وەبەرهێنان و کاریگەری لە سەر گەشەی ئابووری وڵات

پێش ئەوەی بچینە سەر کڕۆک و ناوەڕۆکی بابەتەکە، ئەخوازێ ئەوە بڵێین ئەگەر وڵاتێک بیەوێ ڕزگاری بێ لە هەژاری و دواکەوتوویی و ببێ بە وڵاتێکی گەشەسەندوو و بەهێز، دەبێ ژینگەیەکی ئارام فەراهەم بکا، شانبەشانی ئەمەش ئامادەکردنی سەرمایەی مرۆیش هیچی کەمتر نیە لە ژینگەیەکی ئارام، بۆ ئەوەی ببێتە سەرەتای دەروازەیەکی گونجاو بۆ هاتنی وەبەرهێنانی بیانی، وەبەرهێنان لەنگەر دەگرێ لە ناوچەیەک کە ئارامی باڵی کێشا بێ بە سەرییدا، بە پێچەوانەشەوە دەڕوا لە شوێنێک کە شڵەژانی چالاکی ئابووری و سیاسی هەبن، چونکە خاوەن سەرمایە ترسنۆکە نایەوێ ئەو دەستمایەیەی به هەوڵ و کۆششێکی ماوە درێژ بە دەستیهێناوە، لە ماوەیەکی کەمدا لە دەستی بدا، ئەمەش مافی سروشتی خۆیەتی، هەر وەکو چۆن کەشتی ناچێتە ناو دەریایەک کە شەپۆلەکانی بەهێز بن، و مەترسی لەناوچوونی هەبێ.

وەبەرهێنان چییە؟

وەبەرهێنان واتا وەگەڕخستنی پارە لە پڕۆژەکان و بازرگانیدا، لە پێناو دەستکەوتنی قازانج لە ئایندەیەکی دیاریکراودا.

لە حاڵەتی وەبەرهێناندا پارە نەزۆک نییە، هەمیشە بێچووی دەبێ، ئەو بێجووەش بێچوویتری دەبێ، لەکۆتاییدا وردە وردە لە بڕێکی کەمەوە دەگاتە ڕێژەیەکی زۆر، هەروەکو نمونەی زیادبوونی ئاژەڵداری و دانەوێڵە.

کۆمەڵێک فاکتەر و ڕۆڵ کاریگەرییان هەیە لە سەری، ئەگەر ئەوان ئیجابی بوون، ئەمیش وەڵامی ئیجابی دەبێ، بەپێچەوانەشەوە هەر ڕاستە، ئێمە بەکورتی باسی سێ هۆکار دەکەین چونکە زۆربەی هۆکارەکانیتریش پەیوەستن بەئەمانەوە، بەواتایەکیتر ئەم سێ هۆکارە سەرەکیترینیانن.

یەکەم: سەقامگیری سیاسی: سەقامگیری ڕامیاری ڕۆڵێکی گەورە و کاریگەری لەسەر وەبەرهێنان و وەبەرهێنەکان هەیە، ئەمەش وەستاوەتە سەر پلەی مەترسی ئەو ڕامیارییە کە لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکییتر ئەم پلەیە جیاوازە، پێوەری ئەم مەترسیەش کەوتۆتە سەر چەند هۆکارێک، بۆ نمونە ئاڵۆگۆڕی دەسەڵات و شێوازی بەڕێوبردن و جۆری ئەو سیستەمە کە پەیڕەو دەکرێ، لەگەڵ ئەوەدا پەیوەندی لەگەڵ دەوڵەتانی دراوسێ لە چ حاڵەتێکدایە، ڕۆڵی لە سەر ئاستی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی لە ڕووی پێگەی سیاسییەوە، هۆکاری ناوخۆیی سیاسی و هۆکارە نێودەوڵەتییەکان، پەیکەربەندی کۆمەڵایەتی لە ڕووی ڕۆشنبیریی و ئایینی و کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسی، ڕۆڵی خۆیان هەیە لە سەر سەقامگیری.

ئەگەر چاوێک بگێڕی بە مێژووی سیاسی عێراقدا، ئەوا زۆر کەم سەقامگیری ڕامیاریت بەرچاو دەکەوێ، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە پێکهاتەی عێراق هەمە چەشنە لە ڕووی ئایینی و نەتەوەییەوە، کە ڕێگا خۆشدەکات بۆ ململانێی سیاسیی ناوخۆی و دواجاریش تەدەخولکردنی دەوڵەتانیتر ئاسان دەکا، بارودۆخی عێراق لەدوای ڕووخاندنی ڕژێمی پێشووەوە بە تەواوتی شێوا، سەرجەمی ئەمانەی باسکران دەرفەت نادەن پرۆسەی وەبەرهێنان جێبەجێ بکرێت.

دووەم: هۆکاری سەقامگیری ئابووری: هەندێک ئاماژە و پێوەر هەن بۆ ئەوەی ئاستی ئابووری وڵات نیشان بدەن، کەئایا لە چ بارودۆخێکدایە، کە دەوترێ سەقامگیری ئابووری پێویست دەکا دۆخی ئابووری وڵات هاوسەنگبێ بەلای کەمەوە، دوو دۆخمان هەیە سەقامگیری ئەشێوێنن، ئەوانیش هەڵاوسان و داکشانەوەیە، ئەگەر دەوڵەت لە دۆخی هەڵاوساندا بێت ئەوا بەردەوام نرخ بەرزبێتەوە بۆ ماوەیەکی زۆر بە شێوەیەکی ناسروشتی، ئەمەش بێگومان بۆ خۆی شوێنەوار دروستدەکات لەسەر چالاکی ئابووری، کاتێ کە خاوەن پرۆژەکان نەزانن تێچووی پرۆژەکانیان لە کۆتاییدا چەندە، لە دۆخی داکشانەوەشدا بە هەمان شێوە کاریگەری دروستدەکا، چونکە خواست کەمدەکات لەم حاڵەتەدا، سوودی چییە ئەگەر خاوەن وەبەرهێنەکان خستنەڕوو بکەن لە کاتێکدا کڕیاری نەبێ، بەتایبەتیش ئەگەر هۆکاری دروستبوونەکەی ڕامیاری بێت.

ڕێژەی نرخی سوو کاریگەری بۆ کۆی چالاکی ئابووری دروست دەکا، بەتایبەتیش بۆ ئەو وڵاتانەی کە پەیڕەوی ئابووری ئیسلام ناکەن، وە پەیوەندەییەکی پێچەوانەی هەیە لەگەڵ وەبەرهێنان، لە بەرئەوەی تێچوون زیاد دەکا.

سێیەم: ژێرخانی ئابووری: وڵاتێک کە ڕێگا و بان و ئاو و کارەبا و ئەنتەرنێت ...هتد، باش و گونجا نەبوون، لە دۆخێکی ئاوادا دەرفەتی کەمتر دەرخسێنێ بۆ سەرمایەی بیانی و ناوخۆیی، کە ئامادەی بەگەڕخستنی سەرمایەکانیان بن لە شوێنێک ئەگەر ئاسانکاری ژێرخانی ئابوورییان بۆ نەکرێ، بۆیە پێویستە هەموو وڵاتێک پێش ئەوەی بانگهێشتی خاوەن وەبەرهێنەکان بکات بۆ ناو وڵاتەکەی زەروورە لە پێشدا ئەم کێشانەی چارەسەر کردبێت.

وەبەرهێنان و کاریگەری لەسەر گەشەکردن: گەشەپێدان بەکورتی بەمانای زیادبوون دێت، وەبەرهێنانیش بە واتای بەگەرخستنی دووبارە دێت، لە ڕێگەی پرۆسەی وەبەرهێنانەوە ئەو شتانەی کە هەن پێویستە زیاتر بکرێن، بۆ ئەمەش پێویستی بە دووبارە بەگەڕخستنەوە هەیە تاوەکو ڕێژەیان زیاتر بکرێ، هەروەها پێداوێستییەکانی کۆمەڵگە دابین بکات کە ڕۆژانە زیاد دەکا.

ڕاستە ئێستا گەشەکردن گەیشتۆتە لوتکە، بەردەوامیشە لە ڕووی چەندایەتی و چۆنایەتییەوە، بەڵام ئەزمووونی ڕاستەقینەیی جیهان ئەوەی سەلماند کە گەشەپێدانی ئابووری تەنها بەزۆرکردنی ڕێژە نابێ، کارکردن لەسەر ئەو دروشمە هەموو شتێک لە پێناوی ئابووری، ئابووریش لە پێناوی بەدەستهێنانی خۆشگوزەرانی، فیعلەن بە ڕووخسار کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی لە خۆشگوزەرانییدایە، بەڵام ئایا ئەمە حەقیقەتە یان نا؟ بەڕای ئێمە هەر خۆشگوزەرانییەک لەسەر حیسابی تێکچوونی تەوازونی ژیان بێت مانای نییە.

وەبەرهێنان کۆڵەکەی پێشکەوتنی زۆربەی دەوڵەتەکانە، ئەمڕۆ زۆربەی ئەو وڵاتانەی ئێستا بە وڵاتانی گەشەسەندوو ناسراون لەسەر ئاستی جیهان، بێگومان لە هەنگاوی وەبەرهێنانەوە دەستیان پێکرد، ئەگەر کوردستان دەیەوێت گەشەسەندوو بێت لەداهاتوودا پێویستە درک بەوە بکات تەنیا هەبوونی دەرامەتی سروشتی کیفایەت نییە، ئەگەر لە بواری وەبەرهێناندا گەشە نەکات.