یەکگرتوو کۆگای قوتابخانەیەکی پڕ لە ئومێدو خۆزگەو خولیا

 

 بە ڕاستی ئەم (یەکگرتوو)ە نموونەیەکی تایبەتی کاری ئیسلامییە. حەز ئەکەم لە گەرمەی ڕووداوەکانی ئەم ماوەیەدا هەڵسەنگانی خۆم بکەم:

۱- ئەوەی کە دۆست و نەیارانیش لەسەری کۆکن ئەوەیە کە (یەکگرتوو) پەروەرشگایەکی بێدەنگ و پەیمانگایەکی مرۆڤسازە. سەرکردەو کادرو ئەندامانی ئەم حزبە، لە هەر کوێیەک بووبن و ببن، خوشک و برا گەورەو خەمخۆرو پێشەنگن.
۲- سەیرە کە لە قەیرانەکانیشدا زۆربەی ئەندام و کادیرانی، لە ڕێی گلەیی و ڕەخنەو سەرنجەوە، لە خەمی حزبەکەدان..
واتە: تەنانەت ئەگەر گلەیی لە سەرکردایەتیی و کاربەدەستانیش بکەن، لە سۆنگەی خەمی حزبەکەو داکۆکیی لە ڕەوت و ستراتیژی حزبەکەوەیە، نەک بۆ شکاندنی. ئەم ڕاستییە لە چەندین ڕووداوو هەڵوێستدا دووپات بووەتەوە.
۳- بۆیە من وا ئەزانم یەکگرتوو بۆ خۆی قوتابخانەیەکە، بە تەنها پرۆگرام و ڕەوت و تەوێژمێکی عەقڵانیی، ئەخلاقیی، ئینسانییە، واتە زۆر گەورەترە لە حزبێکی سیاسی، بە تەعبیری زانستی سیاسەتی هاوچەرخ، بۆیە هەڵسەنگاندنی تەنها بە پێوەرە سیاسییەکان، هەر هەڵسەنگێنەرێک بەهەڵەدا دەبات.
٤- ئەو خاڵانەی سەرەوە هەرگیز بە واتای بێ لەکەیی یەکگرتوو نیە، بۆ هەڵمژینی دەنگی ناڕازییەکانیش نیە، وێنایەکی واقیعەکەیەتی، چونکە زۆربەی زۆری ناڕازییەکانی، دڵسۆزییان کەمتر نیە لە دڵسۆزیی سەرکردەو بەرپرسەکانی.
٥-بەڵام پێویستە کەسە زویرو زیزەکانی هەمیشە ئەو ڕاستییەیان لەبیر بێت، سەرەنجام حزبیش کۆبوونەوەیەکی مرۆییەو ملکەچە بۆ دیسپلینە ئینسانییەکان.
٦- ئەمە وێنایەکی نەرگسیی و فریشتانە نیە بۆ یەکگرتوو، من کە ئەمە ئەڵێم، بۆ خۆم لە پێش ڕاگەیاندنی حزب و دواتریشەوە، (٤۰) ساڵ زیاترە لە جەرگەی کارو کارواندام و ئاگام لە هەموو جووڵەکان، تەنانەت بیرکردنەوەکانی سەرکردەکان و توێژەکانی کادیرانیشیەتی، چونکە پۆستی هەستیار نەماوە لە ئەستۆم نەبووبێت، ڕاگەیاندن، لاوان، خوشکان، ڕێکخستن، شورا، سەرکردایەتیی، مەکتەب سیاسی، بۆیە زۆر باش ئاگام لە ڕاستیی ڕووداوەکانە.
۷- بە دڵنیایی مێژووی کارمان - هەر لەو سەرەوە تا خوارەوە - دەیان هەڵەی تێدا بووە، لە سەرەوە خەمساردیی و کەمکاریی و دڵشکاندنی کادرو ئەندامان، لە خواریشەوە شکاندنی عەصای طاعەت و سەرپێچیی، لای هەندێک دووبارە بووەتەوە. بەڵام خۆ ئەم دیاردەیە لە خاوێنترین کۆمەڵگەی مرۆییدا ڕووی داوە، کۆمەڵگەی پەروەردەبووی پێشەنگ و گەورەی پێغەمبەران (علیهم السلام).
۸- بەڵام سێ ستوون هەمیشە ڕاگری قازانی پڕ جۆشی ڕێکخستنی یەکگرتوو بوون: ۱- متمانە ۲- گوێڕایەڵی ۳- لێبڕان.. هەرکات یەکێک لەم پایانە لەق بووبێت، لاسەنگیی دروست بووە.
بۆیە سەرکردەکان هەمیشە چاویان لەسەر ڕێکخستنەکان بووە، کە پارێزەری ئەو ستوونانەبن. بەڵام ڕێکخستنیش هەمیشە چاوەڕێ بوون کە سەرکردەکان ۱- لەخۆ بوردوو ۲- لێبڕاو ۳- خاکیی و جەماوەریی بن، داوایەکی لەمە زیاتر لە کادیرە فامیدەکانی حزب نەبیستراوە، ئەویش هەر لە دڵسۆزیی بووە بۆ پرۆژە بەرفراوانەکەی حزب.
۹- ئەبێ ئەوەش بزانین کە هەر حزبێک لە قۆناغەکانی تەمەنیدا ئیفرازاتی خۆی هەیە، پەتا کە ڕووی تێکرد، لەرزو تا لەگەڵ خۆی دێنێ، بەپێی بەهێزیی و لاوازیی جەستەی مرۆڤەکانیش، لاوازیی و بەهێزیی موقاوەمەو موزاعەفات دەردەکەون، بۆیە جۆرێک لە تفینەوەش پەیدا دەبێت.
۱۰- بۆیە لەم کەش و هەوایەدا وەبیرخۆهێنانەوەی ئەم ڕاستییانە زۆر پێویستن، تاکو هەڵسەنگانمان مونصیفانەو زانستیی بێت و ئامانجی خۆی بپێکێت.
بەهیوای لێکحاڵیبوونێکی زیاتر.