لە چی دوور و لە چی نزیک بین؟!

    ئەوەی ئەرکەو حەتم دەبێ لێی بەدوور بین، تاکو لەوەی پێویستە لێی نزیک بین، دەکرێ ئەوە سەرەکیترین خولیای ھەر مرۆڤێکی ئاقڵ و ئاوەزدار بێت لە ژیانیدا . قوورئانی موبارەک ، ئەم نەخشەی جوان خستۆتە بەردەم کەسێتی باوەڕدار و گونجاوە بەپێی توانا لەم دوو ئایەتەی سورەتی (حەج)دا، مەبەستەکە ڕۆشن وەربگرین.

     ئەوەی دەبێ لێی بەدوور بین  

   بە گەورە زانینی سنوورەکانی خوا چاکترینە بۆ کەسێتی باوەڕدار لەلای خوای متعال: ( ذَلِكَ وَمَن يُعَظِّمْ حُرُمَاتِ اللَّهِ فَهُوَ خَيْرٌ لَّهُ عِندَ رَبِّهِ). لەم زەمینەدا فرمانێکی گرنگی دەرکردووەو تیایدا ئەوەی ڕوون کردۆتەوە کەدەبێ لێی بەدووربین . کە بریتیە لە دوورەپەرێزی و خۆپاراستن لە دوو شت :

   یەکەم: (فَاجْتَنِبُوا الرِّجْسَ مِنَ الْأَوْثَانِ). ئەم دەستەواژەیە (الرجس من الأوثان)، وەک بڵێی: ( اجتنبوا الخواتم من الذهب). دەکرێ ھەر موستیلەیەک بەکار بێنن جگە لەجۆری ئاڵتوون. خۆتان بپارێزن لە (الرجس) کە بریتیە لەمارکەی (الأوثان)، کە کۆکەرەوەیە بۆ ھەموو خراپە و تێکدان و لادانێک ، ئەوەی دەبێتە شوێنی پەیدابوونی نەنگی و ناپاکی (الرجس).

    دووەم : خۆتان بەدوور بگرن لە درۆو قسەی ھەڵبەستراو: (وَاجْتَنِبُوا قَوْلَ الزُّورِ:٣٠). کەواتە بەدرووستی دوورەپەرێز بن و دوورى بگرن لە ھەموو ڕەفتار و گووفتارێکی خراپ و نابەجێ .

   وشەی (الإجتناب) بەھێزترە لە قەدەغەکردن (التحریم)، واتە بەدرووستی دوورەپەرێز بن و ھەرگیز توخنی نەکەون. دەی خراپترینی تاوان ھاوەڵدانانە بۆ خوای (متعال)، مرۆڤ بەھیچ شێوەیەک بیانووی نیە ئەم ستەمە گەورەیە لە خۆی بکات لەکاتێدا دارای ئاوەزو ژیریە، جا (الرجس من الأوثان)، ئەوپەڕی خراپەکاری ئەوەیە مرۆڤ ھاوەڵگەراو (مشرک) بێت ، ئەوانەی لەم نەنگی و پەستیە خۆیان دەپارێزن و ملکەچی بۆ فرمانی غەیری خوا ناکەن ، وە خۆیان بەدوور دەگرن لە  درۆو قسەی ھەڵبەستراو ، ئەوە مزگێنی خوایی ـ بۆ براوەیی و سەرفرازی ـ بۆ ئەوانە : ( وَالَّذِينَ اجْتَنَبُوا الطَّاغُوتَ أَن يَعْبُدُوهَا وَأَنَابُوا إِلَى اللَّهِ لَهُمُ الْبُشْرَىٰ فَبَشِّرْ عِبَادِ الَّذِينَ يَسْتَمِعُونَ الْقَوْلَ فَيَتَّبِعُونَ أَحْسَنَهُ أُولَٰئِكَ الَّذِينَ هَدَاهُمُ اللَّهُ  وَأُولَٰئِكَ هُمْ أُولُو الْأَلْبَابِ / الزمر: ١٧ ، ١٨).  

    دەسا بە درووستی خۆتان بەدووربگرن لە (الرجس) کە بریتیە لە (أوثان)، لێرەدا دەکرێ (مِن) بۆ سەرەتای مەبەست بێت ، (أوثان) کۆکەرەوەیە بۆ ھەموو خراپەو تێکدان و لادانێک، ئەوەی دەبێتە شوێنی پەیدابوونی نەنگی و ناپاکی، ھەرلە سەرەتای (الأوثان)ـەوە تاکو کۆتایی خۆتان بپارێزن ، بە ھۆی ئەوەی کە (الأوثان) شوێن و زەمینەو ژینگەی پەیدابوون و پەرەسەندنی (الرجس)ـە.

    ئەوەی دەبێ لێی نزیک بین

  (حُنَفَاءَ لِلَّهِ غَيْرَ مُشْرِكِينَ بِهِ وَمَن يُشْرِكْ بِاللَّهِ فَكَأَنَّمَا خَرَّ مِنَ السَّمَاءِ فَتَخْطَفُهُ الطَّيْرُ أَوْ تَهْوِي بِهِ الرِّيحُ فِي مَكَانٍ سَحِيقٍ: ٣١)، وشەی (الحَنیف)، واتە: لە خراپەو سەرلێشێواویەوە ڕووی کردە چاکەو دامەزراوی ، پێچەوانەکەی (الجَنیف)ـە.

    (حُنَفَاءَ) دەی با ھەمیشە مەیلتان بۆ لای حەق و ڕاستی و دادپەروەری خێرو چاکە بێ و لە ژیانتاندا بەکردەیی و واقعی پەیڕەوی لێ بکەن، ئینجا لەبیرتان بێت ئا ئەمەش کە دەبێت لێ نزیکبن و دایم پێوەی ئاڵابن ئەوە دەبێت تەنھاو تەنھا لەبەر فرمانی خوا بێت ( لِلَّەِ ) .  

     کەواتە ئەوەی دەبێ لێی نزیک و پێوەی ئاڵا بین خێرو چاکەیە بەشێوەیەکی ڕەھا ، جا مەیلمان بەرەو چاکەو، بوون بە چاکەکارو چاکەخواز (حُنَفَاءَ)، دەبێ ڕەنگی ڕەسەنی ( لِلَّەِ ) وەربگرێ و ھیچ منەت و ئەزیەت و لوتبەرزیەکی پێوە نەبینرێ یاخود ھەستی پێ نەکرێ ، ئەوکاتە دەبینە براوەی ڕاستەقینە .