گەنم و ئاسایشی كوردستان

  دوو شەممە, 12 حوزەیران 2017 14:52

 

باشترین كارێك كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان بیكات ئەوەیە بۆخۆی گەنمی جوتیارانی هەرێمی كوردستان بكڕێتەوە و بە بازاڕی بكات نەوەكو ئەو پرسە لە دەست بەغدا بێت كە بۆخۆی چەكێكی ئابوریە رەنگە بە زیان بۆ ئێمە تەواو بێت.


بە فەرمی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریداوە تەنها نزیكەی 442 هەزار تەن گەنمی كوردستان بكرێتەوە، ساڵی رابردوو لە هەولێر 370 هەزار تەن گەنمی لە جوتیاران وەرگرت، ئەمساڵ تەنها 151 هەزار تەن وەردەگرن،بەگشتی زیاتر لە ملیۆنێك تەن گەنمی كوردستانیش لە دەرەوەی ئەو پلانە دەبێت، بێگومان ئەوەش هەڕەشەكی ئابوری جدیە بۆسەر كەرتی كشتوكاڵی كوردستان.


ماوەیەكی زۆرە وەزارەتی كشتوكاڵ پڕۆژەیەكیان داوەتە ئەنجومەنی باڵای ئابوری هەرێمی كوردستان، بۆ كڕینەوەی گەنمی جوتیارانی خۆمان پڕۆژەكە پێویستی بە 500 ملیۆن دۆلارە، ئەو 500 ملیۆن دۆلارەش دوا چەند مانگێك بەشی زۆری دەگەرێتەوە بۆ حكوومەت و كەمێكیش لە پارەكە دەبێتە پشتگیری بۆ كڕینەوەی گەنم لە جوتیاران. بەو 500 ملیۆن دۆلارە كێشەیەكی گەورە و هەڕەشەیەكی جدی لەسەر كوردستان لادەكەوێـت و دەتوانین ئاسایشی خۆراكی خۆمان دابین بكەین و گەرەنتیش بدەینە جوتیاران بۆ ئەوەی بەردەوام بن لە كشتوكاڵ كردن.

ساڵی رابردوو چەندین وڵات و كۆمپانیای جیهانی ئامادەیی خۆیان پیشاندا بۆ كڕینەوەی گەنمی كوردستان لەوانە ئێران، ئوردن، سووریا و سویسرا، ئەوان ئامادەن بە نرخی بۆرسەی جیهان گەنممان لێ‌ بكڕن بەڵام ئەم نرخە بۆ جووتیارانی هەرێمی كوردستان كەمە و دەبێت حكوومەت لە رێگەەی ئەو پڕۆەیەی كە باسم كرد هاوكاری ئەو بابەت بكات.

لە5 ساڵی رابردوودا رووبەری چێندراوی گەنم لە هەرێمی كوردستان لە ملیۆنێك و 737 هەزار دۆنمەوە بۆ 3 ملیۆن و 100 هەزار دۆنم زیادی كردووە، بڕی بەرهەمیش لە 227 هەزار تۆنەوە بۆ ملیۆنێك و 680 هەزار تۆن زیاد بووەن بێگومان ئەوەش ئاماژیەكی ئابوری گرنگە و دەبێـت پەرەی پێ بدەین و رێگە نەدەین هەڕەشەی بكەوێـتە سەر یان بەغدا تەحەكومی پێوە بكات بۆ نمونە بەغدا بڕی 660 ملیار دیناری پارەی گەنمی ساڵەكانی 2014، 2015 و 2016 ی جووتیارانی كوردستانی لە لایەو نەیداوە ئەوەش زیان زۆری لە جوتیاران و بازاڕەكانی كوردستان داوە.


لە كاتێكدا ئێمە نەوتی خۆمان بە بە سەربەخۆی دەفرشین و ئابوری سەربەخۆی خۆمان لەو كەرتە هەیە دەبێت لە خەمی ئابوری سەربەخۆیی كشتوكاڵیش بین و ئەو پلانانە جێبەجێ بكەین كە دەبێتە هۆی پشت بەستن بە كشتوكاڵی خۆمان و بەرهەمی خۆمان بێگومان گەنمیش بە بڕبڕەی ئاسایشی خۆراك دادەندرێت چونكە ئەگەر هیشچمان نەبێت دەتوانین بە گەنم و ئاو بژین.

 

 

شوان بەرزنجی

شوان بەرزنجی ساڵی 1983 لە گوندی سماقوڵی گرتك كە دەكەوێتە رۆژهەڵاتی لە هەولێر لە دایكبووە. لە هەولێر دادەنیشێت و خەریكی كاری رۆژنامەوانیە و زۆربەی وتار و بابەتەكانی ئابورین.

لە ساڵی 2004 یەكەم بابەتی لە رۆژتامەكانی كوردستان بڵاو كردۆتەوە و ئێستاش گۆشەی تایبەت و وتار و ڕاپۆرتی لە رۆژنامەو سایتەكاندا هەیە .