• هەندێک لە هەندێ کاتدا و بە هەر هۆیەک بێت وەڵامی تەلەفونی کەسێكیان پێ نادرێتەوە، بەڵام کە کەسێک وەڵامی تەلەفونێکیان ناداتەوە، دنیایەک گومان دەبەن و بەرامبەر دەخه‌نە ریزی تاوانباران !

• هەندێک لە کاتی شۆفیریدا دەکەونە هەندێک هەڵەی زەق و نا ئەنقەسته‌وه، بەڵام کاتێک بەرامبەرەکان هەمان هەڵەکانی ئه‌وان دووباره‌ دەکەنەوە، خۆیان لێ دەبێتە شۆفێری پرۆفیشناڵ و ئەوانی تر نەزان !

• هەندێک بە راست و چەپدا خەریکی گاڵتە و شۆخی کردنن بە ئەم و بە ئەو، بەڵام کاتێک کەسانێك هەمان گاڵتە و شۆخیان لەگەڵدا دەکه‌ن، گرژی ناوچاوانیان داگیر دەکات و تۆمەت دەدەنە پاڵ ئەوان !

• هەندێک لە خوت و خۆرایی هەڵده‌چن و خەشم و تورەییان بۆ کۆنترۆڵ ناکرێت، بەڵام کاتێک کەسێکی تر بە هەمان تۆنی ئه‌وان هەڵدەچێت و کۆنترۆڵ لەدەست دەدات، لێی دەبنه واعیز و نەسیحەتکاری زەمان ! • هەندێک داوای هەڵوێست و را لە سەر پرسە سیاسیە رەواکان (لەوان) دەكه‌ن، بەڵام لە پرسه سیاسیه‌‌ ره‌واكانی (ئەوان)دا، نەک هەر بێدەنگ و بێرەنگ‌، بەڵکو هەزار بیانوو دێنینەوە بۆ (ئه‌وان) !

• هەندێک رەخنە لە هەموو شت ده‌گرن‌، به‌ڵام كاتێك ره‌خنه‌یه‌ك له‌ ره‌نگی بۆینباخه‌كه‌یان یا ده‌قه‌ شیعریه‌كه‌یان یا گوتاره‌ حه‌ماسیه‌كه‌یان ده‌گیرێت، ده‌كه‌ونه‌ به‌رگری سه‌رسه‌ختانه‌ و شه‌ری مان و نه‌مان !

• هه‌ندێك خه‌ریكی دابه‌شكردنی خه‌سڵه‌ته‌كانی دیكتاتۆر و سته‌مكارن‌ به‌سه‌ر ئه‌واندا، به‌ڵام له‌ پۆست و به‌پرسیارێتیه‌كه‌ی خۆیاندا به‌رده‌وام خه‌ریكی ئه‌شكه‌نجه‌دانی ده‌روونیی‌ ئه‌وانن !

• هه‌ندێك خۆی و لایه‌ك له‌ بنه‌ماڵه‌كی ئاودیو سنوور كردوه‌ و 20 ساڵه‌ به‌ ره‌گه‌زنامه‌ی ولاتێكی ئه‌وروپی كه‌یف و سه‌فا ده‌كا، به‌ڵام به‌رده‌وام گڵۆپێكی سوری پێیه رێگه‌ نادات‌ به‌ هاتني (ئه‌وان) !

• هه‌ندێك بۆ قسه‌كردن له‌سه‌ر به‌خشین و سه‌خاوه‌تمه‌ندیی زۆری پێیه‌ بۆ وتن، به‌ڵام كه‌می پێیه‌ بۆ ره‌فتار و بۆ كردن !

• هه‌ندێك له‌ ماڵدا بێده‌نگ، له‌ كۆردا پر ده‌نگ.. له‌ رێكخراودا چالاك، بۆ باوك و دایكی بێباك.. له‌ حیزبدا سه‌رقاڵ له‌ حكومه‌تدا به‌تاڵ !!