ڕیـزبـەنـدی لـەئـەرکوئـاکـامـدا

    گلێربوونەوەو دامەزراوی لەسەر ھیدایەت ، وە ڕێکردنی کۆمەڵێکی ڕێکخراو بەنێو ڕێگەو ڕێبازی ڕاستدا ، ئەمە بەڵگەیە لەسەر ھێزو قووەت ، گەر ڕاگوزەر زۆربووحەتمەن دڵگەرمی زۆرو دامەزراوی بەھێز دەبێت ، ڕاگوزەر بە تەنیایی تووشی لاوازی دەبێت ، ورە بەردەدات و دەکەوێ و نەیار بەردەبێتە گیانی ، کەواتە ھەرجارەی کە  ڕاگوزەر زۆربوون ؛ ئارامی و دڵنیایش پەرە دەسێنێت .

 پێکەوەیی ڕەحمەت و نیعمەتە ، ھەروەک پەرتەوازەیی ئازارو مەینەتە ، سرووشتی مرۆڤ پێکەوەیی پێخۆشە ، لەبەر ئەوەیە وەحی جەختی لەسەر ئەم ڕاستیە کردۆتەوە و فەرموویەتی: (تِلْكَ حُدُودُ اللَّهِ وَمَن يُطِعِ اللَّهَ وَرَسُولَهُ يُدْخِلْهُ جَنَّاتٍ تَجْرِي مِن تَحْتِهَا الأَنْهَارُ خَالِدِينَ فِيهَا وَذَلِكَ الْفَوْزُ الْعَظِيمُ/ النساء: 13) . وشەی (خالدین) بە دەستەواژەی کۆ ھاتووە ، لەبەرئەوەی باوەڕداران لە بەھەشتدا چێژ دەبەن لە پێکەوەیی و بە یەکۆ ژیان .

   کەچی دەربارەی دۆزەخیەکان فەرموویەتی: (وَمَن يَعْصِ اللَّهَ وَرَسُولَهُ وَيَتَعَدَّ حُدُودَهُ يُدْخِلْهُ نَارًا خَالِدًا فِيهَا وَلَهُ عَذَابٌ مُّهِينٌ/ النساء: 14) . وشەی (خالدا) بە دەستەواژەی تاک ھاتووە ، ئەمە بەڵگەیە لەسەر ئەوەی بۆ بێباوەڕانی ستەمکار لەگەڵ ئەشکەنجەی ئاگردا ئازاری تەنیایش زیاد دەکرێ.

  لە نموونەی ئەو (الاستعانة)یە داوای ڕێنوێنی کردنە بۆ سەر ڕێگە ڕاستەکە، ڕێبازی ئەوانەی کە خوای متعال نیعمەتی خۆی بەخشی پێیان بەھۆی گرتنەبەری ڕێی ڕاستەوە: (صِرَاطَ الَّذِينَ أَنْعَمْتَ عَلَيْهِمْ )، کە بریتی بوون لەچوار دەســتە: (وَلَهَدَيْنَاهُمْ صِرَاطًا مُّسْتَقِيمًاوَمَن يُطِعِ اللَّهَ وَالرَّسُولَ فَأُولَئِكَ مَعَ الَّذِينَ أَنْعَمَ اللَّهُ عَلَيْهِم مِّنَ النَّبِيِّينَ وَالصِّدِّيقِينَ وَالشُّهَدَاء وَالصَّالِحِينَ وَحَسُنَ أُوْلَئِكَ رَفِيقًا/ النساء: 68، 69) .  بە کرداری تێپەڕ (أنعمت) ھێناویەتی ، حەتمیەو بڕاوەتەوە چ ئەوانەی پێشو وە چ ئەوانەی دوای ئەوان کە دێن. پێچەوانەی ڕێکردنی ئەمان تاقمی خەشم لێگیراوان و گومڕایانن: (غَيْرِ الْمَغْضُوبِ عَلَيْهِمْ وَلَا الضَّالِّينَ).

 وشەی (الصراط) ئاماژەیە بۆ گشتگیری و پانتایی، واتە ڕێگایەکی ئەوەندە فراوان و بەرینە ھەمووان بە ئاسانی پیایدا تێدەپەڕن و گوزەردەکەن، رێگای گشت حەق و مافە ڕەواکان ، ئاکارە بەرزو جوانەکان ، نازو نیعمەتە بە نرخ و بەردەوامەکان. وشەی (الصراط) تاکەو دووجار کراوە بە ناسراو (معرفة) ، بە(أل ـ الصراط) ، وە بە (مضافة ـ صراط الذِين) . ھەروەھا وەسف کراوە بە (الاستقامة)،  ئا ئەمە ئاماژەیەکی ڕوونە کە ڕێگای ڕاست یەکێکەو نابێت بە دووان . (مستقیم) کورترین و نزیکترین ڕێگایە بۆ گەیشتن بە ڕەزامەندی خوای متعال : (إِنَّ رَبِّي عَلَىٰ صِرَاطٍ مُّسْتَقِيمٍ /هود: 56) . ( قَالَ هَٰذَا صِرَاطٌ عَلَيَّ مُسْتَقِيمٌ / الحجر : 41) .

 وشەی(الصراط) لە قورئانی موبارەکدا بە تاکھاتووە، بە پێچەوانەی وشەی(السبیل) کە بەتاک و کۆ ھاتووە، لەبەرئەوەی (الصراط) کراوەو بەرینە، خواروخێچی تیانیەو تەریبە لەگەڵ بەرژەوەندی مرۆڤدا، ڕاگوزاری کۆدەکاتەوەو لەپەرتەوازەیی دەیان پارێزێ: ( وَأَنَّ هَٰذَا صِرَاطِي مُسْتَقِيمًا فَاتَّبِعُوهُ وَلَا تَتَّبِعُوا السُّبُلَ فَتَفَرَّقَ بِكُمْ عَن سَبِيلِهِ  ذَٰلِكُمْ وَصَّاكُم بِهِ لَعَلَّكُمْ تَتَّقُونَ/ الأنعام: 153).

 جا ئەو مرۆڤانەی پێدەگەن و ئاوەزدارن لەڕووی ئەرک و بەرپرسیاریەوە دەبنە سێ دەستە:

  یەکەم : حەق دەناسن و پەیڕەوی لێ دەکەن بەپێی تواناو بۆ گونجان، ئەوانە براوەو سەرفرازن: (الَّذِينَ أَنْعَمْتَ عَلَيْهِمْ).

 دووەم : حەق دەناسن ، بەڵام جێبەجێی ناکەن ، ئەوانە بەر خەشم و تووڕەیی دەکەون : (غَيْرِ الْمَغْضُوبِ عَلَيْهِمْ).

 سێیەم : حەق ناناسن و ھەوڵی ناسینی نادەن ، سەرئەنجام سەرلێشواو دەبن : (وَلَا الضَّالِّينَ).

 بۆ دەستەی یەکەم (أنعمتَ)ی بەکار ھێناوە کە (فعل)ـە ، لەبەر ئەوەی کردار ڕوودەداتەوەو نوێ دەبێتەوە، وە نیعمەت تایبەتە بە (منعم) کە بەتەنھا (الله) بەخشندەیە. بەڵام بۆ دوو دەستەکەی تر (الاسم)ی بەکار ھێناوە (المغضوب ، الضالین)، ھەم گشتگیرەو وەھەم جێگیرو بەردەوام. تەنانەت وشەی (المغضوب) کە (اسم المفعول)ـە بۆ (مجھول)ـە، گشتگیری لێ وەردەگیرێ، خەشمی خواو فریشتەو مرۆڤ و نزیکان و ، بگرە ئەندامانی جەستەو پێستی خۆشیان دەگرێتەوە و شایەتیان لەسەر دەدەن و دووریان لێ دەگرن . 

   ھەروەھا لە جیاکردنەوەکەدا حەرفی (لا)ی بەکار ھێناوە، تاکو دڵنیایی بدات ئەو دوو دەستە چ پێکەوەبن یان بە تاک دوورن لە ڕێ ڕاستکە ، ھەروەک پێشخستنی (المغضوب) بەسەر (الضالین)دا بۆ ئەوەیە وەختێک ئەوان حەقیان ناسیوە بەڵام پەیڕەویان لێ نەکردوە ، دەی ئیتر زیاترو توندتر دووری گرتن بۆ ئەوانە .

وەیەکەم سەرپێچی لەم دەستەیە دەرکەوتووە کە شەیتانە ، لە مرۆڤیشدا کوشتنی کوڕی (ئادەم ـ عليه السلام)، لەلایەن براکەیەوە ، کە خوای متعال لەبارەیەوە ئەم بڕیارەی جێگیر کرد : ( وَمَن يَقْتُلْ مُؤْمِنًا مُّتَعَمِّدًا فَجَزَاؤُهُ جَهَنَّمُ خَالِدًا فِيهَا وَغَضِبَ اللَّهُ عَلَيْهِ وَلَعَنَهُ وَأَعَدَّ لَهُ عَذَابًا عَظِيمًا / النساء :93).

    بەو ھیوایەی لە ژیانماندا بەوپەڕی تێگەیشتن و ئامادەییەوە لەگەڵ ڕێنمایی و وانە پەروەردەییەکانی ئەم سورەتە عەزیمەدا بژین و درووست خۆمانی پێ پەروەردە بکەین، کە خوای متعال کرۆکی قورئانی تیا کۆکردۆتەوە ، وە ڕۆژانە چەندین جار لە نوێژەکانماندا و لە حزوری خاوەنەکەماندا دەیخوێنن ، گرنگە بە ئاگاییەوە لە ماناو مەبەستی وشەکان قووڵبینەوە ، چونکە ئاوا ئاسانتر دڵ مەیلی گەردنکەچی ھەیەو خۆڕسکانەو بە عیشقەوە مژوڵی ئەرکی خۆی دەبێت، وە سەرەنجام بەختەوەری ھەمیشەیی مسۆگەر دەکات.