ئاگاداربن قۆڵتان نەبڕن!

چەندین كەس بە ناوی كۆمپانیا هاتوون مامەڵەیان لەگەڵ خەڵك كردووە و پارە و موڵكیان لێوەرگرتوون پاشان وەكو بەرزەكی بانان بۆی دەرچوونە و قۆڵی دەیان و سەدان خەڵكیان بڕیووە.

لە ماوەی رابردوودا لە هەولێر بەناو كۆمپانیایەك ئۆفیسێكیان دانابوو، دەیان ئۆتۆمبێلی بارهەڵگریان بە ناوی كرێ لە خەڵك وەرگرتبوو، مانگانە بڕە پارەیەكیان بە خەڵك دابوو تاوەكو دەستی خۆیان دی بوو، دواتر فێڵیان لە سەدان کەس کرد،دواتر دەركەوت ئەو شوێنەی بە ناوی كۆمپانیا بانگەشەی كردووە هیچ دۆسێیەكی بە ناوی تۆماركردنی كۆمپانیا لای حكوومەت نەبووە.

چەند جارێكی تریش بەهەمان ناونیشان و لە كاری تردا خەڵكی تر زیانی داراییان بەركەوتووە و فیڵیان لێكراوە و قۆڵیان بڕاوە،ئەوەش تەنها بۆ یەك هۆكار دەگەرێتەوە ئەویش نەبوونی هۆشیاری و بەدواداچوون نەكردن لەسەر ئەو شوێنەی كە سامان و دارایی خۆیان رادەست دەكەن.

پێش ئەوەی مامەڵە لەگەڵ هەر كۆمپانیا و شوێنێك بكرێت حەق وایە سەرەتا لە وەزارەتی بازرگانی لە رێگەی تۆماری كۆمپانیاكان بەدواداچوون لەسەر ئەوە بكرێت ئەو كۆمپانیایەی هەیە تۆماری هەیە یاخود تەنها ناوە، چونكە بە گوتەی بەرپرسانی وەزارەتی دارایی و بازرگانی زیاتر لە 9 هەزار كۆمپانیا هەیە و وەهمین و هیچ نوێكردنەوەیەكی دۆسیەكەیان نیە.

بەپێی رێنمایی حكوومەت ،ساڵانە دەبێت كۆمپانیاكان مۆڵەتیان نوێ بكرێتەوە و پشكنین بۆ شوێنیان بكرێت، لەگەڵ لێكۆڵینەوە لە بودجەی ساڵانەیان، هەروەها دەبێت پارێزەر و ژمێریاریشیان هەبێت و ئۆفیسیان دیار بێت،ئەگەر وانەبێت ئەوە كۆمپانیا سیفەتی وەهمی هەیە و شیاو نیە مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت.

بۆیە هەركاتێك ویستت یەک دینار یان یەک دۆلار یان كاڵایەك بدەیتە كۆمپانیایەك بۆ بازرگانی و مامەڵەكردن، دەبێت پێشوەختە لە تۆماكردنی كۆمپانیاكە و ئەوراقە فەرمییەكانی دڵنیا بێتەوە و بەدوایدا بچێت، كاتێك كار لەكارترازا ئەوكاتە خۆت ماندوو مەكە بڕۆیت بەدوای ئەوە بكەویت ئەو كۆمپانیا فەرمیە یاخودنا، چونكە ئەوكاتە هیچ كەڵك و سودێكی نیە.

بۆیە ئەگەر خەڵك هۆشیار نەبن و چاوكراوە نەبن ، ئەوا بەردەوام فێڵێان لێ دەکرێ و زیانی گەورەیان پێ دەگەیەندرێت.