جگه‌ له‌یه‌كگرتوویی هیچ بژارده‌یه‌كـ له‌ به‌رده‌م كوردا نیه‌!

به‌داخه‌وه‌ له‌ئێستادا و له‌م ‌به‌شه‌ی گۆیی زه‌وی كه‌پێی ده‌ڵێن ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و لێره‌شه‌وه‌ بۆ كیشوه‌ری ئه‌فریقیا تاده‌گاته‌وه‌ باشورو به‌شێكـ له‌باكوری ڕۆژهه‌ڵاتی كیشوه‌ری ئاسیا ، بووه‌ته‌ جێگاو خاكێكی به‌پیتی هه‌ڵتۆقینی ده‌یان قه‌یران وناسنامه‌ی مه‌مله‌كه‌تی شه‌ڕو كاوكاری به‌به‌راكراوه‌ ، له‌وێشه‌وه‌ بۆ سه‌رهه‌ڵدان وبیدعه‌ی ڕیكخراوه‌ گوماناویه‌كان ئه‌وجا بۆ ده‌ستێوه‌ردان وهاتنه‌ سه‌ر خه‌تی ڕواڵه‌تیانه‌ی كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی ، واته‌ جگه‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندی وهه‌ڵپه‌ی خۆ كامڵكردنی وه‌ڵاتانی زلهێز شتێكـ نه‌ماوه‌ته‌وه‌ به‌ناوی مافه‌كانی مرۆڤ وقبوڵكردنی ڕاوو ڕای جێاواز ، ئه‌مه‌ش ڕاسته‌وخۆ ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه‌ له‌سه‌ر چنینه‌وه‌ی به‌رهه‌می خه‌بات وكۆششی كه‌مینه‌كانی ژێر ده‌سته‌ بۆ سه‌ربه‌خۆیی و بڕیاردان له‌سه‌ر چاره‌نووس وگێڕانه‌وه‌ی مافه‌ زه‌وتكراوه‌كانی میلله‌تانی دابه‌شكراو !

وه‌كـ ده‌بینرێ لێره‌و له‌هه‌ر شوێنێكـی تری ئه‌م رۆژهه‌ڵاته‌ ئیراده‌ی نێوده‌وڵه‌تی به‌هاوكاری چه‌ند وه‌ڵاتێكی ئیقلیمی كاروباری وه‌ڵاتان به‌ڕێ ئه‌كه‌ن ، ئیداره‌ی ئه‌ده‌ن ، مامه‌ڵه‌ی پێوه ‌ئه‌كه‌ن ، شه‌ڕی ناوخۆو په‌یوه‌ندیه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی پێ یه‌كلایی ئه‌كه‌نه‌وه‌ ، ئه‌وه‌ی ده‌مێنێته‌وه‌ بۆ ئه‌ڵقه‌ له‌گوێی و ئه‌وانیتر ته‌نها ئه‌و ڕۆڵه‌ ده‌گێڕن كه‌ بۆیان تاشیون ! چونكه‌ سیاسه‌تی ده‌ولی یاری به‌كه‌مینه‌كانی ئاین ونه‌ته‌وه‌ ومه‌زهه‌به‌كانه‌وه‌ ده‌كا ، به‌ناوی جۆراوجۆره‌وه‌ كراونه‌ته‌ ئامانج و بازرگانی پێوه‌ ده‌كه‌ن ! ڕوداوه‌كانی نزیكـ و دوور شاهیدی ئه‌م حه‌قیقه‌ته‌یه‌ كه‌ ئه‌وه‌ی به‌ناوی هاوكاری وپشتیوانیه‌وه‌‌ ڕووده‌كاته‌ ناوچه‌كه‌ ، پێشتر نه‌خشه‌ی ‌لێدان وپه‌رته‌وازه‌یی بۆكێشراوه‌ ! 

واته‌ ئه‌وه‌ درۆیه‌كی گه‌وره‌ی شاخداره‌‌ گوایه‌ وه‌ڵاتانی ده‌ست ڕۆیشتووی وه‌كـ ئه‌مریكا ، ڕوسیا ، فه‌ره‌نسا ، بریتانیا ، چین و ئه‌وانیتر له‌نێو خۆیاندا دژو وناكۆكـ بن به‌یه‌كتر ! به‌ڵكو پێكه‌وه‌ له‌كێبڕكێدان‌ چۆن داهات وخاكـ و ئاوی ئه‌م وه‌ڵاتانه‌ هه‌ڵ لووشن ! ئیدی به‌ڕیكه‌وتن بێ یاخود به‌پێشگرتن له‌یه‌كتر خێراو هه‌رزوو پێكدێنه‌وه‌ ! بۆ ئه‌مه‌ش هه‌ر یه‌كـ له‌و وه‌ڵاتانه‌ گروپ ولایه‌نێكی له‌ئه‌ستۆگرتووه‌و ته‌صفیه‌ی حیساباتی خۆی پێ ده‌كا !

مه‌علومی هه‌مووانه‌ پاش كۆتایی هاتنی جه‌نگی جیهانی دووه‌م ودروستبوونی جه‌نگی سارد له‌نێوان بلۆكی ڕۆژهه‌ڵات به‌ڕابه‌رایه‌تی ڕوسیا و بلۆكی ڕۆژئاوا به‌سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مریكا له‌كۆتایی چله‌كاندا هه‌تا ساڵی 1991و كه‌وتنی یه‌كێتی سۆڤیه‌تی جاران ، هه‌رچ وه‌ڵات و حزب ومیلله‌تێكـ سه‌ربه‌یه‌كێكـ له‌و دوو بلۆكـ بوایه‌ ئیدی له‌شه‌ڕو دژایه‌تی ئه‌ویتر پارێزراو ده‌بوو ، چونكه‌ به‌هه‌موو شێوه‌یه‌كـ به‌رگری لێده‌كراو به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی پارێزراو ده‌بوو ! واته‌ له‌ئه‌نجامی ململانێی سه‌ختی نێوان ڕۆژهه‌ڵات وڕۆژئاوا ، وه‌ڵاتانی دابه‌شبووی هه‌ردوولا به‌رگریان لێده‌كرا ، لانیكه‌م له‌به‌رانبه‌ر هاوپه‌یمانیه‌كانی یه‌كتردا ڕیكه‌وتن هه‌بوو كه‌هیچ لایه‌كـ ده‌ستوه‌رنه‌داته‌ كاروباری ناوخۆی هاوپه‌یمانه‌كانی ئه‌ویتر ! وه‌لێ له‌و به‌رواره‌ به‌دواوه‌ ئیتر سیاسه‌ت به‌فۆرمێكی تر وله‌یه‌كـ كاتدا زیاتر له‌ڕوویه‌كـ و هه‌میش ڕۆڵێكـ ده‌گێڕێ ! ئێستا‌ له‌بری ململانێ ودژایه‌تیكردنی ئاشكرای نێوان زلهێزان و وه‌ڵاتانی ڕۆژهه‌ڵات و ڕۆژئاوا ، گۆڕدرا بۆ ڕێكه‌وتن و هاوبه‌شیكردن وئاڵۆگۆڕ پێكردنی هاوپه‌یمانه‌كانیان له‌نێوانیان خۆیاندا ! هه‌ر بۆیه‌ وه‌كـ ده‌بینرێ به‌پێچه‌وانه‌ی ڕابردوو ، وه‌ڵاتانی ناوچه‌كه‌ له‌یه‌كـ كاتدا دۆست ونه‌یاری یه‌كـ وه‌ڵات وهه‌مان بلۆكـ به‌ندین ! چونكه‌ هیچ وه‌ڵاتێكـ ناتوانێ به‌ته‌نها پشت به‌لایه‌كـ ببه‌ستێ به‌ڵكو له‌ترس و له‌نه‌بوونی متمانه‌ به‌دۆسته‌كه‌ی ، به‌رده‌وام سه‌ردان و ڕیكه‌وتنی بۆ ‌هه‌موو لایه‌كـ به‌یه‌كسانی هه‌یه‌ ! ڕه‌نگه‌ ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ دۆستت بێ بۆ سبه‌ی به‌مامه‌ڵه‌و سه‌ودایه‌كـ تۆی فرۆشتبێ ! به‌مانایه‌كی تر ئه‌وه‌نده‌ی گومان له‌ناجێگیری و بێ متمانه‌یی به‌دۆستایه‌تی ڕاسته‌قینه‌ هه‌یه‌ ، هه‌رگیز گه‌ره‌نتی ومتمانه‌ به‌مانه‌وه‌ی دۆستایه‌تی وهاوپه‌یمانێتی به‌رده‌وام نیه‌ ! كه‌واته‌ ئه‌پرسم ئێمه‌ كورد ودۆزی ڕه‌وای گه‌له‌كه‌مان له‌كوێی ئه‌م هاوكێشه‌دایه‌ !؟ 

ئه‌وه‌تا پاش تیپه‌ڕبوونی دووساڵ به‌سه‌ر ڕووداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ری ساڵی 2017 بیره‌وه‌ریه‌ تاڵه‌كانی گه‌ڕانه‌وه‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان له‌هه‌موو ئه‌و خاڵ و ناوچانه‌ی كه‌پێشتر به‌خوێنی گه‌شی پێشمه‌رگه‌ ئازاد كرابوون ، جارێكیتر و له‌ناوچه‌و به‌شێكیتری كوردستان به‌هه‌مان سیناریۆو پیلانی پێشوه‌خته‌ دووباره‌ ئه‌بێته‌وه‌ ، وه‌لێ ئه‌مجاره‌ خه‌بات و خوێن وخاكی ‌ڕۆژئاوای كوردستان ده‌كرێته‌ ئامانج وخه‌ون وچاوه‌ڕوانی ڕۆڵه‌كانی ئه‌م گه‌له‌ له‌بارده‌بن ! جارێكیتر به‌به‌رچاوی هه‌موو جیهانه‌وه‌ كورد به‌بێ كه‌سی و داماڵراو له‌چه‌كـ وخاكـ ونیشتمانی خۆی به‌جێدێڵن و دۆسته‌كانمان لێ ئه‌بن به‌دوژمن و پشتگیری وهاوكاری دوژمنانی ڕاسته‌قینه‌ ده‌كه‌ن ! لێره‌وه‌ پێویسته‌ به‌ڵكو ئه‌ركی ئه‌م قۆناغه‌یه‌ كه‌ دڵسۆزان وخه‌مخۆرانی ئه‌م گه‌له‌ له‌نزیكه‌وه‌ یه‌كتری بدوێننن وئاشته‌وایی وئاشتبوونه‌وه‌ی نیشتمانی ونه‌ته‌وه‌یی بكه‌نه‌ دروشمی ئێستاو دۆخه‌كه‌ی پێ به‌ڕێكه‌ن ، ئه‌گه‌رنا له‌ژێر هه‌ر بیانوو وهه‌ر پاساوێكدا هه‌ر هه‌نگاوێكی تر هه‌ڵگرن جگه‌ له‌خزمه‌تكردن به‌دوژمنان وبه‌هێزتركردنی نه‌‌یاران ، په‌رته‌وازه‌یی ولێكترازانی نێوخۆیی ئه‌خاته‌وه‌ وهێنده‌ی تر له‌ئامانجه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كان دوورمان ده‌خاته‌وه‌ !