‌كانی دروست بكات ! هه‌روه‌كـ ئیسرائیل ئه‌و وه‌ڵاته‌ نیه‌ ئه‌مریكا نادیده‌ی بگرێت !
:
ڕه‌نگه‌ ئیسرائیل به‌م كرده‌وه‌ سه‌ربازیه‌ی ، هه‌ر به‌ڕاست ئه‌مریكا و ئێران ڕووبه‌ڕووی جه‌نگێكی حه‌قیقی بكاته‌وه‌ ، له‌وێشه‌وه‌ بۆ ئاشكراكردن وڕاماڵینی ڕووی شاراوه‌ی هه‌ردوولا بۆ ڕای گشتی جیهانی وشه‌قامی عه‌ره‌بی وئیسلامیی كه‌ ئه‌وه‌ی له‌نێوان واشنتۆن و تاراندا ده‌گوزه‌رێت جگه‌ له‌گه‌مه‌یه‌كی سیاسی هیچیتر نیه‌ ، ئه‌گه‌رنا بۆچی ئه‌مریكا ئه‌وه‌نده‌ ڕه‌چاوی پێشڕه‌وه‌یه‌كانی ئێران وهاوخولگه‌كانی ده‌كات له‌ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا !
:
ڕه‌نگه‌ ئیسرائیل و ئێرانیه‌كان ئه‌وه‌نده‌ له‌یه‌كتره‌وه‌ نزیكـ بن به‌م كرده‌وه‌ سه‌ربازی و بۆردومانانه‌ی كه‌ له‌عێراق وسوریا ڕوویدا ، ئه‌مریكا و كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی قایل بكات كه‌ ئه‌و له‌بری هه‌موان ته‌مبێی ئێرانیه‌كانی كردوه‌و چیتر پێویست به‌هه‌ڕه‌شه‌و جه‌نگێكی تر ناكات ! ئه‌گه‌رنا بۆچی هه‌مان بوردومان و هێرشی ئیسرائیل ڕوو له ناوخۆی ئێران و ڕاسته‌وخۆ دامه‌زراوه‌ ئه‌تۆمی و چه‌كه‌ قورس و سووكه‌كانی ئێران ناكات ئامانج ! مه‌گه‌ر ئامانجگرتنی به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی ئێران له‌هه‌ر كوێ بن یه‌كسان نیه‌ به‌لێدان و لاوازكردنی توانا سه‌ربازی وهه‌وڵه‌ دیبلۆماسی وسیاسیه‌كانی ئێران !؟ ئاخۆ بۆچی له‌سه‌ره‌تادا خه‌ریكـ بوو په‌رده‌پۆش بكرێت ! گوایه‌ سه‌رچاوه‌ی ته‌قینه‌وه‌كان خودی چه‌كه‌كانی نێو كۆگاكان بووه‌ نه‌كـ هێرشی ده‌ره‌كی !
:
وه‌كـ مه‌علوومی هه‌موانه‌ له‌گه‌ڵ به‌رده‌وامی هه‌ڕه‌شه‌و فشاره‌كانی ئه‌مریكاو كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی دژ به‌ئێران و تایبه‌ت به‌دۆسیه‌ی ئه‌تۆمی وهه‌رچی په‌یوه‌سته‌ به‌هه‌ژموون و فراوانخوازی ئێرانیه‌كان له‌ناوچه‌كه‌ ، كه‌چی بێ گوێدانه‌ هیچ هه‌ڕه‌شه‌و مه‌ترسیه‌كـ تاران ڕۆژ له‌دوای ڕۆژ په‌ره‌ به‌توانا سه‌ربازی و چه‌كی پێشكه‌وتوو كوره‌ ناوكۆكییه‌كانی خۆی ئه‌دا ! ڕه‌نگه‌ ئیسرائیل به‌م كرده‌وه‌ سه‌ربازیه‌ ئێران ناچار بكات ئه‌وه‌ی پێی گه‌یشتووه‌ وده‌ستیكه‌وتووه‌ ئیدی به‌كرده‌وه‌ی بكات ، له‌وێشه‌وه‌ جۆرێكـ له‌دڵنیایی وه‌ربگرێت كه‌ئاخۆ ئێران هه‌تا كوێ ڕاستگۆو جیددیه‌ له‌هه‌ڕه‌شه‌و توانا سه‌ربازی وچه‌كه‌ تاقینه‌كراوه‌كانی ! به‌مه‌ش ئێران بخاته‌ هه‌ڵوێستێكه‌وه‌ له‌نێوان شه‌ڕو بێ ده‌نگیدا فشۆڵی ئه‌و هه‌موو لێدوانه‌ تووندوو هه‌ڕه‌شه‌ ئامێزانه‌ به‌تاڵ بكاته‌وه‌ !