دەستور و سەرۆکایەتی و مەسەلەی تەمەن ..! 

          (سەرۆک) نازناوی ئەو کەسەیە کە بەرزترین پۆست و لوتکەی هەرەمی دەسەڵات لە وڵات ، حکومەت ، حیزب ، کۆمپانیا ، زانکۆ ، سەندیکا و گروپ و ڕێکخراوە ، و هتد وەردەگرێت . ئەگەر ئەو دەزگا و ئۆرگانانە بچوێنین بە جەستەی مرۆڤێکی کامڵ ، ئەوا (سەر - ۆک) وەک لە پێکهاتەی پیتەکانی ووشەکەوە دیارە ، ڕۆڵی (سەر) دەبینێت ، لەزمانی عەرەبیشدا هەروایە (رٲس : رئیس).

سەریش لەلایەک بەشی باڵا و سەرەوەی جەستەیە ، لەلایەکی دیکەوە وەک ئەندامێکی هەستیار و گرنگ ، بەشی ناوەوەی شوێنی بڕیاردان و ئیدارەدانە ، و بەشی دەرەوەشی جێی سەرنج و تەماشا و تێڕوانینی خەڵکیە و دەبێتە واجیهە و وێنە و پێناسی ئەو جەستەیە ..

بۆیە وەک چۆن هەمووان گرنگی تایبەت دەدەین بە (سەر)ـمان لەڕووی تەندروستی و لەڕووی شکڵ و جوانکارییەوە ، بەهەمان شێوە دەبێ هەموو وڵات و حکومەت و حیزب و ...هتد گرنگی بدەن بە (سەر-ۆک)ـەکەیان ، چونکە تەندروستی و سەرحاڵی و جوان و کەشخەیی ئەو سەرۆکە ، دواجار ڕەنگدانەوەی زۆری دەبێت لەسەر ئەو کیان و دەزگا و ئۆرگانەی کە جەستەی ئەو سەرۆکەیە ..

بەڵگەنەویستە یەکێک لە ڕەگەزەکانی بوونی سەرێکی تەندروست و کارا و هاوسەنگ پەیوندی بە (تەمەن)ـەوە هەیە ، واتە دەبێت لەڕووی زەمەنەوە گەشتبێتە قۆناغی گەشەی تەواوی خۆی (رُشْد) ، لەم میانەیەدا دەستوری هەمیشەیی عێراقی فدراڵ لە خاڵی دووهەمی ماددەی (٦۸)ـدا ، دەڵێت : ئەو کەسەی دەبێتە سەرۆک کۆمار نابێ تەمەنی لە (٤۰) ساڵ کەمتر بێ ..

هەروەها بەپێی ماددەی (٥)ـی یاسای ژمارە (۱)ـی سەرۆکایەتیی هەرێم ساڵی (۲۰۰٥) ، سێ مەرج دانراوە بۆ هەر کەسێک بیەوێ خۆی بۆ سەرۆکایەتیی هەرێم بپاڵێوێ ، یەکەم مەرج دەڵێ : ئەو کەسەی خۆی کاندید دەکات بۆ پۆستی سەرۆکی هەرێم نابێ تەمەنی لە (٤۰) ساڵ کەمتر بێت .. لێرەدا دوو سەرنجی کورت پێشکەش بە خوێنەرانی بەڕێز دەکەم :

۱. بەڕای من دەبوو وەک چۆن مەسەلەی پێگەیشتن (رشد) لەبەرچاوگیراوە و (حَد ٲَدْنَی)ـی تەمەن دیاریکراوە ، بەهەمان شێوە ئەبوو (حَد أَعْلَی)ـی تەمەنیش دیاری بکرایە ، و مەسەلەی پیربون و نەخۆشی لەبیرچونەوە و خەڵەفان و زەهایمەریش (کە لە عێراق و کوردستان زۆۆر زۆرە) لەبەرچاو بگیرایە ، لانی کەم بیانوتایە لە (٤۰) ساڵ کەمتر نەبێ و لە (۷۰) ساڵ زیاتر نەبێ ..!

۲. بەڕای من دەبوو ئەو مەرجە تایبەت نەبێ بە سەرۆکی کۆمار و هەرێم ، بەڵکو سەرۆکایەتی حکومەت و پەڕلەمان و تەنانەت سەرۆکایەتی و سکرتێرایەتی و ئەمینداریەتی و ئەمیرایەتی و ڕابەرایەتی و ڕێبەرایەتی حیزبەکانیشی بگرتایەتەوە ..! ئەمەش لەلایەک بۆ ئەوەی ئەو وڵاتە یان ئەو حیزبە سەرۆکێکی چالاک و سەرحاڵ و تەندروستی هەبێ ..

سەرۆکێک ، بەردەوام بێ لە بیرکردنەوەی جوان و داهێنانی شتی نوێ و سودبەخش ، و لەلایەکی دیکەوە بۆ ئەوەی هاونیشتمانیانی ئەو وڵاتە ، و هەوادارانی ئەو کیان و حیزب و ...هتد جەرگیان نەسوتێ و تووشی کۆستی مردنی سەرۆک و سەرکردەکانیان نەبن (هەرچەن الحمدللە تا ئێستا سەرۆکێکمان نەدیوە لە پێش پەنجا ساڵی بمرێ یان جەڵتە لێی بدا یان دەعمی سیارە بکا و هتد...! ) ، یان بەهۆی نەخۆشی بەساڵاچون و پیرییەوە نەبنە شاهیدی پەک کەوتن و کەساس بوونی سەرۆکەکەیان ..