قۆناغەکانی گەشەکردنی کار

کار: چالاکییەکی هۆشیاری مرۆڤە، بۆ تێرکردنی پێداوێستییەکانی لە ڕێگەی جەستە و هزرەوە. یەکێکە لە ڕەگەزەکانی بەرهەمهێنان، بگرە لە هەموویان گرنگترە، چونکە دەتوانێت سەرجەمیان کۆبکاتەوە و ئاراستەیان بکات بەشێوەیەکی ڕێکخراو بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکان.

لە پێناسەی کاردا دوو ڕەگەزی گرنگ هەن، ئەوانیش هزر و جەستەن. کار پەیوەندییەکی پێچەوانەی هەیە لەگەڵ بێکارییدا، بەپێچەوانەشەوە ڕاستە.

مێژووی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی بەشێوەیەکی گشتی بە دوو قۆناغی کاردا تێپەڕیوە، ئێمە لێرەدا بەکورتی باسیان دەکەین.

قۆناعەکانی کار: قۆناغی یەکەم: کاری جەستەیی: مرۆڤ هەر کە پێی نایە سەر ڕووی زەوی، پێویست بوو خۆی ئامادە بکات بۆ جەنگ، جەنگێک نە لەگەڵ مرۆڤ نە لەگەڵ گیانلەبەران، بەڵکو ململانێ بوو لە گەڵ سروشت، ئەم ململانێیەشی لە پێناو مانەوە و بەردەوامبوونی بوو لە ژیان، کەوتە کێبڕکێ بەبێ کەرەستە، بەبێ هاوکاری ، بەبێ چەکی بیرکردنەوەیەکی گەشەکردوو.

لەم قۆناغەدا قسە لەسەر چەندایەتی بڕی بەرهەمهێنانە، لە جیاتی بری چۆنایەتی بەرهەمهێنان، جەستە ڕۆڵ و کاریگەریی هەبووە، ئەمەش مانای ئەوە نیە مرۆڤ بیری بەکار نەهێنابێ، هەڵبەتە کەمی پێداویستی و سادە وساکاری ژیان هۆکاری ئەوە بووە.

کاری هاوبەش و بەکۆمەڵ دەکرا بەشێوەیەکی پچڕ پچڕ و دوور لە یەکتری، لە ئابووری سەرەتاییدا دابەشکردنی کار دابەشکردنێکی سروشتییانە بووە بەپێی ڕەگەز، پیاوان کاری دەرەوەیان دەکرد، ژنانیش کاری ماڵەوە، کە شار دروستبوو لە ئەنجامی کۆبوونەوەی خێزانەکان و گوندەکان، ئیتر کار پێی نایە قۆناغێکی ترەوە، چونکە پێداویستییەکانی زیادییکرد، نەیدەتوانی بەتەنیا دابینیان بکا، بەردەوام بیری گەشەیکرد، ئەوجار شۆڕشی پیشەسازی لێ بەرهەمهات.

قۆناغی دووەم: کاری هزری: بێگومان ماوەی گەشەی نێوان ئەم دوو قۆناغە یەکجار زۆرە، هەر قۆناغێک لەم قۆناغانەش کۆمەڵێک ماوەی خۆی هەیە، ئێمە لێرەدا نەچوینەتە ناو وردەکارییەوە لەبەر درێژترنەبوونی بابەتەکەمان.

دەتوانین بڵێن ئادەمیزاد هیچ کات نەیویستووە هزرەکانی لە چوارچێوەی خەیاڵدا قەتیس بکات، چونکە بە سروشتی خۆی خاوەنی هۆشیارییەکی تایبەتە بە بەراورد بەسەرجەم گیانلەبەرانیتر، هەمیشە ململانێی سروشتی کردوە، زۆربەیکاتیش لەم بگەرە و بەردەدا پاش ماندووبوونێکی زۆر سەرکەوتوو بووە.

هەروەک ئاماژەمان پێکرد لە ئەنجامی بەردەوامبوونی لە بیرکردنەوە شۆڕشی هزری سەریهەڵدا، ئامێرەکان جێگای مرۆڤیان گرتەوە بۆ کارکردن، ڕاستە لە سەرەتا سادە و ساکاربون، دواتر ئامێرەکان گۆڕانکاری گەورە و نەوعییان بەسەردا هات، تا گەیشتە قۆناغی تەکنەلۆژیا، ئەو مرۆڤەی کە لە سەرەتادا زۆر ترسی هەبوو لە سروشت، لە ئێستادا پێچەوانە بۆتەوە، هزر ئەوەندە گەشەیکرد خودی مرۆڤ خۆی سەری سوڕماوە.

چەمکی کار لەلای زانایان: ئادەم سمس بڕوای بەدابەشبوونی کارە لە پرۆسەی بەرهەمهێناندا، ئەم دابەشبوونەش دەبێتە هۆی پسپۆڕبوون، پاشان بەرهەمداری زیاد دەکا، کارێک نەبێتە هۆی زیادبوونی سەرمایەداری بەکاری بەرهەمداری دانانرێت، واتە کاری مەعنەوی بەکار دانەناوە وەک مامۆستایی....هتد.

زانایانی قوتابخانەی سروشتی جگە لە کەرتی کشتوکاڵ، کەرتەکانیتر بە نەزۆک لە قەڵەم دەدەن، کەواتە کاری کەرتەکانیتر بەکار حیساب ناکەن.

جان باتست سای لە سەدەی نۆزدەدا هات بازنەی کاری فراوانکرد، هەرکارێک سوود و قازانجی هەبێت بەکار دادەنرێ.

هەرچی ئایینی پیرۆزی ئیسلامە هەموو کارێک بە باشدەزانێ کە سوود و قازانجی کۆمەڵایەتی و کەسی بەدیبهێنێ، بە مەرجێک لە سنووری شەرعدا جێگەی ببێتەوە.

ئیسلام چۆن دەڕوانێتە کار: ئیسلام شکۆ و بەهای بەکار داوە ، لەگەڵ ئەوەشدا هەمیشە هاندەری کارکردن بووە، ئەجر و پاداشتی قیامەتی بۆ دیارییکردوە، بەعیبادەتی لە قەڵەم دەدات، مرۆڤ بۆ خودی خۆی کار دەکات ئیسلام ڕێز و پاداشتی دەکا، ڕازی نابێت ئادەمێزاد تەمەڵ و تەوەزەل دانیشێ و ببێتە بار بەسەر کەسانیترەوە، بەرهەمی دەستی خۆی نەخوات.

بەڵگەی قورئان و فەرموودە زۆرن، لەم بارەوە پێغەمبەری خودا (د.خ) دەفەرموێ (ما کسب رجل کسبا اطیب من عمل یدە.) یاخود (من امسی کالا من عمل یدە امسی مغفورا لە) سەروەرمان خۆی کاری کردوە، ئەمەش پەیامە بۆ کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی، کە خودای گەورە پێمان دەڵێ پێغەمبەرەکەت کاری کردوە بە هەموو ئەو ڕێز و خۆشەویستی و گەورەییەوە کە هەیبووە بەرهەمی دەستی خۆی خواردووە ڕازی نەبووە بەرهەمی دەستی کەسانیتر بخوات، ئەی مرۆڤ پێویستە تۆش کار بکەی.

ئامانجی کار: یەکێکە لە سیفەتەکانی ئایینی پیرۆزی ئیسلام هاوسەنگی نێوان شتەکانە، بۆ نمونە هاوسەنگی نێوان هەر دوو دونیا، کار ئامرازە بۆ تێرکردنی پێداویستییەکان، بۆ ئەوەی لە ڕێگەی ئەم ئامرازەوە بەختەوەری و ئاسودەیی دەروونی بۆ دەستەبەر بکات، ئەوەی جێگەی ئاماژەیە لە ژیانی ئەمڕۆدا خودی کار بۆ خۆی ئامانجە، ئەوەندەی مرۆڤ لەسەر حیسابی نەهێشتنی بەختەوەری و ئاسودەیی دەروونی خۆی کار دەکات، بە پێچەوانەوە نایکات، کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی هەنگاو بەرەو کۆمەڵگەیەکی مادیی ڕووت دەنێت، دووریش دەکەوێتەوە لەلایەنی ڕوحی، ئەمەش ئەو هاوسەنگەییە ئەشێوێنێ کە سروشتی مرۆڤ داوای دەکات.

کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی ئێستا هەمان وتەکەی مارکس دەڵێتەوە، کە ئەیوت پێم بڵێ ئابوورییەکەت چییە، پێیت دەڵێم تۆ کێیت.