كەرتی تایبەت دیسان كەرتی تایبەت!

واباوە ئەگەر شتێك گرنگیەكەی لە رادەبەدەر بێت و زۆر پێویست بێت ئەوە چەند جارێك لەسەر یەك دووپات كراوەتەوە، بۆیە لەو مانشێتەی سەرەوە ویستم ئەوە بیر بخەمەوە كەوا كەرتی تایبەت چەند گرنگە بۆ هەرێمی كوردستان كە دەبێت كەرتی تایبەت بچێتیەوە ئەو شوێنەی كە پێویستە لێی بێت.

لە هەموو دونیادا بە تایبەت لە وڵاتانی پێشكەوتوو ئەوە بە كردار دەركەوتووە، کەرتی تایبەت پێویستیەكی گرنگە لە پرۆسەی گەشەپێکردنی ئابووری نیشتمانی بە تایبەتیش لەو ئاراستە ئابووریە نوێیانەی بەرەو ئابووری بازاڕی ئازاد هەنگاوی بۆنراوە.

ئەگەر كەرتی تایبەت گرنگی خۆی پێدرا ئەوكاتە دەتواندرێت دەست بكرێت بە پرۆسەی هەمەجۆرکردنی ئابووری و زیندووکردنەوەی ئابووری ئاسایی کشتوکاڵی و پیشەسازی و گەشتوگوزار .

زۆرجار دەوترێت ئایا ئێمە چۆن گرنگی بە كەرتی تایبەت بدەین ئایا دەبێت تەنها چاومان لە كەرتی تایبەتی بیانی بێت؟. بێگومان دەبێت کەرتی ئابووری خۆماڵی هەڵبستێتەوە و ئەوەش بێ ئەنجامدانی پەرەپێدان و دەرکردنی یاسای پەیوەندار و ئاسانکار و دۆزینەوەی سەرچاوەی کۆمەککردنی دارایی گونجاو و پەرەپێدانی توانامرۆییەکان نایەتە كایەوە.

شتێكی گرنگ هەیە ئەویش ئەوەیە دەبێت لە بەر چاو بگیرێ کە پرۆسەی چاکسازی ئابووری کاتیی نەبێت و هەروەها لە چوارچیوەی بۆچوونی بەشبەشکردنی چارەسەرەکان نەبیت چونکە ئەمە هۆکار دەبێت بۆ گەڕانەوە بەرەو ئیدارەدانی قەیران کە ئابووری تووشی هاتبوو لە هەرێمی كوردستاندا.

دەبێت بازار وەک پاڵپشتی سەرەکی بۆ کەرتی تایبەت گرنگی پێ بدرێ بە شێوەیەك فراوانکردنی رۆڵەکەی کەمکردنەوەی بارگرانی کەڵەکەبوو لە سەر حكوومەت هەستی پێ پێ بكرێت کە خۆی کێشەی ئابووری و کۆمەڵایەتی هەیە و باری قورس و گران بووە .

دەبێت چاك لەوە تێ گەین ئەو گەشەکردنەی ئێستا دونیا بە خۆیەوە دەبینێت لە بنەڕتدا گرێدراوە بە گەشەکردنی کەرتی تایبەت لەو وڵاتانەی کە بازاڕەکانیان بەرەو بازاڕی ئازاد کردەوە و دەزگاکانی حکوومەتیان گۆنجاند بۆ رێکخستنی کاری بازرگانی و پشتگیرکردنی خاوەنکاران .

دەبێت كارگە و قەرزی بچووك و هەلی كار گرنگیانت پێ بدرێت و گواستنەوەی فەرمانبەرانی كەرتی گشتی بۆ كەرتی تایبەت بە ئیمتیازی باشەوە بكرێت، هەروەها دەستكاری ئەو یاسایانە بكرێت كە رێگرن لە گەشەكردنی كەرتی تایبەت لە كوردستاندا، ئیتر كاتی ئەوەیە دەربچین لەوەی تەنها لە وتار و كۆڕبەندەكان و قسەی تیفیەكان باس لە كەرتی تایبەت بكرێت بەڵكو دەبێت كەرتی تایبەت رەنگ بداتەوە لە حكوورانی و ئیدارەی كوردستاندا.