لادان لە ئەقڵ و ژیری بۆ مرۆڤ گونجاو نیە

بزانە بۆ ھەموو چاکەو پیاوەتیەک جوڵێنەر و ڕێکخەرێک ھەیە ، وە بۆ ھەموو ئاکار و ئادابێک بنەوان و سەرچاوەیەک ھەیە ، جا ئەو جوڵێنەرو ڕێکخەرو بنەوان و سەرچاوەش بریتیە لە ئەقڵ و ژیری .

مرۆڤ دروستکراوێکی سنوودارە و دایم لە ئامادەکاریدایە بۆ ئەوەی بژی .. کام ژیان ؟! ژیان بەس لە دونیا یاخود دونیاو دواڕۆژ ؟

لێرەدا بەھرەی ئەقڵی ساغ داوای لێدەکات بەدروستی تەوازن لەنێوان ھەردوکیاندا ڕاگرێ بۆ ئەوەی بۆ ھەمیشە بە بەختەوەری بژی ، چون گەر تەنھا بۆ دونیا ھەوڵ بدا و ئاخرەت پشتگوێ بخا ئەوە گونجاوە پێی بوترێت گەوج و شێت و دێوانە ، ئەگەرچی پلە و پایە و بڕوانامەی بەرزی بەدەس ھێنابێت ، چوون بەتەنھا سەرکەوتنی زانستی و وەزیفی زیرەکیە نەوەک ئاقڵی .

ئەوەی لە حەقیقەتی بوونەوەر و نھێنی دروستبوونی خۆی و پاشەڕۆژ و دواڕۆژ بێئاگا و غافڵ بێت ئەوە گەوج و دێوانە و شێتە و ژیرى و ئەقڵی لەدەس داوە . بەبەڵگەی : ( ن وَالْقَلَمِ وَمَا يَسْطُرُونَ مَا أَنْتَ بِنِعْمَةِ رَبِّكَ بِمَجْنُونٍ / القلم : 1 ، 2 )

کەسی ئاقڵ لەژانیدا ئارام و سەلامەت و خۆشبەختە ، ئەوەی بۆ ئەوە ھەوڵی دروستی بۆ ئەدا تاکو وەری دەگرێ ، بەشی دیکەی دیگەران وازلێدێنێ ..

ئاقڵ بە ئەندازەی کێشی خۆی دەجوڵێ ، پەیوەندیەکانی لەسەر بناغەی مەحکەم و ڕۆشن بونیات دەنێ ، کار و کەسابەتی ڕەوا و حەڵاڵە ، ئاگای لە پەروەردە و بەرژەوەندی خێزان و مناڵیەتی ، لەژیرەکان دانایی وەردەگرێ ، حەق و ماف بۆ خاوەنەکەی دەگێڕێتەوە ..

ئاقڵ لە ئاوێنەی دوێنێوە ئەمڕۆ خۆی دەنوێنێ و سوبەینێش دەبینێ ، ئەو دۆستەکانی تارنانێ و چاکەیان بزرو ون ناکا ، لە ناحەزی بێئاگا نیە و دوژمنی خەوتووی خەبەرناکاتەوە .

ئاقڵ و ژیر سفرەی خێزانی ، گوند و شاری ، نەتەوە و نیشتمانی ، ئیمان و ئینسانی .. لەلا گرنگە و قەدری دەزانێ و چێژی لێ دەبا و ، بە کارتی بیرخستنەوە و مۆچیاری و گفتوگۆی ھەق خزمەتی دروستیان دەکا .

مرۆڤی ئاقڵ ھەمیشە پشتیوانی خوا بەدەست دەھێنێ بەوەی دەبێتە پارێزەر و پاسەوان بۆ سنوورەکانی ، دونیا بەگوزەر دەبینێ ، بۆ ماوا و مەنزڵی حەوانەوەی ھەمیشەیی وەک ڕێبواری شارەزا و ورەبەرز توێشوو ڕێکدەخا و دروست ڕێ دەکا..