سەبرو خۆڕاگری لە دیوى ڕوونەوە

پوختەی زاراوەی سەبر سێ مانا دەگرێتە خۆی، کە بریتین لە: بەندکردن، بڵندڕاگرتن، مەحکەمکردن .

یەکەم: خۆ بەندکردن و بارھێنانی نەفس لەسەر ئەوەی شەرع و ئەقڵ لێی دەخوازن و گەردنکەچکردن بۆی.

دووەم: خۆڕاگریەک کە نە بێزاری تیادەرببڕێ، وەنە گلەیی و سکاڵای تیا بکرێ، پێیشی دەوترێ (صَبْرٌ جَمِيلٌ).

سێیەم: خۆکۆکردنەوە و تۆکمەبوون بەپێی خواستی قۆناغی تەمەن، وە بێباکی لە شڵەژان و زەندەقچوون.

جا ئەرک و تەکلیف لە دوو بواردا ڕوو بەڕووی مرۆڤ دەبێتەوە، کە بریتین لە: خێر و خۆشی، شەڕ و ناخۆشی .

یەکەمیان پێویستی بە سوپاسگوزاری و زیادەڕۆیی نەکردنە.

دووەمیش پێویستی بە خۆڕاگری و بێزاری دەرنەبڕینە.

لەبەر گرنگی سەبرو خۆڕاگری بۆ ئاوەزداران ، دەبینین لە قورئانی موبارەکدا زیاتر لە (٩٠) جێگادا باسی ھاتووە و ، پەیوەست کراوە بەکارو کردەوەی چاک و پەیڕەوی لە ڕەواو حەق و ئاکار و خەسڵەتی مەزن و بەرز و شیرینەوە. لێرەدا گرنگە جیاوازی بکەین لەنێوان دەستەواژەی (الصبر، والتصبر، والاصطبار، والمصابرة، والاحتمال).

بەپێی حاڵی کەسێک لەگەڵ غەیری خۆیدا، بەم شێوەیە:

گەر کەسێک نەفسی گرت و ڕێگری لێکرد لە شتێک کە حەزی پێ دەکات و مەیلی بۆی ھەیە ، بەڵام بۆی ڕەوانیە؛ ئەوە ناو دەھێنرێ بە سەبر و ئارامی و خۆڕاگری (الصبر). بەڵام گەر زۆری لەخۆی کردو ناڕەحەت بوو، وە تاڵی چەشت لەو خۆگرتنەیدا، ئەوە ناو دەبرێت بە (تصبر). وەک چۆن کەسێک تەکلیف لەخۆی دەکات تاوەکو نەرم و نیان و بوێرو ڕێزگرو بەرگەگر بێت و ، ئەمانە ببنە خوو خەسڵەتی. جا ھەرکات مرۆڤ لەھەر بوارەیدا زۆری لەخۆیکردو خۆی ماندووکردوو ھەوڵی درووستی بۆدا ، بەدڵنیاییەوە خوای پەروەردگار یارمەتی دەدات و کاری بۆ ئاسان دەکات تاوەکو ببێتە خاوەنی ئەو تایبەتمەندیە کە بۆی کۆشاوە ، بەبەڵگەی : (أنَّ ناسًا منَ الأنصارِ سَألوا رسولَ اللَّهِ (صلَّى اللَّهُ عليهِ وسلَّمَ) فأعطاهم ثمَّ سَألوهُ فأعطاهم حتَّى إذا نفِدَ ما عندَهُ قالَ ما يَكونُ عِندي من خيرٍ فلن أدَّخرَهُ عنكُم ومن يستَعفِفْ يعفَّهُ اللَّهُ ومن يستَغنِ يُغنِهِ اللَّهُ ومن يتَصبَّر يُصبِّرهُ اللَّهُ وما أعطى اللَّهُ أحدًا من عطاءٍ أوسعَ منَ الصَّبرِ) .

ھەرچی وشـەی (الاصطبار) بانترە لە (التصبر)، چوونکە ئەو لەبابـی (افتعال)ـەو بە پلەی (الاکتساب) دێت ، بەڵام (التصبر) سەرەتایەو بۆ بەدەستھێنانی (الاصطبار)ـە، ھەروەک چۆن (التکسب) پێشەکیە بۆ(الاکتساب). بەردەوام خۆی ڕادەگرێ تاوەکو خۆڕاگری بەدەست دەھێنێت و دەبێتە موڵک و خەسڵەتی . بەڵام (المصابرة)، بریتیە لە وەستانەوەو بەرھەڵستی کردن لەڕووی ناحەزو نەیار و دوژمندا و لەمەیدانی ڕووبەڕوو بوونەوە و لەڕووی یەک وەستاندا ، بە سەبرو خۆڕاگری و پشوودرێژی و بەرگەگرتن و نەبەزین . چوونکە لەبابی (مفاعلة)یە و لەنێوان دوو کەس یاخود دوو دەستەو بەرە ڕوو دەدات ، لە یەکتر خوێندنەوە دەستپێدەکات بۆ یەکتر کوتان و ھێرشکردنە سەریەکتری :

( يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُواْ اصْبِرُواْ وَصَابِرُواْ وَرَابِطُواْ وَاتَّقُواْ اللّهَ لَعَلَّكُمْ تُفْلِحُونَ) آل عمران/ ٢٠٠

لەم ئایەتەدا خوای (متعال) بانگی باوەڕداران دەکات و فرمانیان پێدەکات بە خۆڕاگری (اصْبِرُواْ)، وە با سەبرو ئارامگرتن ببێتە حاڵتان و لەناختاندا بچەسپێت و ببنە (الصابر)، زیاد لەوەش ببنە پێشەنگ لەخۆڕاگری و پشوودرێژیدا (المێابرە)، کەئەمەیان حاڵەتی خۆڕاگریە لە بەرانبەر نەیاراندا، وە پێویستە لەوان زیاترو چاکتر خۆڕاگری بنوێنن.

بەدوای ئەوەشدا بەھیچ جۆرێک نابێت کەمتەرخەمی بنوێنن لە بەھێز ڕاگرتنی ڕیزەکانی ناووخۆتاندا تاوەکو شەیتان دزە نەکاتە ناوتانەوە ، ھەروەھا مەحکەمکردنی مەتەرێزو قوولە و سەنگەر و خاڵـی تەماس و لەڕووی یەک وەستان ، تاوەکو نەیاران و دوژمنان نەتوانن دزەبکەن و خۆیان بخزێننە ناوتانەوە. بۆ ئەم ھەمووە ئەرکە مەزنانە لەخوا بترسن و سنوور بەزێنی مەکەن ، ئاوا دەبنە براوەو سەرکەوتوو . لێرەوە دەتوانین دروست بەماناکانی سەبرو خۆڕاگری ئاشان ببین بە پێی دۆخ و شوێن و جۆری کارو ئەرک ، بەم شێوەیە:

گەر باس و خواست لەسەر گرتن و بەندکردن و پابەندکردنی نەفس و دەروون بوو لەبەرانبەر ئەزیەت و ئازاری موسیبەت و بەڵاێکدا ، ئەوە بە مانای خۆڕاگریە (الصبر). وە ئەگەر لەحاڵەتی وەستان و ڕووبەڕوو بوونەوە بوو بەرانبەر نەیارو دوژمن ، ئەوە بەواتای ئازایەتیە (الشجاعة). خۆ ئەگەر خۆگرتن بوو لە نەدرکاندنی ڕازو سپاردەدا، ئەوە بەمانای نھێنی پارێزیە (کتمان)، گەر خۆبواردن بوو لە زیادەڕۆیی و خەرجدا، ئەوە بە مانای نەویستن و خۆپەرێزیە (زھد).

وە ئەگەر دووری گرتن بوو لە ئارەزوو بازی ، ئەوە بە مانای پاکداوێنیە (عفة). گەر زاڵبوون بوو بە سەر ڕق و تووڕەیدا ، ئەوە بە واتای نەرم و نیانیە (الحلم). ناوی کۆکەرەوە بۆ ئەمانە ھەمووی بریتیە لە (الصبر)، ئا ئەوەیە کە دەوترێت مەقاماتی ئاینداری ، پەیوەستن بە سەبر و خۆڕاگری و پشوودرێژییەوە (الێبر). ئەو مەرتەبانەش ئەمانەن : (صابر ، مصطبر ، متصبّر ، صبور ، صبّار) .