عاتیفه‌ گه‌رایی كورد وپیلانگێڕێ ئه‌وانی تر

دوای ئه‌وه‌ی ولاتانی زلهێزی گه‌وره‌ترین سته‌میان له‌گه‌وره‌ترین نه‌ته‌وه‌ی سه‌ر ڕووی زه‌وی له‌ ڕێككه‌وتنامه‌ی شومی سایكس بیكۆ وله‌ په‌یمانمانه‌ی لۆزانیش ئه‌و سته‌میان دووپات كرده‌وه‌و به‌كردار له‌سه‌ر زه‌وی پیاده‌یان كرد ونه‌ته‌وه‌یه‌كی چل ملیۆنیان له‌خاك وڵات بێبه‌ش كرد،له‌كاتێك ئاماده‌ بوون دان به‌مافی هه‌بوونی ده‌وله‌تدا بنێن بۆ جوله‌كه‌كان له‌سه‌ر زه‌وی موسلمانان كه‌چی ئاماده‌ نه‌بوون ده‌وله‌تێك بۆ نه‌ته‌وه‌یه‌ك كه‌ئه‌و كات لانی كه‌م بیست ملیۆن بووه‌و له‌سه‌ر خاكی خۆیه‌تی‌.كوردیش هه‌رچه‌نده‌ هه‌ولی دیبلۆماسی لاوازی خۆی خسته‌ كار وشۆڕشی به‌رپا كرد به‌ڵام سه‌ره‌نجام بوه‌ قوربانی به‌رژه‌وه‌ندی زلهێزان.ئێستا نه‌بونی ولاتێكی سه‌ربه‌خۆ بۆ ئه‌م نه‌ته‌وه‌ چل ملیۆنیه‌ ته‌نها تاوانی ئه‌و زلێهزانه‌یه‌ كه‌ لێره‌وله‌وێ له‌ دوای كاره‌ساته‌كان فرمێسكی تیمساحیمان بۆ ده‌ڕێژن وله‌بنه‌وه‌ش له‌گه‌ل وڵات قڕانكاره‌كاندا ئاماده‌ن كورد وه‌كو به‌رخێك له‌سه‌ر سه‌كۆی جیهانی سه‌ر ببڕن ودواتریش به‌هۆی عاتیفه‌گه‌رایی كورده‌وه‌ جارێكی تر ده‌مان خه‌له‌تێنن وپێمان وایه‌ دلسۆزی ئێمه‌ن.

دابه‌شبوونی كورد له‌نێوان تركیاوسوریا وئیران وعیراق وای كردووه‌ ئه‌وه‌چوار ولاته‌ له‌سه‌ر یه‌ك مه‌به‌ست كۆك ببن ئه‌گه‌رچی له‌زۆر شت ناكۆك بن .به‌ڵام كێشه‌ی سه‌ره‌كی هه‌ر خۆمانین كه‌ هێنده‌ ساویلكه‌ین وعاتیفین وا ده‌زانین به‌كه‌ف وكوڵ وده‌ربڕینی هه‌ست زدلسۆزی ئه‌م وئه‌و بۆمان ئیتر به‌هه‌موو شت ده‌گه‌ین.یانیش كاتێك سه‌رۆكی وڵاتێك زلهێز پێمان ده‌لێت جه‌نگاوه‌ر ئازان،یان به‌شێكمان بۆچونمان وابوو ئیتر ناوی كورد گه‌یشتوه‌ به‌هه‌موو جیهان ئه‌وه‌نده‌ به‌سه‌ كه‌ له‌هه‌موو پرسێك پشتگیریمان ده‌كه‌ن.به‌ڵام كاتێك ڕیفراندۆممان كرد ئیتر بینیمان كه‌سێك نه‌بوو ده‌ستخۆشیمان لێ بكات له‌سه‌ر مافێكی گه‌ردوونی خۆمان، ناچار ته‌نازۆلمان بۆ به‌غدای وێران وبێ سه‌روبه‌ركرد،عیراقێك كه‌ كورد به‌ردی بناغه‌ی دانابوو كه‌ عیراقێكی نوێ بێت كه‌چی خه‌ریك بوو هه‌مان سیناریۆی سالانی هه‌شتاكان به‌سه‌رمان بێنێته‌وه‌،ئه‌وه‌ی ئه‌م دواییه‌ش كه‌ بینیمان ئه‌مریكا ده‌ستی له‌كوردی ڕۆئاوا هه‌لگرت وبۆ چاره‌نوسی نادیاری به‌جێهێشت ،له‌به‌رده‌م هێرشه‌كانی توركیادا بێ پشت وپه‌نا وازی لێهێنا،ئه‌مه‌ش هه‌مان سیناریۆی كۆماری مه‌هابادوڕێككه‌وتنی شاه وصدام وڕیفراندۆمی بیر خستینه‌وه‌.

ئه‌و هه‌موو ڕوداوه‌ تاڵ وناخۆشانه‌ داوامان لێ ده‌كه‌ن ئیتر به‌سه‌ به‌عاتیفه‌ بخه‌له‌تێین وبا ئیتر به‌ پلانی ستراتیجی نه‌ته‌وه‌یی خۆمان كار بكه‌ین، دوور له‌ ئایدۆلۆجیه‌ت ویه‌كتر سفر كردن وته‌خوین وته‌كفیر وشتی له‌م جۆره‌.ئه‌گه‌ر هه‌موو كورده‌كان به‌هه‌مو لایه‌نه‌كانه‌وه‌ دلسۆزی دۆزی ڕه‌وای خۆیانن ئه‌وا ده‌بێ كۆك ببن وكۆببنه‌وه‌وله‌ژێر یه‌ك چه‌تردا خه‌بات بكه‌ن وبزانن چی ده‌كه‌ن وچیان ده‌وێت.ئه‌گه‌ر وانه‌بێت ئیتر نابێ گله‌یی له‌ نه‌یاره‌كانمان بكه‌ین چونكه‌ ئه‌و به‌پلانی خۆی كار ده‌كات وهه‌نگاو به‌هه‌نگاو بۆی ده‌ڕوات وهه‌مویان پشتگیری یه‌كتر ده‌كه‌ن،كه‌چی ئێمه‌ لێره‌ به‌ربوینه‌ گیانی یه‌كتری وهه‌ر یه‌كه‌و خه‌ریكه‌ ئه‌وی تر تاوانبار ده‌كات،كه‌ سودمه‌ندی یه‌كه‌م له‌ په‌رته‌وازه‌یی وبێ سه‌روبه‌ریه‌ی ئێمه‌ نه‌یارانی كوردن.ئه‌وان به‌و هه‌موو جیاوازیه‌یانه‌وه‌ یه‌كانگیرن له‌سه‌ر پرسی خۆیان بۆ سه‌ركوت كردنمان، كه‌چی ئێمه‌ زیاتر په‌رت وبلاو ده‌بینه‌وه‌و له‌جیاتی چه‌قین به‌ڕوی ئه‌واندا وا ده‌بینه‌ دركی چاوی یه‌كتری.

ئیتر كاتی به‌پلان كاركردنه‌ دوای سه‌ده‌یه‌ك خه‌باتی په‌رت وبڵاو عاتفیانه‌،ئه‌وه‌تا ئیسرائیل دوای سه‌د سال توانی ببێته‌ ولات له‌سه‌ر خاكی داگیركراوی خه‌ڵكانی تر، به‌ڵام ئێمه‌ ناتوانین له‌سه‌ر خاكی خۆمان ببینه‌ خاوه‌ن ده‌وڵه‌تی خۆمان.هۆكاری سه‌ره‌كی بریتیه‌ له‌ بێ به‌رنامه‌یی وپه‌رته‌وازه‌یی وهه‌ركه‌س كوێخایی خۆی و كه‌س ئه‌وی تر به‌هیچ نازانێ.هه‌تا به‌م شێوه‌یه‌ كار بكه‌ین نه‌ك سه‌د سالی تر به‌لكو سه‌د هه‌زار سالی تر به‌هیچ ناگه‌ین.ئه‌وه‌ی ئیستا زۆر پێویسته‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌مومان هه‌ولی پاراستنی ئه‌م هه‌رێمه‌ بده‌ین وله‌سه‌ر بنه‌مای دیموكراسی وعه‌داله‌ت وشه‌فافیه‌ت به‌ره‌و پێشی ببه‌ین، ئیتر با مۆرانه‌كانی پێشكه‌وتن قه‌لاچۆ بكه‌ین هه‌ر كه‌س ولایه‌نێك بێت.با ئومێدێك به‌م خه‌لكه‌ بێ ئومێده‌ ببه‌خشینه‌وه‌،لێره‌وه‌ پلان دانێین بۆ سه‌ربه‌خۆیی هه‌مو كورد نه‌ك هه‌وڵ بده‌ین ئێره‌ش گورگان خواردوو بكه‌ین.به‌لێ ڕۆژئاوا خوێنی لێ ده‌تكێ وبرینداره‌ به‌ده‌ستی توركیا وبه‌هاوكاری زلهێزان به‌ڵام سه‌ركه‌وتنی بێ قوربانی بوونی نیه‌،ئه‌م هه‌رێمه‌ سه‌دان هه‌زار قوربانی داوه‌ تا به‌مڕۆ گه‌یشتوه‌ .بۆیه‌ پارێزگاری لێكردنی ئه‌ركی هه‌موانه‌.با ئه‌م هه‌رێمه‌ به‌مولكی هه‌موان بزانین نه‌ك ته‌نها حزبێك وچه‌ند به‌رپرس وكه‌سێك.هه‌موو بستێكی كوردستان مولكی هه‌موو كوردانه‌.ئه‌گه‌رچی ئه‌م ووتانه‌ له‌سه‌ر زه‌مینی واقیع زۆر خه‌یالاوین به‌ڵام دلنیابن هه‌موو ڕاسته‌قینه‌یه‌كی ئه‌وڕۆ خه‌یالاتی دوێنیه‌.

ئێستا پێویستمان به‌نه‌وه‌یه‌كه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای دلسۆزی بۆ خاك ووڵات پێ بگات به‌ڵام ده‌بێ ئه‌و نه‌وه‌یه‌ ئه‌م شته‌ به‌چاوی خۆی له‌سه‌ر زه‌مین ببینێ ودڵنیابێتكه‌ خه‌له‌تاندن نیه‌،به‌ڵێ ئه‌مڕۆ زۆركه‌س گالته‌ی به‌وشه‌ی نه‌ته‌وه‌و نیشتمان ودلسۆزی دێت چونكه‌ ئه‌وانه‌ی سه‌رده‌مانێك ئه‌وانه‌یان بۆ ده‌وتین ده‌رچوون ته‌نها خۆ ویست وبه‌رژه‌وه‌ندی ویستن وئاماده‌بوون خه‌باتی خۆیان بكه‌نه‌ قوربانی پۆستێك وپاره‌و پله‌یه‌ك .ئه‌وان ئاماده‌ بوون كوردایه‌تی بكه‌نه‌ كالا وخاك بفرۆشن بۆ مانه‌وه‌ی خۆیان به‌ڵام ئیتر قبول ناكرێ وپه‌تی ناڕاستی كورته‌.كاتێك نه‌وه‌یه‌ك ده‌بینێ ته‌نها پێلاوه‌كانی به‌م خاكه‌ی ده‌یبه‌ستێته‌وه‌ ئیتر ئه‌م په‌یوه‌ندیه‌ك ناهێلێ وهه‌ر كاتێكت بینی گركانی ناڕه‌زایی هه‌موو پێگه‌و ته‌خت وكورسیه‌كانیان ده‌هه‌ژێنێ.ئه‌وكات نه‌هێز ونه‌پاره‌و نه‌پۆست دادی كه‌س نادات .ئیتر نه‌یارانیشمان به‌دوای فرسه‌تێكی وها ده‌گه‌ڕێن بۆ ئه‌وه‌ی له‌ ڕه‌گ وڕیشه‌وه‌ هه‌ڵمان ته‌كێنن،دواتر گله‌یی چی له‌ دوژمنی خۆت ده‌كه‌ی له‌كاتێك خۆت ڕێگات بۆ خۆشكردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی وه‌كو ڤایرۆسێك جه‌سته‌ی نه‌ته‌وه‌و كیانت بكاته‌ شوێنی گه‌را دانانی خۆی، بۆئه‌وه‌ی هه‌ركاتێك لاواز بووی ئه‌و كاری خۆی بكات.